سەرۆك كۆمار بۆ ئاگاداربون لە بارودۆخی پارێزگای نەینەوا بە سەردانێك گەیشتە پارێزگاكە

ناوخۆ
  • 28-12-2022, 11:22
  • +A -A

    بەغداد - INA
    سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال رەشید، ئەمرۆ چوارشەممە، بە سەردانێك گەیشتە پارێزگای نەینەوا بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربون لە بارودۆخی پارێزگاكە.
    سەرۆكایەتی كۆمار لە بەیاننامەیەكدا كە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوتووە، دەڵێت: سەرۆك كۆمار بە سەردانێك گەیشتە پارێزگای نەینەوا بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربون لە بارودۆخی پارێزگاكە. 
     ئاشكراشیكرد: دوای گەیشتنی، سەرۆك كۆمار سەردانی بینای پارێزگای كرد و لەگەڵ نەجم جبوری پارێزگار و ژمارەیەك لە لێپرسراوانی باڵای كارگێڕی پارێزگاكە و لێپرسراوانی ئەمنیی و ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی پارێزگاكە كۆبۆوە و تیایدا سەرۆك كۆمار ئاماژەیكرد بەو پێگە گرنگەی پارێزگای نەینەوا كە بەلای هەموو عێراقییەكان گرنگ و جێی بایەخە، جگە لەوەی خاوەنی سەرچاوەی سروشتیەو دەوڵەمەندە بە بەرهەم و زەوی كشتوكاڵیی.
     رونیشیكردەوە: سەرۆك كۆمار گوێی لە ڕوونكردنەوەیەكی پارێزگار نەجم جبوری گرت سەبارەت بە دۆخی پارێزگاكە و ئەو ئاستەنگانەی كە دێنە بەردەم پێشخستنی دۆخی شارەكە لەرووی خزمەتگوزاری و بواری ئەمنی و ئابووری.  
    لەو رووەوە، سەرۆك كۆمار ویستی خۆی نیشاندا كە هەوڵی جددی و پێویست لەلایەن هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان بنرێت بۆ بوژاندنەوەی پارێزگاكە لە ڕووی ئابووری و سەرپێخستنەوەی شار و بوارە كەلتوورییەكەی، هەروەها جەختی كردەوە كە موسڵ توانای تێپەڕاندنی قۆناغە تاریكەكانی سەردەمی چەتەكانی تەكفیری هەیە، لە هەمان كاتدا لە تواناشیدایە بگەڕێتەوە بۆ پێگە و دۆخی پێشووی خۆی و كێشەكانی چارەسەربكرێت و پەرە بە سەقامگیری ئەمنی و یەكڕیزی دانیشتووانەكەی بدرێت.
    هەروەها سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لە گرنگی كاری جدی بۆ جێبەجێكردن و گەیشتن بە خواستە ڕەواكانی خەڵكی پارێزگاكە لە پێناو گەیشتن بە ئەنجامی ئەرێنی كە دۆخ و گوزەرانیان باشتر بكات و ویستی گەل بۆ ژیانێكی ئازاد و شكۆمەند بەدیبهێنێت.
    لە درێژەی وتەكەیدا ، سەرۆك كۆمار ئاماژەیكرد بە گرنگی پتەوكردنی ئاشتی مەدەنی و پتەوكردنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان لە رێگەی هاندان و پەسەندكردنی بیرۆكەی ئەرێنی كە ئاستەنگەكانی بەردەم گەشەپێدانی موسڵ لە هەموو بوارەكاندا تێدەپەڕێنن، جەختیشیكردەوە لەسەر پێویستی باشتركردنی دۆخی خزمەتگوزاری موسڵ لەڕێگەی ئاوەدانكردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكان و پەسەندكردنی پلانی مۆدێرن و دەستپێكردنی پڕۆژەراگیراوەكان كە پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە ژیانی هاوڵاتیان و دەستەبەركردنی هەموو پێداویستییەكانیان.
     هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، كە سەرۆك كۆمار لە سەردانەكە یدا ژمارەیەك لە وەزیرانی حكومەت هاوڕێیەتی دەكەن كە بریتین لە دكتۆر ئیبراهیم نامێس جبوری وەزیری پەروەردە و ئەندازیار عەون دیاب عەبدوڵڵا وەزیری سەرچاوەكانی ئاو و ئەندازیار نزار ئامیدی وەزیری ژینگە و دكتۆر ئەحمەد فەكاك بەدرانی وەزیری ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار و ئیڤان فایق جابرۆ وەزیری كۆچ و كۆچبەران و ژمارەیەك لێپرسراوای تری باڵا.