نێچیرڤان بارزانی: جێبەجێنەكردنی فیدراڵی، سەرچاوەی كێشەكانی عێراقە

بەدواداچوون و ڕاپۆرت
  • 21-02-2024, 21:15
  • +A -A

    هەولێر - INA
    ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، كەناڵی عەرەبیی (الحدث) دیدارێكی تەلەڤزیۆنی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دەربارەی دۆخی ئەمنی و سیاسی عێراق و هەرێمی كوردستان و كێشەكانی هەولێر ـ بەغداد و پێشهاتەكانی ناوچەكە بڵاوكردەوە، ئەمە دەقەكەیەتی:
    پرسیار: بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، بە دوا پێشهاتەكان لەگەڵتاندا دەستپێدەكەین. ئێستا دانوستان بۆ كۆتاییهێنان بە ئەركەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق هەیە، نوێنەرانی هەرێمی كوردستانیش لەم دانوستانەدا بەشدارن. بە بۆچوونی بەڕێزتان مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پێویستییەكە بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان؟
    نێچیرڤان بارزانی: هێزەكانی هاوپەیمانان لەسەر داوای حكوومەتی عێراق بۆ یارمەتیدان لە دژی تیرۆرستانی داعش هاتنە عێراق. بێگومان لە ساڵی 2014ـەوە تا ئێستا كاتێكی زۆر تێپەڕیوە، ئێستایش زۆر ئاسایییە جارێكی دیكە دانوستان بكرێت بۆ دیاریكردنی شێوەی پەیوەندیی داهاتووی نێوان هێزەكانی هاوپەیمانان و بەغدا، لەسەر ئەو بنەمایەش بڕیار بدرێت ئاخۆ شێوەی پەیوەندیی داهاتوو چۆن دەبێت و ئایا عێراق پێویستی بە یارمەتی هەیە یان نا؟!
    پرسیار: بەڕێزتان گوتتان ئەم هاوپەیمانییە ساڵی 2014 بوو كە ئەوكات داعش هەبوو، گوتتان ماوەیەكی زۆری بەسەردا چووە، كە دەكاتە نزیكەی دە ساڵ، ئێستا دۆخی داعش لە عێراق چۆن دەبینن؟
    نێچیرڤان بارزانی: بە ڕای ئێمە پرسی داعش تەنیا پەیوەندی بە عێراقەوە نییە، بەڵكوو پرسێكە پەیوەندی بە سەقامگیریی سووریاشەوە هەیە. پێمانوایە تاكوو دۆخی ئاسایش لە عێراق و سووریا بەم شێوەیە بێت، داعش هێشتا تا ڕادەیەكی زۆر هەڕەشەیە لەسەر عێراق.
    پرسیار: ئایا هەرێمی كوردستان جوگرافیای جێگرەوەی عێراق دەبێت بۆ بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا؟
    نێچیرڤان بارزانی: لەم بابەتەدا ئێمە هەرێمی كوردستان بە جیاواز لە عێراق نابینین. سیاسەتی ئێمە ئەوەیە هەر بڕیارێك كە بدرێت لە چوارچێوەی جوگرافیای عێراقدا دەبێت، هەرێمی كوردستانیش وەك بەشێك لە عێراق پابەند دەبێت بەو بڕیارەی عێراق بە شێوەیەكی گشتی لەسەر ئەم بابەتە دەیدات. پرسی ئێمە پرسێكی سۆزداری نییە لەگەڵ ئەمەریكادا، زیاتر بۆچوون و دیدی ئێمە ئەوەیە: ئاخۆ ئێمە پێویستیمان بە یارمەتی هەیە یان نا؟ با نموونەیەكتان بۆ بهێنمەوە، ساڵی 2011 هێزەكانی ئەمەریكا عێراقیان بەجێ هێشت و چوونە دەرە‌وە، ساڵی 2014 بەپەلە عێراق نامەی بۆ نەتەوەیەكگرتووەكان نووسی و داوای یارمەتی كرد. بە ڕاستی بەبێ یارمەتیی هێزەكانی هاوپەیمانان و ئەمەریكا بۆ عێراقییەكان لەو كاتەدا، بە هیچ شێوەیەك نەیاندەتوانی هێزەكانی تیرۆریستانی داعش ڕابگرن. هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا بڕیار دەدات و بڕیارێكی سەربەخۆی نییە، چونكە بەشێكە لە عێراق و لەو چوارچێوەیەدا بڕیار دەدات.
    پرسیار: چۆن هەڵوێستەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە هەڕەشەكانی سەر هەرێمی كوردستان هەڵدەسەنگێنن؟
    نێچیرڤان بارزانی: ئەوان بە پەیام و ڕاگەیەنراو پشتگیرییان كردووە. سەركۆنەی ئەو كردەوانەیان‌ كردووە كە تا ئێستا ڕوویانداوە. بە شێوەیەكی گشتی ناتوانم بڵێم ئەو هەڵوێستانەیان لە سەدا سەد هەرێمی كوردستانیان پاراستووە، بەڵام دەتوانم بڵێم ئەوەی كە پێیانكراوە، كردوویانە.
