سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وەزیری بەرگری توركیا جەختیان لە هاریكاری یەكدی بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورەكان كردووەتەوە

سیاسی
  • 7-02-2024, 14:30
  • +A -A

    هەولێر –INA
    ئەمڕۆ چوارشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە یاشار گولەر وەزیری بەرگریی توركیا و مەتین گوراك سوپاسالاری توركیا كرد.
    سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە راگەیندراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی نێردراوە تێیدا هاتووە كە "نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە یاشار گولەر وەزیری بەرگریی توركیا و مەتین گوراك سوپاسالاری توركیا كرد".
    هەروەها بەرپێی راگەیندراوەكە ئەوەیش هاتووە كە"نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی توركیا كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا، هەردوولا جەختیان لە هاریكاری یەكدی بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورەكان كردووەتەوە.
     لە راگەیێندراوەكەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، " باڵیۆزی توركیا لە عێراق ئامادەی بوو، پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و هاریكاریی هاوبەشی نێوانیان، دۆخی ئەمنیی عێراق و هەرێمی كوردستان، دوایین پێشهاتەكانی شەڕ و ئاڵۆزییەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەر و لێكەوتەكانی، تاوتوێ كران و بیروڕایان لەبارەیانەوه ئاڵوگۆڕ كرد".
    وەكو لە راگەیێندراوەكەدا هاتووە، "هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هاریكاریی هاوبەشی توركیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان كردەوە بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەكە و پاراستنی ئاسایشی سنوورەكان، هەروەها هاوڕا بوون لەسەر پێویستی و هەوڵدانی هەمەلایەنە بۆ رێگریكردن لە تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لێكەوتەكانی".
    هەروەها ئەوەیش هاتووە كە لە كۆبونەوەكە "داكۆكیكردنەوە لەسەر برەودان بە پەیوەندیی توركیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و دراوسێیەتیی باش، دوایین پێشهاتەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەڕەشە و مەترسییەكانی داعش لە ناوچەكە و چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو".