بارزانی: جینۆسایدی كوردانی فەیلی مێژوویەكی ڕەش و ڕابردوویەكی تاڵی پڕ لە هەڵەی عێراقە

سیاسی
  • 4-04-2024, 12:34
  • +A -A

    هەولێر –INA

    نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان  راگەیاند جینۆسایدی كوردانی فەیلی و هەموو هەوڵەكانی سڕینەوە و تاوانەكان دەرهەق بە گەلی كوردستان، مێژوویەكی ڕەش و ڕابردوویەكی تاڵی پڕ لە هەڵەی عێراقە كە بووە‌ هۆی نەهامەتی و ناسەقامگیری بۆ وڵات.

    نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە لە راگەیەندراوێكدا  كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی نێردراوە تێیدا هاتووە ، "ئەمڕۆ یادی بە ئازاری 44 ساڵەی جینۆسایدی هەزاران كوردی فەیلی دەكەینەوە كە لە شاڵاوێكی دڕندانەی ڕژێمی ئەوسای عێراقدا، لەبەر كوردبون و پشتگیرییان لە شۆڕشی كوردستان، ڕوبەڕوی كوشتن، گرتن، دەركردن و بێسەروشوێنكردن بونەوە و ڕەگەزنامە و سامان و ماڵ و حاڵیان لێسەنرایەوە‌".

    هەر بە گوێرەی راگەیندراوەكە بارزانی" داوای لەحكومەتی فیدڕاڵیی عێراق دوپاتدەكەنەوە بەپێی بڕیاری دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق كە ئەو تاوانەی بە جینۆساید ناساند، "كوردانی فەیلی لە هەمو ڕویەكەوە قەرەبو بكاتەوە، ڕەگەزنامە و موڵك و ماڵیان بۆ بگەڕێنێتەوه و كێشەكانیان چارەسەر بكات‌، بۆ ئەمەش بەردەوام لە هەوڵ و كۆششدا دەبین و هەرچی پێویست بێت هاوكار دەبین".

    لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، "جینۆسایدی كوردانی فەیلی و هەمو هەوڵەكانی سڕینەوە و تاوانەكان دەرهەق بە گەلی كوردستان، مێژویەكی ڕەش و ڕابردویەكی تاڵی پڕ لە هەڵەی عێراقە كە بوە‌هۆی نەهامەتی و ناسەقامگیری بۆ وڵات، دەبێت ئەو ڕابردوە بۆ هەمومان ببێتە پەند و وانە و بۆ داهاتویەكی باشتر لەسەر بنەمای پێكەوەیی و یەكترقبوڵكردن لە عێراق، سودی لێ وەربگرین".