    پرسیار: پێتانوایە كشانەوەی ئەمەریكا لە عێراق، بەهانەی گرووپە چەكدارەكان ناهێڵێت بۆ هێرشكردنە سەر بنكە و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستان؟
    نێچیرڤان بارزانی: با لەوەوە دەستپێبكەم، بەڕێز سەرۆك وەزیرانی عێراق وەسفێكی بۆ ئەو كارانەی ئەو گرووپانە كرد و بە كردەوەی تیرۆریستی ناوی بردن. ئەوەی ئەم گرووپانە دەیكەن، یەكەمجار پێشێلكردنی سەروەریی عێراقە، هیچ مەعقوول نییە عێراق خۆی داوای لە هێزێك كردووە بێت یارمەتی بدات، ئینجا ئێستا بە ناردنی درۆن و هەڕەشە، داوا دەكات ئەم هێزە بچێتە دەرەوە،‌ یان لێرە نەمێنێت. ئەمانە هەمووی بیانوون، ئەگەر ئەمەریكا چووە دەرەوە، چ گەرەنتییەك هەیە ئەم هێزانە هەڕەشەی زیاتر نابن بۆ هەرێمی كوردستان، یان هەڕەشەی زیاتر نابن بۆ پێكهاتەكانی دیكەی عێراق؟! یان كێ دەڵێ هەڕەشە نابن بۆ شێوەی حوكمڕانی لە بەغدا؟ ئەم هێزانە هیچ ڕوانگەیەكی ڕوونیان نییە و لە تاریكیدا ماونەتەوە. ئەمانە دەیانەوێ عێراق بەرەو كوێ ببەن؟ بە دڵنیایییەوە دەمەوێ ئەوەش بڵێم ئەگەر پرسەكە سەروەریی عێراقە، بێگومان ئەمانە لە سەرۆك وەزیرانی عێراق عێراقیتر نین. سەرۆك وەزیرانی عێراق دەزانێت بەرژەوەندیی عێراق بە چ شێوەیەكە و لە كوێدایە؟ بە بۆچوونی من هیچ پاساوێك نییە بۆ ئەم كردەوە خراپانەی ئەم گرووپانە ئەنجامی دەدەن. پرسەكە هەر ئەوە نییە كە هەڕەشەیان لە ئەمەریكا كردووە، بەڵكوو لە هێزی پێشمەرگەیان داوە، لە كاتێكدا هێزی پێشمەرگە بەشێكە لە سیستمی بەرگریی پاراستنی عێراق، هەروەها لە هاووڵاتیانی سڤیلیشیان داوە. پێشتریش هەوڵیان داوە، دەبێت سنوورێك بۆ ئەمە دابنرێت. زۆر باسی سەروەریی عێراق دەكەن، ئەوانەی سەروەریی عێراق پێشێل دەكەن، بەرلە هەموویان ئەم گرووپانەن كە ناهێڵن سەرۆك وەزیران كاری خۆی بكات وەك فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان. ئەوانەی كە هەم لە ناوەوە و هەم لەناو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشدا عێراق بێ بەها دەكەن، بەداخەوە هەر ئەو كردەوانەن كە ئەم گرووپانە ئەنجامی دەدەن.
    پرسیار: ئایا دۆخی هەرێمی كوردستان كاتی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، یان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكانی ئێستادا لە درۆن و ڕۆكێتی ئێران و ئەو گرووپانەی‌ باسیان دەكەن و لەلایەن ئەوانەوە پشتگیری دەكرێن، دژوارترە؟ چۆن ڕووبەڕووی ئەم ئاڵنگاری و هەڕەشانە دەبنەوە؟
    نێچیرڤان بارزانی: داعش یەك لەسەر سێی خاكی عێراقی داگیر كردبوو، بەڵام سەنگەرەكان دیار بوون. ئەمە داعش بوو، ئەمانەش ئەو هێزانە بوون كە بەرامبەریان وەستا بوون، هێزەكان سوپای عێراق بوون، پێشمەرگە بوون، حەشدی شەعبی بوون. بە بۆچوونی من ئەوەی ئێستا هەیە زۆر سەختترە لەوكات، چونكە هەڕەشەكە لە دەرەوە نییە، هەڕەشەكە لەناو ماڵی خۆتە، هەڕەشەكە لە گرووپێكەوەیە كە پارە لە حكوومەتی عێراق خۆی وەردەگرێت. ئەمە زۆر خراپترە لەوی دیكە و ناشزانی چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بكەی؟! نە سەنگەرەكە دیارە، نە دیارە لە كوێوە‌ شەڕت لەگەڵدا دەكات! بە بۆچوونی من ئەوەی ئێستا دەكرێت و ئەوەی ئێستا ڕوودەدات، زۆر زۆر سەختترە لە بابەتی داعش.
