سەرۆکی کۆمار بۆ بارزانی جەخت دەکاتەوە لە سەر گرنگی پاڵپشتیکردنی حکومەت لە جێبەجێکردنی بەرنامە وزارییەکەی

سیاسی
  • 28-04-2024, 12:00
  • +A -A

    بەغداد-INA
    ئەمرۆ یەک شەممە "لەتیف جەمال رەشید " سەرۆک کۆمار ،پێشوازی لە "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەفدی یاوەریکرد.
    نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی ، تیایدا هاتووە :- لەدیدارێکدا کە لە کۆشکی سەلام لە بەغداد بەڕێوەچو، باس لە بارودۆخی گشتیی وڵات و پێشهاتەکان لەناوچەکەدا کرا و سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لەسەر پێویستی بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری، کە پایەیەکی سەرەکی پێشکەوتنی وڵاتە لە ئاستە جۆراوجۆرەکاندا، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئابوری و خزمەتگوزاری و بژێوی هاووڵاتیان، ئاماژەی بە گرنگی پشتیوانی حکومەتیش کرد لە جێبەجێکردنی کارنامەکەی بۆ بەدیهێنانی خواستەکانی هاووڵاتیان.
    وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە :- سەرۆك کۆمار ئاماژەی بە گرنگی سەردانەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش و پتەوکردنی پایەکانی دیالۆگی بونیادنەر و کاریگەر لەنێوان هەردوولا بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەگوێرەی دەستور و یاسا و دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی هەموو هاووڵاتیان. جەختیشیکردەوە لەسەر پێویستی پەرەپێدانی هاوئاهەنگی و هاریکاری نێوان هەردوولا، کە کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر چارەسەرکردنی کێشە هاوبەشەکان و کارکردن لەسەر پرۆژەکانی بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدان لە وڵاتدا.
    هەروەها سەرۆك کۆمار پشتیوانی خۆی بۆ بونیادنانی پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ستایشی بەردەوامیی هاریکاری و هاوئاهەنگی کرد لە ئاستە جیاوازەکان بۆ زاڵبون بەسەر بەربەستەکاندا.
    هەر لەدیدارەکەدا باس لە سەردانەکەی "محەمەد شیاع سودانی " سەرۆك وەزیران بۆ ئەمریکا و ئەنجامەکانی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و باشترکردنی هاریکارییەکان کرا، بەتایبەتی لە بواری بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و پشتیوانیکردنی عێراق لە بوارەکانی ئابوری و بازرگانیدا.
    هەروەك باس لە سەردانەکەی سەرۆکی تورکیا بۆ عێراق و دیدارەکەی لەگەڵ بەڕێز سەرۆك کۆمار و لێپرسراوانی باڵای وڵات و ئیمزاکردنی چەندین یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کرا، کە دەبنەهۆی چارەسەرکردنی دۆسێ هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو وڵات و کاراکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و دانانی چوارچێوەیەکی پێویست بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی رێگای پەرەپێدان.
    هاوکات سەرۆك کۆمار و سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەئامانجگرتنی کێڵگەی غازی کۆرمۆریان لە پارێزگای سلێمانی سەرکۆنە کرد و جەختیانکردەوە، کە ئەو جۆرە تاوانانە پێشێلکردنی سەروەریی نیشتمانین و هەڕەشەن بۆسەر ئاسایش و سەقامگیریی وڵات.
    هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لە گرنگی دیالۆگ کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و هێنانەئارای هاوئاهەنگی هاوبەش لەبارەی بابەتە لەپێشینەکان، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە پێداویستییەکانی ژیان و خزمەتگوزاریی هاووڵاتیانەوە هەیە.
    "نێچیرڤان بارزانی" راشیگەیاند: حکومەتی هەرێم خواست و ئیرادەی هەیە بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم بابەتەکان، بەشێوەیەك دادپەروەری و شەفافیەت بەدیبهێنێت و ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتدا بەرقەراربکات.