کۆشکە سەرۆکایەتییەکەی ئەعزەمییە ..  دەکرێت بە نەخۆشخانەی چارەسەرکردنی ئاڵوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکانە

  • 23-07-2018, 00:00
  • +A -A

    بەغدا/ بەشیر خزعەل

    وەرگێڕانی/ صباح کوردستان

    زۆربەی فەرمانگە و دامەزراوە حکومییەکان لەناو جەرگەی بەغدای پایتەختدا پێگەیەکی گرنگیان گرتووە، و هەندێکیان روبەرێکی گەورەیان بەرتەسککردووە کە دەکرێ شوێنی حەسانەوە و گەشتیاری بن و فەزایەکی فراوانی ئازادی هاتوچۆ و گەشتیاری بۆ دانیشتوانی بەغدا و ئەو گەشتیارانەی کە لەدەرەوەی شارەکەوە دێن، بەردەوامبوونی ناڕێکی هەڵبژاردنی پێگەی گرنگ و بەکارهێنانی لەلایەن فەرمانگە و دامەزراوە حکومی و هی دیکە، روبەری فەزای کراوە و سەوز و شوێنەکانی کاتبەسەربردن و بونیادنانی باخی گەورەی کەمکردووە، و شار پڕ بووە لە فەرمانگەی  حکومی و ناحکومی خزمەتگوزاری و ناخزمەتگوزاری، کۆشکەکانی سەرۆکایەتی کە پاشماوەی رژێمی پێشوون لە پێگەی نایاب و گرنگدان، و دەکرێ بکرێن بە شوێنی گەشتیاری یان کەلتوری، باشترە لەوەی بکرێن بە دامەزراوەی خزمەتگوزاری کە سوودەکەی سنوردار دەبێت، دەشێ بگۆڕێن بۆ باڵەخانەی دیکە بۆ هەمان مەبەست بەکاربهێنرێت و سوودی لیوەربگیرێت، هەروەك توێژەر و شارەزایانی بواری بیناسازی و دیزاینی سەرەکی شاری بەغدا پێیانوایە، لەئاستی گرنگی و سوودبەخشیدا دەشێ ئەو پێگە حکومییانەی کە خزمەتگوزاریی پێشکەش دەکەن دەستنیشانبکرێن بەشێویەك گونجاوبن و شوێنەکەیان لەناوەڕاستی شار یان لەدەوروبەری بێت. هەندێك توێژەر و پسپۆڕ دەپرسن ئاخۆ گرنگە پێگەیەکی زیندووی وەك کۆشکی سەرۆکایەتی ئەعزەمییە بکرێت بە نەخۆشخانەی چارەسەرکردنی ئاڵودەبووان بە ماددە هۆشبەرەکان؟

    بۆچوونەکان

    لەناوچەی کۆرنیش نزیك کۆشکی سەرۆکایەتی هەندێك لە وەبەرهێنەرە ناوخۆییەکان و خاوەن نەمامگە و باخچەی یارییەکانی منداڵان بڕیاری تەرخانکردنی کۆشکەکەی ئەعزەمییە بۆ نەخۆشخانەی چارەسەرکردنی ئاڵودەبووان بە ماددە هۆشبەرەکان، ((ئەبو مستەفا)) کە خاوەنی نەمامگەیەکی نزیك کۆشکەکەیە دەڵێت "پێشبینیمان نەدەکرد حکومەت ئەو کۆشکە سەرۆکایەتییە بکات بە نەخۆشخانە، لەکاتێکدا دەبوو بۆ خزمەتگوزاری دیکە بەکاربهێنرێت، چونکە بەم شێوەیە ناوچەی ئەعزەمییە بەتەواوەتی ئیفلیج دەکات، شوێنەکە لەئەسڵدا لەنگەرگای بەلەم بووە، بەر لەوەی ساڵی ١٩٩٥ کۆشکی سەرۆکایەتی تێدا دروستبکرێت و قەدەغەکرا زۆربەی خەڵکی ناوچەکە لێی نزیك ببنەوە، پاشان ناوچەی کەناراوی ئەعزەمییە لەدوای رووخانی رژێمی پێشوو کرایەوە و بوو بەشوێنی قایەقی گەشتیاری و بەهەندێك نەمامگە و باخی رازاوە فراوانکرا، و و هیواداربووین ئەو کۆشکە بکرێت بە چێشتخانە و کافتریا یان هۆتێلێکی گەشتیاری بۆ هاندانی کەرتی گەشتیاری لە بەغدای پایتەختدا، بەڵام گۆڕانی کۆشکەکە بۆ نەخۆشخانە کۆتایی بەوە هێنا ناوچەی کۆڕنیشی ئەعزەمییە شوێنێکی گەشتیاری کاتبەسەربردن بێت و کردی بە شوێنێکی مردوو.

