دۆزەخ یان بەهەشتی گومان؟

  • 8-06-2018, 00:00
  • +A -A

    دەستەواژەکەی ئەمانوێل کانت لەبارەی متبوونی هزریی‌و دۆگمایانە، نمونەیەکە بۆ ئێرە باشە. ئەو فەیلەسوفە لەبەر ڕۆشنایی ئەو زانینانەدا کە بەدەستی هێناون، پێداچوونەوەی بۆ خۆی کردووە. ڕەنگە یەکێک لە هۆیەکانی بزریی ئەم درامایەو ململانێکانی لە کەلتوری ئێمە، بریتی بێت لە دیدی ئاسۆییانەی لیریکییانەمان بۆ جیهان و مێژوو. خەیری مەنسور و/صباح کوردستان دوای چەندین سەدە لە ئیبن خەلدون و تیۆرەکەی لە بەراوردکردنی گێڕانەوە مێژووییەکان ‌تا لەڕێی بەڵگەکانەوە ئەوەیان پەسەند بکات کە لەهەموویان زیاتر لە ڕاستییەوە نزیکە. هەروەها دوای چەند سەدەیەک لە دێکارت‌و وتە نێودارەکەی "من بیردەکەمەوە، کەواتە من هەم"، هەروەها دوای سەدەیەک لە خوێندنەوەکەی تەها حوسەین بۆ شیعری جاهیلی، کە تێیدا سود لە گومانی دێکارتییانە وەرگرتبوو.. کەچی لە ئێستادا دەستەواژەی لەمجۆرە دەخوێنینەوە: دوو کەس لە سەری ناکۆک نین، یان هیچ گومانی تێدا نیە. ئەمانە ئەم یەقینەیان لەکوێ بوو، چۆن ئاوا ئەقڵیان قایل بووە؟ ڕەنگە گومان دۆزەخ بێت، چونکە پرسیاری نەبڕاوەیە، قبوڵنەکردنی هیچ وەڵامێکە بەوەی کۆتایی‌و یەکلاییکەرەوە بێت، بەڵام یەقینیش بەهەشت نیە، تەنانەت ئەگەر ئەوانەی پاڵیان پێوە داوە، خۆیان وا هەست بکەن. ئەقڵیش دووچاری جۆرەها دەسبەسەرکردن دەبێت، لەوانەیە بە بڕیارێکی پێشوەخت‌و بۆ هەڵاتن لە ئازادی، ماڵیی ببێت‌و خۆی لەهەموو چالاکیی‌و بزێوییەکانی گومانی میتۆدییانە بدزێتەوە. ئەوانەی ئەمجۆرە قسانە دەڵێنەوە، ڕەنگە نەزانن یان خۆیان گێل بکەن لەوەی کە مرۆڤ تەنانەت لەگەڵ خودی خۆشیدا ناکۆک دەبێت، ڕەخنە لە ڕاو بۆچوونەکانی خۆی دەگرێت، دەیەوێت لەخۆی تێبپەڕێت‌و بگاتە جێگای تر، ڕێک وەک ئەوەی فەیلەسوفان کردوویانە، کە ڕاوەستاون بۆ تێڕامان لەوەی ئەنجامیان داوەو ئەزمونیان کردووە. دەستەواژەکەی ئەمانوێل کانت لەبارەی متبوونی هزریی‌و دۆگمایانە، نمونەیەکە بۆ ئێرە باشە. ئەو فەیلەسوفە لەبەر ڕۆشنایی ئەو زانینانەدا کە بەدەستی هێناون، پێداچوونەوەی بۆ خۆی کردووە. ڕەنگە یەکێک لە هۆیەکانی بزریی ئەم درامایەو ململانێکانی لە کەلتوری ئێمە، بریتی بێت لە دیدی ئاسۆییانەی لیریکییانەمان بۆ جیهان و مێژوو. گومان بە هەردوو ڕەهەندە میتۆدی و مەعریفییەکەیەوە ڕووبەڕووی ناڕەزایی‌و