    پرسیار: ئێوە وەك هەرێمی كوردستان چۆن ڕووبەڕووی ئەو هەڕەشانە دەبنەوە كە گوتتان لەوەی داعش سەختترە؟
    نێچیرڤان بارزانی: هەرێمی كوردستان بە تەنیا ناتوانێت ئەوە بكات. ئەمە پێشێلكردنی سەروەریی عێراقە، بۆیە بەرەنگاربوونەوەیان ئەركی حكوومەتی عێراقە، ئەركی سەرۆك وەزیرانی عێراقە وەك فەرماندەی هێزە چەكدارەكان. مادام ئێمە لە جوگرافیای عێراقدا دەژین و بەشێكین لەم وڵاتە، پاراستنی هەرێمی كوردستانیش دەبێت بەشێكی بنەڕەتی بێت لە سیاسەت و ڕوانگەی بەغدا. ئەم پرسە تەنیا پەیوەندیی بە هەرێمی كوردستانەوە نییە، ئەمە پەیوەندی بە بەغداوە هەیە. حكوومەتی عێراق دەبێت ڕۆڵی بنەڕەتیی خۆی بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان بگێڕێت.
    پرسیار: ئایا ئێوە ڕازین لەو مامەڵەیەی حكوومەتی عێراق لەگەڵ ئەو هەڕەشانەدا دەیكات كە ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان دەبنەوە، چ ئەوانەی لە ئێران و چ ئەوانەیشی لە توركیاوەن؟
    نێچیرڤان بارزانی: وەك سەرۆك وەزیران، وەك كەسی خۆی و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، هەڵوێستی زۆر باشی هەبووە، چ دەربارەی ئێران و چ دەربارەی وڵاتانی دیكەش كە كێشە بۆ عێراق دروست دەكەن، بەڵام ڕاستییەك و پرسیارێك هەیە، ئەویش ئەوەیە: ئایا عێراق لەمە زیاتری پێدەكرێت یان نا؟ بە بۆچوونی من عێراق دەبێت هەوڵ بدات زیاتر لەمە بكات. بۆ ناوبانگی عێراق دروست نییە لەناو عێراقدا چەند كۆمەڵێك چەكدار هەبن، هەڕەشە لە بەشێكی ئەم وڵاتە بكەن، ئەوانیش ئەو گرووپانەن. عێراق و سەرۆك وەزیرانی عێراق بەرپرسیاریەتییان لەسەرە. دەبێ كۆتایی بەم پرسە بهێنێت كە لە زیان زیاتر هیچ خێرێكی نە بۆ عێراق و نە بۆ هەرێمی كوردستان تێدا نییە. مەترسیی هەرێمی كوردستان لەوەوە دەستپێدەكات، ئەگەر عێراق هەرێم نەپارێزێت، ئەگەر بە جددی بەغدا بەرگری لە هەرێم نەكات، ئەو كاتە هەرێم دەبێت بیر لە شتێكی دیكە بكاتەوە، چونكە لە ئەنجامدا پاراستنی هەرێم بۆ ئێمە كاری لەپێشێنەی بنەڕەتییە، ئەوەش ئەركی بەغدایە. من لەو بڕوایەدام بەڕێز سەرۆك وەزیران درێخی ناكات و ئەوەی لە توانایدایە بۆ ئەم مەبەستە دەیكات.
    پرسیار: چەند جارێك لە قسەكانتاندا دووبارەتان كردەوە كە ئەمە بەرپرسیاریەتیی سەرۆك وەزیرانە، ئایا سەرۆك وەزیران دەتوانێ لە حاڵی ئێستادا لەمبارەیەوە چی بكات؟
    نێچیرڤان بارزانی: سەرۆك وەزیران دەبێت هەوڵێكی جددی بدات، ئەم گرووپانەش دەبێت بە قسەی بكەن، چونكە ئەوەی ئەمڕۆ ئەو گرووپانە دەیكەن، عێراق لەبەرچاوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێ بەها دەكات. دەبێ دەرفەت بدەن سەرۆك وەزیران وەك فەرماندەی هێزە چەكدارەكان ئەركی خۆی جێبەجێ بكات. زوو یان درەنگ دەبێ سنوورێكیان بۆ دابنرێت.
    پرسیار: ئایا ئێران دراوسێ، هاوڕێیەكی چاك، یان دوژمنە؟
    نێچیرڤان بارزانی: پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ ئێراندا، پەیوەندییەكی كۆنە، ئێران دراوسێیەكی گرنگی ئێمەیە و ناتوانین ئەو جوگرافیایە تێك بدەین. پێش ئەو ڕووداوانە با باسی پەیوەندییەكانی خۆمان لەگەڵ ئێراندا بكەین. پێمانوابوو پەیوەندییەكی زۆر باشمان لەگەڵ ئێراندا هەیە. ئەگەر لەلایەنی ئابوورییەوە سەیری ژمارەكان بكەین، لەڕووی ئابووری و بازرگانییەوە ژمارەكان بەرەو بەرزبوونەوە دەڕۆیشتن. بۆ دووهەم ساڵ بوو لە هەرێمی كوردستان مۆڵەتمان دەدا ئەوانەی دەچوونە كەربەلا و نەجەف لە هەرێمی كوردستانەوە تێپەڕ ببن. لەسەر دۆسیەی ئەمنی پێشكەوتنی زۆر باشمان هەبووە لەگەڵ ئێراندا. كە دەڵێم ئێمە، مەبەستم عێراق و هەرێمی كوردستانە بەیەكەوە. بۆیە بۆ ئێمە ئێران دراوسێیەكی گرنگە، بەڵام پرسیار ئەوەیە: كە بە ڕۆكێتی كرووز لە ماڵێكی سڤیل بدەن، ئایا دەتوانی بەمە بڵێی دۆستایەتی؟ چ ناوێكی لێ دەنێی كاتێك بە پاساوی ئەوەی گوایە ئەمە بارەگایەكی ئیسرائیلە، ئەمە دەكەیت! ماڵێكی سڤیل لەناو هەولێر بۆردومان بكەیت و سێ چوار كەس شەهید بكەیت كە یەكێكیان منداڵێكی زۆر بچووكە، بە ڕاستی ناتوانی ئەمە بخەیتە ناو خانەی دۆستایەتییەوە! ئەگینا ئێمە هەمیشە هەوڵمانداوە، هەوڵیش دەدەین ببینە فاكتەری ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكەدا، لەگەڵ ئێرانیشدا پێشتر هەر بەو شێوەیە بووە. ئێمە سەرچاوەی هەڕەشە نین بۆ سەر ئێران، پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ ئێراندا، پەیوەندییەكی كۆنی مێژوویییە. بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە: بە ڕاستی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆچی ئەمەی لەگەڵ هەولێردا كرد، لە كاتێكدا ئێمە ئێران بە دراوسێیەكی گرنگ دەزانین؟ ئێران بە دۆست دەزانین، پێشتر بینیمان كە دۆستی ئێمەیە، بۆچی ئەمەیان كردووە؟ جێی پرسیارێكی زۆر زۆر گەورەیە!
    پرسیار: پەیوەندیتان بە تەلئەڤیڤەوە چییە؟ ئەی چی دەربارەی بوونی بارەگای مۆساد لە هەرێمی كوردستان؟ بێگومان پرسیارەكەم بەستراوەتەوە بەو تۆمەتە ئێرانیانەی ئاراستەی ئێوە دەكرێت و لەسەر ئەو بنەمایە وەك ئەوان دەڵێن، هەرێمی كوردستانیان كردووەتە ئامانج؟
    نێچیرڤان بارزانی: پێش هەموو شتێك سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە، ئێمە پابەندین بە سیاسەتی عێراقەوە وەك دەوڵەت. عێراق هەر شێوەیەك بۆ سیاسەتی دەرەوە پەیڕەو بكات، هەرێمی كوردستانیش لەو چوارچێوەیەدا مامەڵە دەكات، نە جیا و نە پێچەوانەی بەغدا. هیچ پەیوەندییەك و هیچ بارەگایەكی مۆساد لە هەولێر نییە، ئەمە هەمووی بیانووە، ئەوەی ئێران ئەنجامی دا وەك دراوسێی عێراق كە خۆی بە دۆستیش دەزانێت، گەورەترین پێشێلكردنی سەروەریی عێراق بوو. ئەگەر بە ڕاست ئێرانییەكان زانیارییان هەیە كە ئەو شوێنە بارەگای مۆساد بووە، دەیانتوانی بە شێوەیەكی دیكە مامەڵە بكەن. دەیانتوانی بێ هەرێمی كوردستان بچن لەگەڵ بەغدا قسە بكەن، ئەو بەڵگانەی هەیانە كە گوایە ئەو شوێنە بارەگای ئیسرائیل بووە، ڕادەستی بەغدای بكەن، لە هەمان كاتدا داوای لێكۆڵینەویەكی هاوبەش بكەن. ئێران دەیتوانی ئەوە بكات. تەحەدا دەكەم هیچ بارەگایەكی مۆساد یان ئیسرائیل لە هەولێر نییە. پێشتریش زۆر جار ئەم شتانە لەسەر هەرێمی كوردستان باس كراوە. هەرێمی كوردستان وا وێنا كراوە، وا باس كراوە كە ئەوە ئیسرائیلە، بۆچی ئیسرائیلە؟ بۆچی ئێمە فەلەستین نین، ئێمە بۆچی ئیسرائیل بین؟ مافەكانمان پێشێل دەكرێت، ماف و شایستەكانمان نادرێت! جا بۆچی هەرێمی كوردستان فەلەستین نییە؟
    پرسیار: كەواتە بۆچی ئێران ئەم هێرشانەی كردە سەر هەرێمی كوردستان؟
    نێچیرڤان بارزانی: هیچ لێكدانەوەیەكی بۆ نابینم جگە لەوە نەبێت كە ڕۆكێتیان هەیە و دەتوانن لێمان بدەن و دەیكەین! ئەگینا هیچ پاساوێك و هیچ بەڵگەیەك بۆ ئەمە نییە! ئەگەر ئێرانییەكان زانیارییان هەیە كە ئەو شوێنە بارەگای مۆساد بووە، ئەمە كارەساتە بۆ دەزگاكانی هەواڵگریی ئێران و دەبێت پێداچوونەوە بە هەموو دەزگا ئەمنییەكانی خۆیاندا بكەنەوە. پێشتر لە سەردەمی شەهید قاسم سولەیمانی، هەمان كێشە هەبووە و خوا لێی خۆش بێت جارێكیان لەگەڵ كۆمەڵێك كەس لە دەزگا هەواڵگرییەكانی ئێران، هاتنە لام. گوتیان زانیاریی دەزگاكانی هەواڵگریی ئێمە ئەوەیە كە ئێوە لە شوێنێك لە كوردستانەوە چاودێریی ئێران دەكەن! یەكسەر پێمگوت جەنەراڵ ئێستا ئێمە لێرە دانیشتووین، ئەوانەی ئەمە دەڵێن با هەر ئێستا بڕۆن لێكۆڵینەوە بكەن و بزانن ڕاستە یان نا؟! بە ڕاستیش وایانكرد و ئاشكرا بوو كە هیچ ڕاستی و بنەمایەكی بۆ نەبوو! ئەمجارەش دەمانتوانی ئەو كێشانە بەو شێوەیە چارەسەر بكەین. پرسیارێك كە زۆر جێی سەرسوڕمانە بۆ ئێمە، ئەوەیە: ئێران بۆچی وای كرد؟ هۆكار؟ تا ئێستاش ئەو هۆكارە نازانین، بەڵام ئێمە بە تەواوی دڵنیاین كە هیچ بارەگایەكی ئیسرائیلی و هیچ كەسێكی ئیسرائیلی لەوێ نەبووە.
    پرسیار: ئایا دوای ئەو ڕووداوە هیچ پەیوەندییەك لەنێوان ئێوە و ئێراندا دروست بوو؟
    نێچیرڤان بارزانی: نەخێر، سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نەتەوەییی ئێران سەردانی بەغدای كردبوو، لەگەڵ بەڕێزان سەرۆك وەزیران و قاسم ئەعرەجی قسەی كردبوو، بەڵام بۆ هەرێمی كوردستان هیچ پەیوەندییەك لەنێوان ئێمەدا نەبووە.
    پرسیار: ئایا هیچ هەماهەنگییەك لەنێوان هەولێر و ئەنقەرەدا هەیە كاتێك توركیا لە پارتی كرێكارانی كوردستان لە هەرێمی كوردستان دەدات؟
    نێچیرڤان بارزانی: پەكەكە بۆ هەرێمی كوردستان و بۆ عێراق سەرئێشەیەكی گەورەیە. ئەمانە هیچ بەهایەك بۆ دامەزراوە ڕەواكانی هەرێمی كوردستان دانانێن، لەناو خاكی ئێمەوە هەڕەشە لە توركیا دەكەن. بە تەواوی ئەو پرەنسیپە ڕەتدەكەینەوە و قبووڵمان نییە خاكی هەرێمی كوردستان ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ دراوسێكانمان، جا ئەو دراوسێیە چ توركیا بێت، یان ئێران. ناكرێت ئۆپۆزسیۆنی ئەم وڵاتانە هەرێمی كوردستان وەك ناوچەیەكی ئەمنی سەیر بكەن بۆ دروستكردنی كێشە لەو وڵاتانەدا. زۆر بەداخەوە پەكەكە ڕۆڵێكی زۆر خراپ لەوڕووەوە دەگێڕێت. ناوچە شاخاوییەكانی هەرێمی كوردستان بەكاردەهێنێت و هەوڵ دەدات كێشە بۆ توركیا دروست بكات. ئەمە بەلای ئێمەوە بە هیچ شێوەیەك قبووڵكراو نییە.
    پرسیار: لە چوارچێوەی قسەكانتاندا سەرنجی ئەوەم دا كە ڕێزێكی زۆرتان بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع ئەلسوودانی هەیە. چەند ڕۆژێك بەرلە ئێستا كە بینیم، ئەویش بە هەمان شێوە ڕێزی بۆ ئێوە هەبوو. پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بە پەیوەندیی زۆر چاك ناوزەد كرد، بەڵام بۆچی تا ئێستا كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر چارەسەر نەكراون؟
    نێچیرڤان بارزانی: گومان لەوەدا نییە كە سەرۆك وەزیرانی عێراق نیەتی خێری بۆ هەموو عێراق هەیە بە كورد و بە عەرەب، بە مەسیحی و بە هەموو پێكهاتەكانەوە. یەكێك لەو كەسانەیە كە دوای ئەوەی بوو بە سەرۆك وەزیران، قورسایی داوەتە سەر خزمەتگوزاری و چۆنیەتیی پێشكەوتنی ئابووری لە وڵات. ئەمە دوو شتی بنەڕەتین بۆ عێراق، دیدگاكەشی زۆر ڕوونە كە دەیەوێت عێراق بەرەو قۆناغێكی جیاواز ببات، بەڵام چەند یارمەتیی سەرۆك وەزیران دەدرێت؟ بە بۆچوونی من، زۆر كەم یارمەتیی سەرۆك وەزیران دەدرێت. ئێمە وەك كورد یارمەتیمان داوە، بەردەوامیش دەبین، چونكە دیدگای سەرۆك وەزیران خزمەتی هەموو عێراق دەكات. پرسەكە تەنیا كورد نییە، ئەو دیدگایە لە خزمەت هەموو پێكهاتەكانی عێراقدایە. ئەوەی لە سەرۆك وەزیران دەیبینین، جیاوازی لەنێوان پێكهاتەكانی عێراقدا ناكات. عێراق كێشەیەكی گەورەی متمانەی هەیە. دوای ساڵی 2003 ئێمە لە