ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە گرژییەكانی سەر سنوری ئۆكرانیا كۆدەبێتەوە

جیهانی
  • 1-02-2022, 10:00
  • +A -A

    بەدواداچون ـ INA

    ئەنجومەنی ئاسایشی سەربە نەتەوەیەكگرتوەكان سەبارەت بە گرژییەكانی سنوری ئۆكرانیا كۆبوەوەو نوێنەری ئەمەریکا  رایگەیاند: مۆسکۆ پلانی داگیرکردنی ئۆکرانیای هەیە، روسیاش ئەوە ڕەتدەکاتەوە.
    لەمیانەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمەریکا و ڕووسیا ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە سەبارەت بەوەی ئەمەریکا دەڵێت مۆسکۆ پلانی داگیرکردنی ئۆکرانیای هەیە. بەڵام کرێملن ئەوە ڕەتدەکاتەوە.
تۆماس گرینفیڵد باڵیۆزی ئەمەریکا لەنەتەوەیەکگرتووەکان وتی: ئەو بارودۆخەی لە ئەوروپا ڕووبەڕوومان بۆتەوە مەترسیدارە، مەترسییەکانی سەر ئۆکرانیا و سەرجەم وڵاتانی ئەندامیش لە نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر گەورەیە.
ئاشكراشیكرد: لە ماوەی چەند دەیەیەکی ڕابردوودا ئەمە گەورەترین بڵاوکردنەوەی هێزە لە ئەوروپادا، لەم کاتەشدا کە قسە دەکەین ڕووسیا هێز و چەکی زیاتر ڕەوانەی سنوورەکە دەکات.
    ئاماژەی بۆئەوەشكرد: دوژمنکارییەکانی ڕووسیا هەڕەشەیە بۆ سەر ئۆکرانیا و ئەوروپا و یاسا نێودەوڵەتیەکان.
لەبەرامبەردا  ڤاسێلی نیبینزیا باڵیۆزی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: ڕووسیا لەوە ناترسێت باسی کێشەکە بکات، بەڵام لەوە تێناگات بۆچی گفتوگۆکردنی ئەنجومەنەکە پێویستبووە.
وتیشی: پێشتریش چەند جارێک هێزمان لەسەر خاکی خۆمان جووڵاندووە و نەبووەتە هۆی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێ، بەڵام ئەمریكاو و ئەوروپا بەشێوەیەک ڕەفتار دەکەن کە داگیرکردنەکە ڕوویدابێت و هیچ بەڵگەیەکیشیان پیشان نەداوە لەسەر ئەوەی پلانی داگیرکردن هەبێت.
    هاوكات سێرگی کیسلتسیا نوێنەری ئۆکرانیا لە نەتەوەیەكگرتوەكان رایگەیاند: بەپێی ئەزموونەکانی ڕابردوویان لەگەڵ ڕووسیادا، ناتوانن هەروا بە ئاسانی بڕوا بە لێدوانەکانی ڕووسیا بکەن و مۆسکۆ دەبێت هێزەکانی لەنزیک سنوورەکانی ئۆکرانیا بکشێنێتەوە.
یەکێک لە داواکارییەکانی ڕووسیا ئەوەیە ڕێگە نەدرێت ئۆکرانیا هەرگیز ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا.