کەمئاوی زیانێکی گەورەی بۆ سەر سامانی ماسی هەیە

  • 2-08-2018, 00:00
  • +A -A

    بەغدال سوها شێخلی وەرگێڕانی/ صباح کوردستان   وتەبێژی فەرمی بەناوی وەزارەتی کشتوکاڵ حەمید نایف بە رۆژنامەی "صباح"ی وت "بارودۆخی کەش وهەوا، وشکەساڵی و کەمئاوی لە سەرچاوەوە، هەروەها بەنداوی ئەلیسۆ رەهەندێکی گەورەی وەرگرتووە لە زیادبوونی ئەم کەمئاوییە، تا گەیشتە ئەوەی بەدەستییەوە بناڵێنین، ئەوەتا ئەمڕۆ لەبەردەم قەیرانێکی راستەقینەی ئاوداین   وشکەساڵی و کەمئاوی زۆربەی ناوچە ژیارییەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراقی گرتۆتەوە، و زیانێکی گەورەی بە سامانی ماسی گەیاندووە کە بە بەشێك لە ئاسایشی خۆراك دادەنرێت بەتایبەتی لەو شارانەی دەکەونە سەر لێواری رووبارەکان، ئەگەر زانیومانە سامانی ماسی بەتەنها واتای ئاسایشی خۆراك ناگەیەنێت بەڵکو پەیوەندی بە بەردەستبوون و فەراهەمکردنی دەستی کاریشەوە هەیە، کە لەیەكکاتدا خۆراك و پیشەیە، وەزارەتی کشتوکاڵیش هەوڵیداوە سنورێك بۆ مەترسییەکانی کەمئاوی دابنێت و سامانی ماسی بپارێزێت کە مێژووەکەی هەزاران ساڵە. لەوبارەیەوە راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ سامانی ئاژەڵ دکتۆر حوسێن عەلی سعود لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی "صباح" دەڵێت "کەمئاوی کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت بەسەر سامانی ماسی لە عێراقدا، پێشتر پەروەردەی ماسی لە نێو حەوزی قوڕیندا دەبوو کە لەنزیك رووبارەکان و لە ناوچە کشتوکاڵیەکاندا بوو، دەبووە هۆی کەمئاوی و گۆڕینی زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ خاکی خوێیاوی بەکەڵکی کشتوکاڵ نەدەهات، بەڵام بەهاوکاری رێکخراوەکان و شارەزایانی وەزارەت پشت بە شێوازێکی دیکەی بەخێوکردنی ماسی دەبەسترێت لە قەفەسی بەرز لەناو روباردا بەپێی دیسپلینی دیاریکراو کە وەزارەت پێشتر رایگەیاندووە، ئەم شێوازە بەفراوانی لە عێراق لە باکور و باشوریدا بڵاوبووەوە و بووەتە هۆی زیاتربوونێکی بەرچاوی بەرهەمی ماسی کە پێداویستییەکانی بازاڕ پڕدەکاتەوە". هەروەها روونیکردەوە کە "بەخێوکردنی ماسی لەناو قەفەزدا زۆر لایەنی پۆزەتیڤی هەیە، و لایەنی نێگەتیڤی کەمە وەك ئەوەی کاریگەری بەسەر رێڕەوی روباردا دەبێت، بەڵام ئەگەر بێتو رێنماییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ جێبەجێبکرێت ئەوا هیچ لایەنێکی نێگەتیڤی نابێت، و ئەو شێوازەش لەکاتی بەخێوکردندا بۆ نیوە کەم دەبێت، و بەهەمان شێوە بەکارهێنانی ئالیك و نەخۆشییە بڵاوەکانی تایبەت بە ماسیش بۆ نیوە کەمدەبنەوە، جەختیشیکردە سەر ئەوەی کەمئاوی بەشێوەیەکی فراوان کاریگەری بەسەر بەخێوکردنەکەدا دەبێت، و پێویستی بە بەرزبوونەوەیەکی دیاریکراوە روبار دەبێت بۆ ئەوەی خۆراك بە ماسییەکان بدرێت و لەو مەترسییانەی کە لە ئاسمانەوە دێن بپارێزرێن، ئەو ئەگەر کەمئاوییەکی زۆر رووی لە رووبارەکان کرد ئەوا زیانێکی گەورەی بۆ سەر ماسی دەبێت".       