عێراق سیستەمێكمان دروست كرد، گوتمان سیستەمێكی فیدراڵین، بەڵام ئەمڕۆ دوای ساڵی 2003 تا ئێستا كە دەوری بیست ساڵ تێدەپەڕێت، بە ڕاستی خۆشمان نازانین سیستەمی عێراق و سیستەمی بەڕێوەبردنی عێراق چییە؟! مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێم زۆر ناوەندی و زیاد لە پێویست ناوەندییە. دوای بیست ساڵ، تا ئێستا سیستەمی فیدراڵی لە عێراق وەك سیستەمێكی بەڕێوەبردن جێبەجێ نەكراوە! هۆكاری چارەسەرنەبوونی ئەم كێشانە كەسەكان نین، كێشەكە لە بنەڕەتدا بیركردنەوەیە! سیستەم لە دەستووردا فیدراڵییە، بەڵام لە جێبە‌جێكردندا زۆر زۆر ناوەندییە، دەبێ ئەمە یەكلا بكرێتەوە. ئەوەی ئێستا لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا دەكرێت، هیچ پەیوەندییەكی بە هیچ جۆرە سیستەمێكی فیدراڵییەوە لە جیهاندا نییە! كێشەكە لێرە دەستپێدەكات، ساڵی 2003 دوای ڕووخانی سەددام ئەوەی ئێمە پێمان كرا وەك كورد، چ جەنابی خوالێخۆشبوو مام جەلال، چ جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانی كردیان بۆ ئەوەی عێراق بە یەكپارچەیی بمێنێتەوە، تا ڕادەیەك هێزەكانی پێشمەرگەمان نارد تا لەو كاتە سەختانەدا ئاسایشی بەغدا بپارێزن. ئەوەشمان كرد، بەڵام ئەمڕۆ لە كوردستان پرسیاری جەوهەری ئەوەیە: ئێمە بەرەو كوێ؟ داهاتووی ئەم وڵاتە بەرەو كوێ دەڕوات؟ ئەو دۆخەی ئێستا هەمانە لە عێراق، پێش ساڵی 2003یش هەمان دۆخمان هەبوو، بەڵام ئەمەریكا بە ئێمەی گوت فیدراڵی و دیموكراسی دێتە ئاراوە، ئێمەش وەك كورد ئەوەی پێویست بوو بۆ عێراق كردمان. ئێستا برایانی ئێمە لە بەغدا دەبێ زۆر بە جددی بیر لەوە بكەنەوە، بەسە ئەو هەموو تۆمەتباركردنەی لەسەر هەرێمی كوردستان دەیكەن گوایە هەرێم خۆی جیا دەكاتەوە، جوداخوازە، هەرێم وایە و وایە! نەخێر، هەرێم نە دەیەوێت لە عێراق جیا ببێتەوە، نە جوداخوازیشە، هەرێم مافەكانی خۆی دەوێت.
    پرسیار: بەڵام ئێوە ڕیفراندۆمی جیابوونەوەتان ئەنجامدا!
    نێچیرڤان بارزانی: تەنانەت ڕیفراندۆمیش كە كرا لە بێهیوایی بوو لە بەغدا. ئەگەر ئەو بێهیوایییە نەبوایە، زۆر شت نەدەكران، ئێستاش ئەوە بێهیواییە هەیە. هەمیشە كە حكوومەتێكی نوێ دروست دەبێت، دەبینە بەشێك لەو حكوومەتە بەو هیوایەی ئەو كێشانە چارەسەر بكرێن، بەڵام چارەسەر ئەستەمە. سەرۆك وەزیران كارەكان ئاسان دەكات. كە كێشەیەك دێتە پێشەوە، ئێمە بە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی نێوانمان چارەسەری دەكەین و هەوڵ دەدەین، بەڵام بابەتەكە سەرۆك وەزیران نییە، پرسەكە سیستەمی بیركردنەوەیە! برایانمان لە بەغدا دەبێ گرنگییەكی جددی بەو بابەتە بدەن و كاری بۆ بكەن بۆ یەكپارچەییی عێراق و بۆ پێكەوەژیانێك لەناو ئەو جوگرافیایەدا كە پێی دەگوترێت عێراق، ئێمەش بۆ ئەوە ئامادەین.
