سەرۆک کۆمار: عێراق خوازیارە ئاستی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەریتانیا بەرەوپێش ببات

  • 26-06-2019, 00:00
  • +A -A

    سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح جەختی لە گرنگی بەھێزکردنی پەیوەندی دۆستانەی لەگەڵ شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا لە سەرجەم بوارەکاندا کردەوە، بەتایبەتی لەبواری ئابووری و بازرگانیدا، بەجۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی ھەردوو وڵات بکات.

    سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە ٢٠١٩/٦/٢٥ لەمیانی بەشداریکردنی لە ئاھەنگی  ئێوارە خوانێک ، کە لەسەر شەرەفی بەڕێزیان و شاندی یاوەری لە ھوتێلی لانکستر ھاوس لە شاری لەندەن ئامادەکرابوو، ھەر یەک لە وەزیرانی بەرگری و بازرگانی و گەشەپێدانی نێودەوڵەتی و کاروباری دەرەوە و ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی سەرۆک وەزیران و ژمارەیەک لەو کەسایەتیانەی کە گرنگی بە بارودۆخی عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەدەن ئامادەی بوون. 

    سەرۆک کۆمار: ئاماژەی بەوەکرد کە دەستپێکی کاری ئەم قۆناغە دووبارە ئاوەدانکردنەوەی عێراق و باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکانە بە ھاووڵاتیانی عێراق. 

    ھاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش شکستی ھێناوە لە رووی سەربازیەوە، بەڵام ھێشتا مەترسی گەورەیە ماوە، بۆیە پێویستە گرنگی بدرێت بە دژایەتیکردنی و کۆتایی پێھێنانی بەیەکجاری، ھەروەھا رێز و سوپاسی خۆی بۆ ئەو رۆڵەی گرنگەی بەریتانیا دەربڕی لە پشتیوانیکردنی عێراق لە جەنگی دژ بە تیرۆر و پێشکەشکردنی ھاریکارییە مرۆییەکان بۆ ئاوارەکان و پرۆسەی گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان.

    ھەر لە درێژەی وتەکانیدا سەرۆک بەرھەم ئاماژەی بەوەدا کە عێراق و بەریتانیا دەتوانن رۆڵی کاریگەر ببینن لە بەدیھێنانی سەقامگیری لە ناوچەکەدا، ھاوکات ھۆشداریدا بە ھۆی زیادبوونی ململانێکان لەوانەیە ببێتە ھۆکاری سەرھەڵدانی جەنگێکی نوێ لە ناوچەکەدا.
     
    لەلای خۆیانەوە وەزیر و بەرپرسانی بەریتانیا، خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بەسەردانەکەی سەرۆک بەرھەم ساڵح بۆ وڵاتەکەیان، کە دەبێتە ھۆکاری بەھێزکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و بەرەوپێشبردنی ھاریکاری ھاوبەشی نێوان ھەردوو وڵات،ھەروەھا ھەڵوێستی نەگۆڕی بەریتانیان لە پشتیوانیکردنی عێراق لە گشت بوارەکاندا دووپاتکردەوە.