سیستمی داخراو راوێژکاری ناوبراو تیشکیش دەخاتە سەر ئەوەی ماسی بەتەنها بەدەست کەمئاوییەوە ناناڵێنێت بەڵکو نەخۆشی هەیە هەڕەشەی لێدەکات وەك نەخۆشییە ڤایرۆسیی و بەکتریاییەکان و میکرۆبی و نەخۆشییە فیتریەکانی، نەخۆشی ڤایرۆسی لەرێگەی هاوردەکردنی هەندێک جۆری ماسی وەك (سپرنگ فارمیما)وە هاتووە و فەرمانگەی ڤێرتنەری توانیویەتی ئەو نەخۆشییە دەستنیشان بکات و بەخێوکەرانی ئەم جۆرە ماسییە رابگرێت، کە کاریگەری خراپی هەیە بەسەر پێستی ماسی و دەبێتە هۆی لاوازی جوڵە و کەمی کێش، جەختیشدەکاتەوە کە کەمئاوی کارێکی کتوپڕ و لەناکاو نەبوو بەڵکو چەندین ساڵە هەیە". سعود ئەوەش دەڵێت "لەئیستادا سەرگەرمی بڵاوکردنەوەی رێگا و شێوازەکانی بەخێوکردنی ماسین، کە رێگەیەکی سیستمیی داخراوە، زۆرتر لە بەخێوکردنی مریشك دەچێت کە پێویستی بە رووبەرێکی دیاریکراوی نانزیك لە سەرچاوەی ئاودا هەیە، بەڵکو  ئاو بەهۆی ئۆتۆمبێڵی حەوزییەوە دەگوازێتەوە بۆ دەرەوەی رووبار، وەك ئەوەی لە ناو بێستانەکان یان ناوچە کشتوکاڵییەکاندا بیت، هەروەها لەوێ هۆڵێکی تایبەتی بەخێوکردن دەبێت ئامێرێکی تایبەتی بەرهەمهێنانی ئۆکسجین و ئامێرێکی پاککردنەوەی ئاو لەخۆبگرێت، بەڵام پێویستی بە کارەبای بەردەوام دەبێت، بەهەمان شێوەی بەخێوکردنی مریشك و پەلەوەر، هەروەها پێویستی بەپسپۆڕی بەرهەمهێنانی ئۆکسجین دەبیت بەئامێری پاککردنەوەی ئاو، بەهەمان شێوە پێویستی بە بڕێکی کەمی ئاو دەبێت و رووبەری حەوزەکان 10 بە 10 مەتر دەبێت، و ئەم شێوازە سادەیە پێویستی بە حەوزی قوڕین و قەفەز نابێت، دەکرێ بەخێوکەران لە کێڵگەی سوەیرەی سەر بە فەرمانگەی سامانی ئاژەڵ بیبینن، کە دوو سامپڵی تێدایە یەکێکیان چینی و ئەوەی تریان ئەمریکییە، بەڵام لای ئێمە چینیەکە سەرکەوتوو بووە، و بەرەوپێشبراوە و حەوزەکانیش ژمارەیەکی زۆرتری ماسی لەخۆدەگرن، زیاتر لەوەی کۆماپنیا بەرهەمهێنەرەکان دەستنیشانیان کردووە. ماسی دەریایی دەربارەی ئەو رێژەیەی کە ئەو پڕۆژانە بۆ پێداویستی ناوخۆ رووماڵی دەکەن، راوێژکاری ناوبراو هێما بۆ ئەوە دەکات "بەپێی سەردانی بازاڕەکان و ئەو ئامارانەی کە ئەنجامدراون بڕی 80-90% ی پێداویستی بازاڕ پڕدەکەنەوە، بەشێوەیەك بەخێوکەران ئێستا خەریکن بیر لەوە دەکەنەوە