    پرسیاری بیناسازی

    ئەندازیاری مەدەنی حەسەن عەبدوڵڕەزاق خاوەنی نوسینگەی راوێژکاری بۆ دیزاینی بیناسازی ئاماژە دەدات بەنەبوونی توێژینەوەی وا کە لە بابەتی کۆشکە سەرۆکایەتییەکان و بەکارهێنانیاندا پرسی ئابوری یان رۆشنبیری وابەستەکراو بێت بە دیزاینی سەرەکی شاری بەغدا، بەوەی کە دەکرێ شوێنی گەشتیاری سوودی ئابوری بۆ خەزێنەی دەوڵەت هەبێت، ئەمەش لەرێگەی گۆڕینی شوێنەکە بۆ کەلتوریی یان خۆشگوزەرانی، کە بەوە دەکرێت قەرەباڵغی سەدان فەرمانگەی حکومی و نەخۆشخانەی ئەهلی هەڵبگیرێن و بگوازرێنەوە کە لە روبەری  نزیکدان و شوێنەکانی دیکەی بەرتەسك کردووە کە دەکرێ بکرێن بە چێشتخانە و بازاڕ یان باخ و پارك، دەیان ساڵ لە سەردەمی رژێمی پێشوودا زۆربەی رووبەری هەردوو لای روباری دیجلە لە بەغدا و شارەکانی دیکەدا بەهۆی بوونی کۆشکە سەرۆکایەتییەکان بۆ هاووڵاتیان قەدەغەبوون".

    وتیشی "من وەك راوێژکار وایدەبینم گۆڕینی کۆشکی سەرۆکایەتی بۆ نەخۆشخانە هەڵەیەکی بیناسازی گەورەیە و سوودێکی وای نابێت بەقەد ئەوەی بۆ شوێنێکی گەشتیاری بەکاربهێنرێت،رووبەری کۆشکی ئەعزەمییە نزیکەی ٣ هەزار مەتر چوارگۆشەیە کە لە گۆڕەپانی دەلالی عەرەبیەوە درێژدەبیتەوە تا کۆڕنیشی ئەعزەمییە و تێیدا دەیان ژوور و هۆڵ هەن و مەلەوانگە و دەریاچەی بەخێوکردنی ماسی تێدایە، بێجگە لە باخی گەورە و روانگەی فەلەکی، و زۆربەی باڵەخانەکە لە بەردی عێراقی و بەردی گرانێتی ئیتاڵی بە نەخش و نیگاری عەباسی و ئەندەلوسی دروستکراوە. و دەتوانرێت لە ئاسمانەوە بەروونی ببینرێت و لە باڵەخانەکانی دیکە جیابکرێتەوە، ئایا عەقڵ قەبوڵی دەکات باڵەخانەیەك لەو ئاستەدا بێت بکرێت بە نەخۆشخانەی ئاڵودەبووان بە ماددە هۆشبەرەکان؟