بێزراندنی سەردەمی خۆی دەبێتەوە، وەک چۆن لە میسر لەگەڵ کتێبەکەی تەها حسێندا لەبارەی شیعری جاهیلییەوە کرا، کتێبەکە دەسبەسەرکرا، کەچی دوای چەند دەهەیەک جار لەدوای جار چاپ کرایەوە، ئەوەی لەسەردەمی بڵاوبوونەوەیدا بە ئابڕووچوون دادەنرا، لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا بوو بە فەزڵ‌و چاکە. لەوانەیە ململانێی کاتیی نێوان کەلتوری گومانی میتۆدی و کەلتوری وەڵامە لەقوتونراوە حازر بەدەستەکاندا، یەکێک بێت لە سەختترین ململانێکانی مێژووی هزری مرۆیی، ئەگەر شەڕەکە لە بەرژەوەندیی یەقیندا بشکایەتەوەو گومان ببەزییایە، ئەوە ئەقڵی مرۆیی نەدەگەیشتە ئەم ئاستەی ئێستای. چونکە گومان پاڵمان پێوە دەنێت بەدوای بەڵگەو دەستاوێژەکاندا بگەڕێین، هەر ئەمەشە کە ئیبن خەلدون لە خوێندنەوەکەیدا بۆ مێژوو کردوویەتی، کە پێشتر کەس بەوجۆرە نەیخوێندۆتەوە. ئەو درکی بەوە کردبوو کە هەواو هەوەس و بەرژەوەندییەکان کۆنترۆڵی گێڕەرەوەکان دەکەن، لەبەرئەوە تەنها ئەوەیان کە بەڵگەو ئاماژەو دەستاوێژە جۆراوجۆرەکان لە بەرژەوەندیی ئەودا دەشکێنەوە، قابیلی پەسەندکردن و بڕواپێکردنە. وەک ئێریک فرۆم دەڵێت، هەندێک لە ئازادی ڕادەکەن و لێی دەترسن، بەرگەگرتنی گومانیش لە توانای هەموواندا نیە، چونکە ئەوە کارێکی سەخت‌و تاقەت پڕوکێنە، بریتییە لە هەڵکۆڵین و قووڵکردنەوەی بێکۆتایی، پرسیاری زیاتر و زیاتر کە لەگەل یەکترییدا زاوزێ دەکەن و پرسیاری دیکە دەخەنەوە. بۆ نمونە، کاتێک لەبارەی هەرەسهێنانی ڕۆمانەکانەوە دەخوێنینەوە، دەبینین خوێندنەوەی مێژوونووسان بۆ ئەم ڕووداوە بەپێی بەرزی و نزمی ئاستی هوشیارییان، دەگۆڕێت. لای هەندێکیان مەسەلەکە ئەوەندە سادە دەکرێتەوەو بە ڕووکەشیی وەردەگیرێت کە دەڵیت: ئەگەر لەو سەردەمەدا پەنسلین هەبووایە، ئەوە ڕووخانی ئیمپراتۆرییەتەکە دوادەکەوت. لای خۆشمان نمونەی ئەمەمان زۆرە، وەک لێکۆڵینەوەی هۆیەکانی ڕمانی هەردوو دەوڵەتی ئەمەوی و عەباسی، یان دواتر لەبەریەک هەڵوەشانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، بێگومان داڕمانی یەکێتی سۆڤێتیش لەهەمان چوارچێوە دەرناچیت. هۆ و سۆنگەکانی مێژوونووسە جیاجیاکان، کە لەڕووی ئایدیۆلۆژییەوە جیاوازیی لەنێوانیاندا هەیە، دەگاتە ئاستی زێدەڕۆییکردن لە کورتگەرایی‌و سادەکردنەوەدا. قسەیەکی نێودار لە مێژوونوسێكی هاوچەرخ دەگێڕنەوە: لەیەکێتی سۆڤێت، نەبوونی کەسی گونجاو لە شوێنی گونجاودا، بووە هۆی داڕمانی ئیمپراتۆرییەتەکە. هەندێجار شیکردنەوەی وەها بۆ دیاردە گەورەو یەکلاییکەرەوەکانی مێژوو دەکرێت، کە شایستەی گاڵتەپێکردنە؛ چونکە ئارەزووەکانی خۆیان و دانەپاڵە دەرونی و ئایدیۆلۆژییەکانی نوسەرەکانیان پێوە دیارە، ئەوانە بەجۆرێک مێژوو بەرهەم دەهێننەوە کە لەگەڵ خواست و نیازەکانی خۆیاند بسازێت. کەلتوریی یەقین بەجۆرێکە کە مەسەلەکە بۆ تەنانەت کەسانی پڕ لە گرێ‌و گۆڵ و ئیشکالیی وەک بیسمارکیش یەکلایی دەکاتەوە، یەکێک لە مێژوونووسەکان وتوویەتی، زیاتر لە بیست بیسمارکمان هەیە، مەبەستی لەو کتێبانەیە کە باسی ئەو کەسێتییە دەکەن. کاتێک کەسێتییەکە دەبێتە چەند دانەیەک، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە ئەوانەی کاریان تێدا کردووە، بەپێی گۆڕانی میتۆد و ئارەزووەکانیان خەریکی بوون، بۆیە دەبینین خەڵکانێک هەن داکۆکیان لە ستەمکاران کردووەو هەوڵیانداوە پاساویان بۆ بهێننەوەو ئەستۆپاکییان بسەلمێنن، گەرچی کۆڕاییەک هەیە بۆ ئەوەی لە خانەی خراپەکارە ڕەهاکاندا دابنرێن. ئەم پرسە، ملکەچی دەسکەوت و داهێنانەکانی سایکۆلۆژیای نوێیە، کە چەندین گۆشەی ناخی مرۆڤی ڕۆشن کردۆتەوە کە جاران تاریک‌و نوتەک بوو، دوو نموونەی زۆر باشمان بۆ ئەم مەبەستە لەکەلتوری عەرەبییدا هەیە، کە جەخت دەکەن لەسەر مامەڵەی کەموکورتی خەڵک سەبارەت بە کاری ئەوانیتر: ئەوەی تەها حسێن لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا نوسی، تا ڕادەیەکی زۆر لەژێر کاریگەریی ماگیلۆتی خۆرەڵاتناسدا بوو، کە پێش کتێبەکەی تەها حسێن لەبارەی شیعری جاهیلییەوە، بڵاوکراوەتەوەو کەس لەسەری ڕانەوەستاوە. نمونەی دووهەمیش ئەوەیە کە کتێبی ڕەخنەگرتن لە هزری دینی، کە نوسەرەکەی سادق عەزەمی کۆچکردووە، بەتایبەتی لە نەسکی مەرگەساتی ئیبلیسدا، ئەم نەسکەیان چەند ساڵێک پێش بڵاوکردنەوەی کتێبەکە، لە گۆڤارێکدا خراوەتە بەرچاو بێ ئەوەی سەرنجی کەس ڕابکێشێت، ئەمەش پێمان دەڵێت کە لەمجۆرە حاڵەتانەدا، ئەوە ئامادەکاریی‌و بڕیاری پێشوەختە کە کۆنترۆڵی هەڵوێستەکان دەکات. بەڵام، ئایا ئەوە ئایرۆنییەکی گەورە نیە، بگرە ئایا ئابڕووچوونێکی هزریی نیە کە لەم ڕۆژانەی خۆماندا دەستەواژەگەلی وەک: دوو کەس لەسەری ناکۆک نین، هیچ گومانێکی تێدا نیە... بخوێنینەوە!