ماسی بنێرنە وڵاتانی دراوسێ. دکتۆر سعود باس لەوە دەکات کە '"ماسییە دەریاییە هاوردەکراوەکان لەلایەن هاووڵاتیانی عێراقییەوە پێشوازی گەرمی لێناکرێت چونکە دەمێکە  لەسەر ماسی ناوخۆیی فرێش راهاتووە، بەسرە بەکاری دەهێنێت چونکە دەکەوێتە سەر دەریا و پێشتر کۆمپانیای ماسی گرتنی دەریایی هەبووە، بەڵام لەدەرەنجامی شەڕەکان و داخستنی بەندەرەکان و ئەو کێشانەی کە لە ساڵی ١٩٨٠ەوە دەستیانپێکرد لەماوەی شەڕی عێراق ئێراندا بووەتە هۆی وەستانی پرۆسەی راوکردن، بگرە جوڵەی راوکردن زۆر سنووردارکراوە چونکە عێراق لەناو ئاوی ئیقلیمیدایە، بەهۆی دەستنیشاننەکردنی ناوچەیەکی تایبەت بە ماسیگرتن، راوچیانی ماسی رووبەڕووی کێشە دەبنەوە لەکاتی تێپەڕبوونیان بەنێو ئاوی هەرێمی وڵاتانی دراوسێدا. راوێژکارەکە باس لەوەش دەکات وەزارەت راوکردنی ماسی لە وەرزی زۆربوونیاندا کە وەرزی بەهارە قەدەغەکردووە، بۆئەوەی دایکانیان بمێنن،و ماسییە بچووکەکانیش تا ئەوکاتەی کێشیان دەگاتە ئاستێك بەکەڵکی راوکردن بێت و سودی بۆ راوچی هەبێت"، هەروەها وتی "تۆڕێ تایبەت بە ماسیگرتن بەپێی یاسا رێکخراوە، بەشێوەیەك دەبێ بەو ئەندازەیە گەورە بێت ماسی بچووك نەگرێت، و لەناو رووباردا بمێنێتەوە تا ئەو کاتەی کێشی دەگاتە ئاستی بڕیارلێدراوی راوکردنی، و راوچییەکانیش ئاگادارکراونەتەوە بەو رێنماییانە پابەندبن کە لەلایەن فەرمانگەی سامانی ئاژەڵەوە دەردەکرێن و لە وەزارەتیش یاسای کارپێکراومان هەیە جۆری کونی تۆڕەکان دەستنیشان دەکات و رێگری دەکات لە راوکردنی ماسی بە ئامرازی کارەبا یان بەکارهێنانی ماددەی ژەهراویکردن و دەرمانی بکوژ و تەقەمەنییەکان، چونکە ئەم شێوازانە تەواوی سامانی ماسی لەناودەبات و کاریگەری خراپی بۆ سەر ئابوری وڵات و ژینگە دەبێت. دکتۆر سعود ئەوەشی وت کە "وەزارەتی کشتوکاڵ سەرپەرشتی بەخێوکردنی ماسی کەرتی تایبەت دەکات لە رێگەی فەرمانگەی سامانی ئاژەڵییەوە، هەروەها وەزارەت لە بەندەرەکانی فاو و بەسرەدا بنکەیەکی خزمەتگوزاری هەبووە، هاوکات لەرێگەی فەراهەمکردنی هەندێك پێداویستییەوە هاوکاری راوچییان دەکات و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتدا هەیە بۆ پێدانی سوتەمەنی بە بەلەم و قایقەکانی راوکردن، و لە ناوچەی میناشدا شوێنێکی هەیە بۆ نمایشکردنی سەرمایەگوزاریی، کە کارگەی بەفر و کارگەی بەستنی ماسی و ویستگەی سوتەمەنی بۆ قایەقەکان لەخۆدەگرێت، هەروەها سەنتەرێکی تایبەتی پێدانی تۆڕ بە راوچیانی ماسی هەیە". ئاماژەشیدا بەوەی کە ئێستا نرخی یەك کیلۆ ماسی فرێش لە  5،4 -5،3 هەزار دینار زیاتر نییە، و ئەگەر خستنەڕوو فەراهەم