    زیادەڕۆیی

    دکتۆر (ا، ع) مامۆستای دەروونزانی کە زانکۆی بەغدا نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت لەلیدوانێکیدا وتی "دەکرێ باڵەخانەیەکی دیکە لەجیاتی کۆشکەکەی ئەعزەمییە بۆ نەخۆشخانە تەرخان بکرێت، چونکە ئەم کۆشکە بەشێكە لە مێژووێکی سەخت کە عێراق پێیدا تێپەڕیوە، زۆربەی وڵاتانی جیهان شانازی بە مێژووی گەلانیانەوە دەکەن هەرچەند کات و سەردەمەکان تاڵ و توندوتیژیش بووبن، و بەدەستی سیستمە زۆردار و دیکتاتۆرەکانیش ناڵاندبێتیان، تەرخانکردنی ئەم باڵەخانەیەش بۆ ئەم توێژەی نەخۆشان کارێکی زیادەڕۆییە، پێویستی بەوە نەدەکرد ئەو بابەتە ئەوەندە گەورە بکرێت، ژمارەی ئاڵوودەبووان لە عێراقدا نەگەیشتۆتە هەزاران کەس، و دەشێ لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا بەش و باڵی تایبەت بەم بابەتە دەروونییە بکرێتەوە. ئەم جۆرە نەخۆشانە ژمارەیان کەمە بەپێجەوانەی ئەوەی کە لەئەوروپا و هەندێك وڵاتی ئاسیا و ئەفەریقا هەیە، لەبەرئەوەی لایەنی دەروونی لەخستنەڕووی ئەم بابەتەدا وەك دامەزراوەیەکی تەندروستی بۆ چارەسەرکردنی ئاڵوودەبوان رەنگدانەوەیەکی ناکۆکی دەبێت بەهۆی ئەوەی رێژەی ئاڵوودەبوون دیاردەیەکی روو لەزیادبوونە و پێویستی بە دامەزراوەی تەندروستی گەورە هەیە، لەهەمانکاتدا زۆربەی شارەکانی عێراق پێویستیان بە نەخۆشخانە هەیە لە پسپۆڕی دیکەی نەخۆشییەکان و نەشتەرگەرییە گەورە جیاجیاکان، دواتر چارەسەری ئاڵوودەبووان بەشە هەرە زۆرەکەی لایەنی دەروونیە و پێویستی بە هۆڵی نەشتەرگەری یان چاودێریکردنی چڕ و ژووری تایبەت نییە وەك ئەوەی لە نەخۆشخانەکانی دیکەدا هەیە.

    ئیحاڵەکردن

    ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران ئاشکرای دەکات کە کۆمەڵگای کۆشکە سەرۆکایەتییەکانی ناوچەی ئەعزەمییە بۆ وەزارەتی تەندروستی ئامادەکراوە تا وەك نەخۆشخانەی ئاڵوودەبووان بە ماددە هۆشبەرەکان تەرخانبکریت.

    بەڕێوبەری فەرمانگەی خانوبەرەی دەولەت ئەحمەد روبەیعی دەڵێت " لیژنەی کۆشکە سەرۆکایەتییەکان پشکنینەکان ئامادەدەکات و راستی دۆخی کۆشکەکەان رادەگەیەنێت، لیژنەکە کارەکەی خۆی ئەنجامدەدات بە ئاماری کۆشکەکان لە پارێزگاکانی ئەنباڕ و نەینەوا و سەڵاحەدین بەمەبەستی تەواوکردنی ژماردن و خستنەڕووی بۆ بەردەم لیژنەی کۆشکە سەرۆکایەتییەکان لە ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیران تا رێوشوێنی پێویست بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆشکەکان بگرێتەبەر".

     هەروەها وتی "تێڕوانینی سەرەتایی حکومەت لە کۆشکەکان ئەوەیە بدرێتە وەبەرهێنان، لەگەڵ تەرخانکردنیان بۆ فەرمانگەی حکومی بەپێی پێویست"، ئاماژەشیدا بەوەی فەرمانگەی خانوبەرەی دەوڵەت سەرگەرمی هەماهەنگی بۆ مەبەستی بەکارهێنانی کۆشکەکانی ئەعزەمییە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە تاکو بیکات بە نەخۆشخانەی نەهێشتنی ئاڵوودەبوون بە مادە هۆشبەرەکان". روونیشیکردەوە کە لەئێستادا سەرگەرمی هەڵاوێردکردنی کۆشکە سەرۆکایەتییەکانی دیکەن، زۆربەی ئەم کۆشکانە لەسەر پارچە زەوی گەورە دروستکراون و پێویستیان بەوە هەیە تاپۆی خانوبەرەکەیان تاووتوێ بکرێت و کێشەی خاوەندارێتی خانوبەرەکان یەکلابکرێتەوە بۆئەوەی رێوشوێنەکان تەواوبکرێن و خاوەنی پارجە زەوییەکان بناسرێن تاکو لەرووی یاساییەوە مامەڵەیان لەگەلدا بکرێت". دیدی پێچەوانە

