سەرۆكی هەرێمی كوردستان و باڵیۆزی فەرەنسا دۆخی عێراق و ناوچەكە تاوتوێ دەكەن

سیاسی
  • 15-11-2023, 10:56
  • +A -A

    هەولێر- INA
    بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە ئێریك شۆڤالیێ باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق كرد.
    لە راگەیندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی نێردراوە تێیدا هاتووە:" نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە ئێریك شۆڤالیێ باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق كرد"، ئاماژە بۆ ئەوەیش كراوە كە "لە دیدارێكدا دەر‌بارەی دوایین پێشهاتەكانی پرۆسەی سیاسی لە عێراق، پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا و هەوڵەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكانی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كاریگەری و لێكەوتەكانی، بیروڕایان گۆڕییەوە".


    بەپێی راگەیندراوەكەئەوەیش هاتووە كە" نێچیرڤان بارزانی بەردەوامیی گفتوگۆی هەولێر ـ بەغدای بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان و سەردانی ئەم دواییەی بەڕێزان سەرۆك وەزیران و وەزیری نەوتی عێراق بۆ هەولێر، بە ئەرێنی لە قەڵەم دا و جەختی لە خواستی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ حكوومەتی عێراقی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور كردەوە".
    تەوەرێكی تری دیدارەكە دەربارەی دۆخی ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، هەردوولا باسیان لە هەوڵەكانی ڕێگری لە تەشەنەسەندنی زیاتری دۆخەكە كرد و داكۆكییان لە گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی عێراق كردەوە. لەمبارەیەوە هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی عێراق نەبێتە بەشێكی ئاڵۆزییەكان و سەلامەتیی هێزەكانی هاوپەیمانان و دیپلۆماتكاران پارێزراو بێت.


    هەروەها دوایین سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ پاریس و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك ماكرۆن، پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.