سەرۆک کۆمار لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کۆبووە و جەختیان لە گرنگی بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و سەقامگیری ناوچەکە کردەوە

  • 26-06-2019, 00:00
  • +A -A

    سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح و سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا تێریزامەی ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٠١٩/٦/٢٥ لە لەندەن کۆبوونەوەیەکی ھاوبەشیان ئەنجام دا.

    سەرۆک بەرھەم ساڵح لە کۆبوونەوەکەدا، ئاماژەی بەگرنگی بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و فراوانکردنی ھاریکارییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتی لە گشت بوارەکاندا کردەوە، بەجۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی بەغدا و لەندەن بکات، ھاوکات بە پێویستی زانی کە حکومەتی بەریتانیا رۆڵی کاریگەری خۆی ببینێت لە کەمکرنەوەی گرژییەکان و سەقامگیری ناوچەکەدا. 

    ھەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار رۆڵی بەریتانیای لە جەنگی دژی تیرۆر و بەشداری بەردەوامی لە پشتیوانی ھێزە ئەمنیەکانی عێراق و مەشق و پڕچەککردنی بەرزنرخاند، ھەروەھا ھیوای خواست کە بەریتانیا بەشداری زیاتر بکات لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و بونیادنانەوەی عێراق بەتایبەتی لە ناوچە رزگارکراوەکاندا.

    لەلای خۆیەوە، تێریزا مەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا سیاسەتی عێراقی لە سەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە و رۆڵی سەرۆک بەرھەمی لە بەھێزکردنی یەکڕیزی نیشتمانی بەرزنرخاند، ھاوکات پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ گەل و حکومەتی عێراقی دەربڕی لە سەقامگیری و دووبارە ھەڵساندنەوەی عێراق.

    ھەر لەمیانی کۆبوونەوەکەدا، باس لە دوا پێشھاتەکانی ناوچەکە کرا و جەخت لە چڕکردنەوەی ھەوڵەکان کرایەوە بە ئاڕاستەی ھێورکردنەوەی دۆخەکە و کۆتای ھێنان بە قەیرانەکان، ھەروەھا ھەردوولا تاوتوێی ئەو ھەوڵانەیان کرد کە خراونەتە گەڕ لە جەنگی تیرۆر و جەختیشیان لە پێویستی بە ھێزکردنی ھاریکاری و ھەماھەنگی نێوان لایەنەکانی ناوچەکە کردەوە  بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەو مەترسییانەی کە دووچاری ئاسایش و ئارامی ناوچەکە و جیھان بووەتەوە.