    پزیشکی راوێژکاری نەخۆشییەکانی دڵ (ح.ع) نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە بەبیانوی ئەوەی رێگەپیدراو نییە وەك فەرمانبەری حکومی لێدوان بدات، وتی "تەرخانکردنی کۆشکی ئەعزیمە وەك نەخۆشخانەی چارەسەری ئاڵوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر هەڵەیەکی گەورەی وەزارەتی تەندروستییە ئەگەر ئەو داوای ئەو بابەتەی کردبێت، چونکە لەجیاتی ئەوەی هەزاران نەخۆشی دڵ بڕۆن بۆ وڵاتەکانی هیندستان و تورکیا و لوبنان و ئەردەن بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری دڵ، بەهۆی نەبوونی هۆڵی نەشتەرگەری گونجاو و نەبوونی ئامێری پزیشکی لە نەخۆشخانەکانی ئیبن نەفیس و ئیبن بەیتار کە باڵەخانەکانیان کۆن و نەخۆشیان زۆرە، دەکرا وەزارەت باڵەخانەی لەم شێوەیە بکات بە کۆمەلگایەکی پزیشکی بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی دڵ یان نەخۆشییەکانی شێرپەنجە کە ژیانی سەدان منداڵ لەناودەبات، نەك تەنها بۆ چارەسەری ئاڵوودەبووان".

    وتیشی "بێگومان هەندێك بەشی ئەو کۆشکە لەژیر ناوی نەخۆشخانەی ئاڵوودەبووانەوە دەکرێن بەوەبەرهێنانی شاراوە، پێویستە لیژنەیەکی پسپۆڕی تەلنیکی لە سەرجەم بوارەکانی پزیشکی و ئەندازیاری و ژینگەیی و دەروونی و ئابووری هەبێت (ئەندامەکانی لەدەرەوەی دەسەڵات)دا بن، بەو مانایەی فەرمانبەر نەبن، بۆ ئەوەی هەڵسەنگادن بکەن ئاخۆ ئەم کۆشکە بەکردار پێویستی بەوەیە تەنها بۆ چارەسەکردنی توێژێكی بچووکی کۆمەڵگا بەکاربهێنرێت؟ کە توێژی ئاڵوودەبووان بە ماددەی هۆشبەرە، ئەوانەی کە لە دیدگای کۆمەڵگای عێراقییەوە خاوەن رابردووێکی تاوانکاری و دەرچوون لە دابونەریت و رێساکانن".

    رای جیاواز

    لەکاتێکدا بیروبۆچوونی جیاواز هەیە دەربارەی بەکارهێنانی کۆشکەکە بۆ نەخۆشخانەی چارەسەری ئاڵودەبووان بە ماددەی هۆشبەر، وەزارەتی تەندروستی داوای لە حکومەت کردووە خەرجی تەواو بۆ نەخۆشخانەکە تەرخان بکات، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و دۆخی کەمخەرجکردن لە وڵاتدا پێشنیارکراوە ئەو کۆشکە بۆ ئەم مەبەستە بەکاربهێنرێت، کە لەرووی کردارەکییەوە شوێنێکی نایابە بۆ دامەزراندنی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە ئاڵودەبووان، بێجگە لە رووبەر و پێگەکەی کە باخ و باخاتی تێدایە بۆ نەخۆش دەبێتە مایەی ئارامی و پشوو، لەگەڵ سوودەکانی دیکەی و دەشێ ئەم کۆشکە بەشی ئەوە بکات تێیدا بەشی دیکە بکرێتەوە بۆ نەخۆشییە دەروونییەکانی دیکە.