بێت نرخەکە کەم دەبێتەوە، جەختیشیکردەوە کە ماسی خۆراکێکی سەرەکییە بۆ هەموو تەمەنێك، و خواردنیشی کاریگەری بەسەر دڵ و جومگەکان نابێت، تەواوکەری خۆراکییە و تەواوی پێداویستییەکانی لەش دابین دەکات، پێداویستی وەك کانزاکان و پرۆتین و ڤیتامین و فسفۆڕ، بەڵام ماسی روبار ماددەی یۆدی تێدا نییە، ئەم ماددەیەش لە خوێدا هەیە". قەیرانی ئاو وتەبێژی فەرمی بەناوی وەزارەتی کشتوکاڵ حەمید نایف بە رۆژنامەی "صباح"ی وت "بارودۆخی کەش وهەوا، وشکەساڵی و کەمئاوی لە سەرچاوەوە، هەروەها بەنداوی ئەلیسۆ رەهەندێکی گەورەی وەرگرتووە لە زیادبوونی ئەم کەمئاوییە، تا گەیشتە ئەوەی بەدەستییەوە بناڵێنین، ئەوەتا ئەمڕۆ لەبەردەم قەیرانێکی راستەقینەی ئاوداین، ئەمەش زیانە بە کاری بەخێوکردنی سامانی ماسی، و خەریکە دەردەکەوێت کەمبوونی ئاو کاریگەری خراپی بۆسەر بەخێوکردنی ماسی دەبێت واتا سەرەتا کاریگەری بەسەر پرۆسەی بەرهەمهێنانی دەبێت و دواتر بەسەر دەستی کار کە لەم بوارەدا کاردەکەن، جەختیشیکردەوە کەمئاوییەکە کاریگەری بەسەر بەرهەمهێنان دەبێت بەڵام هیوادارین لە شوێنی دیکە قەرەبوی بکەینەوە و لە ناوچەی دوورە کەمئاویدا ماسی بەخێوبکەین، ناوچەکانی سەڵاحەدین و ئەنباڕ ئاویان هەیە، ئەو ناوچانەی کە کەوتوونەتە ژێر کاریگەری کەمئاوی ناوچەی فوڕاتی ناوەڕاست و ناوچەی ناوەڕاستە و بەو هیوایەی لەدوای وتوێژکردن لەگەڵ تورکیا و ئێراندا پشکی ئاوی خۆیان بۆ فەراهەم بێت. تەئکیدیشی کردەوە کە سامانی ماسی گرنگی و بایەخی زۆری هەیە لە کۆمەڵگای عێراقیدا بەو پێیەی زۆربەی شارەکانی سەر رووبارەکان لە باشووردا سەرگەرمی کار و پیشەی ماسیگرین، ماسییەکان خۆراك و پیشەن، و ئێمەیش وەك وەزارەت پەیوەندیدارین بە سامانی ماسی چونکە لەریزی لیستی ئاسایشی خۆراکدایە، بۆیە وەزارەت بەباشی پاڵپشتی ئەم کەرتەی کردووە، لەوانە تەکنیکی قەفەزی ناو رووبار کە نەتەوە یەکگرتووەکان بەهاوکاری وەزارەت پاڵپشت و یارمەتیدەرە و ئێستا ئەو قەفەزانە لای بەخێوکەرانی ماسی باون،و هێماشی بۆ ئەوەکرد کە "بەرهەمی خۆماڵی بەشی بازاڕی ناوخۆ دەکات، و هاوردەکردنی ماسیش لە دەرەوە قەدەغەکراوە، بەڵام ئەگەر کەمئاوی بەردەوام بێت نرخی ماسی بەرزدەبێتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە سوورین لەسەر پاڵپشتیکردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆ بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ئاسایشی خۆراك لە ماسیدا، روونیشیکردەوە کە رۆڵی وەزارەت بریتییە لە فەراهەمکردنی ئالیك بەپشکی زیادەوە، هەروەها  دابینکردنی ڤاکسین و دەرمانی کوشتنی مێش و مەگەز".