پارتی پارێزگاران زۆرینه‌ى په‌رله‌مانى به‌ریتانیا به‌ده‌ست ده‌هێنن

جیهانی
  • 13-12-2019, 00:00
  • +A -A

     

     
     
    چاودێرى-اه‌ع
     
    دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا و داخرانی سندووقەکانی دەنگدان، ئەنجامە بەراییەکان ئاشکراکران، بەڵام ئەنجامەکان لەسەرووی پێشبینییەکانەوە بوون، پارتی پارێزگاران بەسەرۆکایەتیی بۆریس جۆنسن، 368 کورسی بەدەستهێنا، ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەتەنیا 325 کورسی پێویستن بۆ پێکهێنانی حکومەت.
     
    رۆژی پێنجشەممە 12-12-2019  هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە بەریتانیا بەڕێوەچوو، کاژێر 10ی ئێوارە بەکاتی لەندەن بنکەکانی دەنگدان داخران و پرۆسەی لێکجیاکردنەوەی دەنگەکان دەستیپێکرد.
     
    لەدوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان بۆریس جۆنسن، سەرۆکی پارتی پارێزگاران رایگەیاند، ئەمە راسپاردەیەکی بەهێزە بۆ ئەنجامدانی برێکزت و گوتی "زۆر سوپاس بۆ هەمووتان، نامەوێت راستییەکان بشێوێنم، چونکە هێشتا ئەنجامەکان رانەگەیێندراون و ئەوەی هەیە تەنیا ئەنجامە بەراییەکانن. بەڵام لەم قۆناخەدا، دەردەکەوێت کە حکومەتی پارێزگاران راسپاردەیەکی بەهێزی پێدراوە تاوەکو برێکزت ئەنجامبدات. بەڵام بەتەنیا بۆ ئەنجامدانی برێکزت نا، بەڵکو بۆ یەکخستنەوەی ئەم وڵاتە و بەرەوپێشبردنی، بۆ سەرنجپێدان بە کارە لە پێشینەکانی خەڵک، لەسەرووی هەموویانە خزمەتگوزارییە تەندرووستییەکان."
     
    جێرمی کۆربین، سەرۆکی پارتی کاری بەریتانیا هەرزوو دانی بەشکستەکەیدا نا و رایگەیاند، لە هەڵبژاردنی داهاتوودا سەرۆکایەتی پارتەکەی ناکات و گوتیشی "دەمەوێت ئەوە روونبکەمەوە، کە من لە هیچ هەڵبژاردنێکی گشتی داهاتوودا سەرۆکایەتی پارتەکە ناکەم. من ئەو پرسە لەگەڵ پارتەکەمان تاوتوێدەکەم تاوەکو دڵنیابم لەوەی پرۆسەیەکمان دەبێت تاوەکو کار لەسەر ئەم ئەنجامانە بکەن و وابکەین پارتەکەمان بەرەو پێشەوەببەین. من لەو ماوەیەدا سەرۆکایەتی پارتەکەم دەکەم تاوەکو دڵنیابم گفتوگۆکان ئەنجامدەدرێن و لە داهاتوودا دەچینە پێشەوە."