    پرسیار: جەنابی سەرۆك، گەلی كوردستان بە هۆی دواكەوتنی مووچەوە لە دۆخیكی خراپدایە، ئایا هەرێمی كوردستان ئەو پارەیەی نییە كە مووچەكانیان بدات تا باری سەرشانیان سووك ببێت تا ئەو كاتەی كێشەكانتان لەگەڵ بەغدا چارەسەر دەكەن؟
    نێچیرڤان بارزانی: لەمڕووەوە توانای هەرێمی كوردستان زۆر سنووردارە. پێشتر نەوتمان لە كوردستان دەفرۆشت بۆ دابینكردنی مووچە، ئێستا وەك دەزانن ئەو نەوتە نافرۆشرێت. حكوومەتی هەرێمی كوردستان زۆر بە شەفافییەتەوە هەڵسوكەوتی لەگەڵ بەغدا كردووە، ئێستا ئەركی بەغدایە كە دەبێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دابین بكات وەك بەشێك لە عێراق. ئەمە بەرپرسیاریەتیی ئەوانە، سەرۆك وەزیرانیش ئەمە تێدەگات. لە سەردانەكەمدا چەند هەفتەیەك لەمەو‌بەر بۆ بەغدا، زۆر بە درێژی لەگەڵ سەرۆك وەزیراندا باسمان كرد. دەتوانم بڵێم لە دوا قۆناغداین بۆ ئەوەی پەنا بە خوا بگەینە چارەسەرێك لەسەر ئەم بابەتە.
    پرسیار: نەوتی پێشوو كە لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركییەوە هەناردە دەكرا، ئەو پارەیەی دەگەڕایەوە نەدەچووە خەزێنەی حكوومەتەوە، بەڵكوو دەچووە گیرفانی تایبەت! عێراق بەم شێوەیە هەرێمی كوردستانی تۆمەتبار دەكرد، ئێوە چۆن وەڵامی ئەم تۆمەتە دەدەنەوە؟
    نێچیرڤان بارزانی: ئەوكات سەرۆك وەزیران بووم، نەوت لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستانەوە دەچووە بەندەری جەیهان. لە بەندەری جەیهانی توركیا كۆمپانیای سۆمۆ هەیە كە هەموو كاری هەناردەكردنی نەوت و پرسی نەوتی عێراق دەكات. لەوێ چاودێریی هەموو بەرمیلێكی دەكرد. ئێمە داوامان كرد كە دەبێ سۆمۆ لەوێ بێت. سۆمۆ هەموو ژمارەكانی تۆمار دەكرد، دوای ئەوە نەوت بە كڕیارەكانی نەوت دەفرۆشرا. ئەو پارەیەی دەهاتەوە، بە ڕێگەپێدانی بانكی ناوەندیی عێراق، دەهاتەوە هەرێمی كوردستان. ئەو كاتە كە ئێمە بودجەمان لە بەغدا نەبوو، ئەو پارەیە بۆ مووچە خەرج دەكرا. ئەم پرۆسەیە هەمووی لەلایەن كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانە‌وە وردبینی بۆ دەكرا. كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان سەیری هەموو ئەو ژمارانەی دەكرد، ئێستاش ئەو ژمارانە هەموویان هەن. ئەمانەمان هەمووی بە وردی داوەتە بەغدا و داومانەتە پەرلەمانی كوردستان. هەر كەسێك بیەوێ زانیاری لەسەر ئەو دۆسیەیە هەبێت، بەوپەڕی شەفافییەتەوە هەموو شتەكان هەن. ئەم تۆمەتانە بێ بەڵگەن و ڕاست نین. فرۆشتنی نەوت شتێك نییە بتوانی بیفرۆشی و بیخەیتە گیرفانی خۆتەوە. شتی وا مومكین نییە! زۆر جار باس لەوە دەكرێت كە هەرێمی كوردستان یەكلایەنە نەوتی فرۆشتووە. ئێمە یەكلایەنە نەوتمان نەفرۆشت، عێراق شوباتی ساڵی 2014 بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی، ئێمە مانگی ئایاری هەمان ساڵ دەستمان بە هەناردەكردنی نەوت كرد. پێشتر لەگەڵ عێراق ڕێككەوتنمان هەبوو، ئەگەر ئەوان بودجەمان نەدەن كە ئەوكاتە مالكی سەرۆك وەزیران بوو، مافی خۆمانە نەوت هەناردە بكەین.
    پرسیار: سەبارەت بە ئێستای پەیوەندیی كوردی ـ كوردیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان چیمان پێدەڵێن؟
    نێچیرڤان بارزانی: گومان لەوەدا نییە كە ناكۆكیمان هەیە، چونكە ئێمە دوو حزبی جیاوازین، یەك حزب نین، بەڵام لە ئاستی كەسیدا ئەوەندە نیگەران نیم لەوەی ئەو پەیوەندییە بەرەو خراپتر بڕوات. كاتێك كێشەیەك لەم پەیوەندییەدا دێتە پێشەوە، هەوڵ دەدەین چارەسەری بكەین. كە هەڵوێستێك هەیە، هەوڵ دەدەین هەماهەنگی لەبارەیەوە بكەین. ئەم پەیوەندییە شتێك نییە هەڕەشەیەكی گەورە بێت بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام بێگومان دەبێ ئەو پەیوەندییە لەوەی كە ئێستا هەیە باشتر ببێت، چونكە ئەوەی ئێستا هەیە حاڵەتێكی تەندروست نییە بۆ هەرێمی كوردستان. بێگومان دەبێت هەوڵی هەردوولا ئەوە بێت كە ئەم پەیوەندییە باشتر ببێت.
    پرسیار: جەنابتان سەرقافڵەی پرۆسەی هەستانەوەی هەرێمی كوردستان بوون. من لە ساڵی 2007ەوە سەردانی هەرێم دەكەم، دەزانم ئەوكات كە هاتم، فڕۆكەخانە تەنیا ژوورێكی بچووك بوو، هەولێر تەنیا خانوو بوو، هیچ باڵەخانەیەكی هەوربڕی تێدا نەبوو، ڕێگەی دهۆك هیچ ڕووناكییەكی تێدا نەبوو، لانی كەم چوار كاژێری دەخایاند تا دەگەیشتین. ئێستا هەولێر لەڕووی كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و ئاوەدانكردنەوە، شارێكی پێشكەوتووە. ئێستا چۆن ئەو ئەزموونە هەڵدەسەنگێنن، بەتایبەتی دۆخی ئابووری و سیاسی و ئەمنیی ئێستا؟
    نێچیرڤان بارزانی: لە ڕاستیدا ئاوەدانیی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2005ەوە وردە وردە دەستیپێكرد، بەڵام بەداخەوە داعش پرۆسەی ئاوەدانكرنەوەی هەرێمی كوردستانی زۆر دواخست. سوپاس بۆ خوا ئێمە دۆخێكی ئەمنیی زۆر باشمان هەیە، لەڕووی ئەمنییەوە لە كوردستان كێشەیەكی وا نییە كە پێی بڵێین كێشەیە، بەڵام لەڕووی ئابوورییەوە بەداخەوە لەبەر پرسی هەناردەنەكردنەوەی نەوت و بابەتی مووچە، ئێستا ئێمە لە دۆخێكی سەختی ئابووریداین. لەوەشدا تەنیا ئێمە نین، لەبەر ئەوەی تا ئێستا بەغدا بە جددی پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی چارەسەر نەكردووە، عێراق بە شێوەیەكی گشتی تا ئێستا نزیكەی حەوت ملیارد دۆلار زیانی بەركەوتووە. پرسەكە تەنیا هەرێمی كوردستان نییە، عێراقە بە شێوەیەكی گشتی. كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان ڕۆڵێكی زۆری هەیە. ئەمڕۆ ئەگەر هەولێر و شارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان ببینی، جووڵەیەكی زۆر جددیی ئابووری هەیە، بەڵام ئەگەر پرسی هەناردەكردنی نەوت و مووچە لەگەڵ بەغدادا چارەسەر بكرێت، داهاتوویەكی زۆر باش لەڕووی ئابوورییەوە بۆ هەرێمی كوردستان پێشبینی دەكەم.
    پرسیار: (كاك نێچیرڤان، دڵی شێرە) بەو شێوەیە نزیكەكانتان ناوتان دەهێنن، تا چەند ئامادەن ئەو دڵەتان بۆ بەرگریكردن لەو هەرێمە و دەستكەوتەكانی بەكاربهێنن؟
    نێچیرڤان بارزانی: ئەمە ئەرك و بەرپرسیاریەتییە. بێگومان ئەوەی پێم بكرێ و لە توانامدا بێت بۆ ئەم بەرژەوەندییە، بۆ چاكە بۆ هەموو عێراق، بۆ چاكە بۆ هەرێمی كوردستان وەك بەشێك لە عێراق و بۆ هەموو عێراقییەكان، ئەوەی پێم بكرێ، دەیكەم.
    پرسیار: دەربارەی ئەو كێشە زۆرانەی لە ناوچەكەدا هەن، لەوانەش شەڕی غەززە و ترسی ئەوەی ئەم ناكۆكییە ببێتە شەڕێكی هەرێمی، دیدگای بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ چارەسەر چییە؟
    نێچیرڤان بارزانی: ئێمە وەك كورد ئەزموونێكمان هەیە، ئەزموونی ئێمە زۆر دوورودرێژە لە پرسی شەڕدا. لە ئەنجامدا ئەم جۆرە كێشانە دەبێ بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێن. پرسی فەلەستین پرسێكی ڕەوا و پرسی گەلێكە، پرسی حزبێك نییە، پرسێكی ئایدۆلۆجیش نییە. پرسی گەلێكە، ئەم گەلە مافی خۆیەتی كە دەبێت كێشەكەی چارەسەر ببێت. بێگومان بە هیچ شێوەیەك شەڕ كێشەكە چارەسەر ناكات. شەڕ چەند بەردەوام بێت، لە ماڵوێرانی زیاتر هیچ شتێكی دیكە بەرهەم ناهێنێت. لە ئەنجامدا ئەم كێشەیە دەبێ بە گفتوگۆ چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە. بە بۆچوونی ئێمە، ئەم گفتوگۆیە ئێستا دەرفەتێكە، ڕاستە ئێستا كێشەیەكی گەورە لە غەززە هەیە، بەڵام لە هەمان كاتدا هیوادارین ئەمە سەرەتای دەرفەتێكیش بێت، ئەگەر نەڵێم كۆتا دەرفەت بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە بە شێویەك كە خەڵكی ناوچەكە بتوانن بە ئارامی و بە خۆشی لەگەڵ یەكتریدا بژین.