پارێزگاری هەولێر كۆبونەوەیەكی تایبەت بە ئامادەكاریەكانی جەژنی ڕەمەزان سازکرد

ناوخۆ
  • 27-04-2022, 15:22
  • +A -A

    هەولێر- INA
    ئومید خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە لەكۆبونەوەیەكی تایبەت سەبارەت بە ئامادەكاریەكانی جەژنی ڕەمەزان بە ئامادەبونی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی سنوری پارێزگاكە،
    بەگوێرەی راگەیەنراوێكی پارێزگای هەولێر كە كۆپییەكی دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوت تێیدا هاتووە"، لە كۆبونەوەكەدا سەبارەت بە سەرپێچی و زێدەڕۆیی لەسەر موڵكی گشتی پاڵپشتی تەواو بۆ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان دووپاتكراوەتەوەكە بەهیچ شێوەیەك نابێت چاوپۆشی لەهیچ كەس و لایەنێك بكرێ سەرپێچی و زێدەڕۆیی بكاتە سەر موڵكی گشتی بەتایبەتی لەڕۆژانی جەژن و پشوەكان كەسانێك دەیانەوێت ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە بۆ ئەنجامدانی سەرپێچی و زێدەڕۆیی.
    هەروەها هاتوە كە سەبارەت بە كەمكردنەوەی رۆتین و كاروبارەی هاووڵاتیان، جەختكراوتەوە كە پێویستە لەسەر هەموو لایەك بەیەكسانی و بەوپەڕی رێزەوە لە رایكردنی مامەڵەو كاروبارەی هاوڵاتیان ئاسانكاریان پێشكەش بكەن.
    لەكۆتایی كۆبونەوەكەشدا مەترسییەكانی نەخۆشی تای خوێن بەربوون خرایە بەرباس كە نەخۆشیەكی كوشندە و مەترسیدارە و لەئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ بەتایبەتی لەكاتی سەربڕینی لەڕێگەی خوێن یان خواردنی گۆشتی ئاژەڵی نەخۆش دووچاری مرۆڤ دەبێت و لەئێستاشدا لە چەند شارێكی عێراقی چەند حاڵەتێكی ئەم نەخۆشیە تۆمار كراوە و چەند كەسێكیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە. سەبارەت بەو پرسە جگە لەوەی جەخت لەوەكرایەوە كە لەبەر هەبوونی نەخۆشی تای خوێن بەربوون لە عێراق، هەرچەندە تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان هیچ حاڵەتێك بەدی نەكراوە، لەپێناو كۆنترۆڵكردنی نەخۆشیەكە و سەلامەتی هاوڵاتییان چەند ڕێنماییەكی پێویست بۆ خۆپارێزی و بەرچاو روونی هاوڵاتییان لەلایەن پارێزگای هەولێر بڵاو بكرێتەوە، ئەوە جگە لەوەی تەئكیدی لە شارەوانییەكان كرایەوە كە پێویستە بەهەموو شێوەیەك سەربرینی ئاژەڵ لەسەر شەقامەكان قەدەغەبكرێت و هەركەس ئەنجامیبدات ڕێكاری یاسایی لەبەرامبەردا بگرنەبەر.