سەرۆککۆمار:هەڵبژاردنی داهاتوو چارەنوسازە

سیاسی
  • 8-06-2021, 16:30
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع   

    به‌رهه‌م ساڵح سەرۆک کۆمار،ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌،ڕایگه‌یاند پاک وبێگەری هەڵبژاردنەکان پێویستییەکی نیشتمانییە بۆ ھێنانەکایەی چاکسازی بنەڕەتی و پشتیوانی لە کاروانی دیموکراسی
    سه‌رۆكایه‌تى كۆمار له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى (اه‌ع)كه‌وتووه‌،بڵاویكرده‌وه‌"بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق  لەکۆشکی سەلام لەبەغدا کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی گرنگی ئەنجامدا لەبارەی چاودێریکردنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران کە تێدا ھەریەک لە جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق و سەرۆکی ئیداری هەڵبژاردنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان و ھەردوو سەرۆکی سەندیکای پارێزراوان و رۆژنامەنووس و سەرۆکی یەکێتی یاساناسان و ژمارەیەک تۆڕی چاودێری هەڵبژاردن و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئامادەی بوون.
    لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن کرا لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوودا، ھەروەھا بەگرانگییەوە باس لە رۆڵی دەزگاکانی جێبەجێکار و تەشریعیەکانی دەوڵەت و رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ چاودێریکردن و زامنکردنی پاکوبێگەری و دادپەروەری هەڵبژاردنەکان کرا دوور لە ساختەکاری و فرتوفێڵ، دووپاتیشکرایەوە لە دووبارەنەبوونەوەی ھەمان ھەڵە و ساختەکاری پرۆسەکانی پێشووی، کە بووە ھۆی ئەوەی دەنگدەران متمانەیان بە پرۆسەی هەڵبژاردن نەمێنێت.
    ھەر لەکۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار رایگەیاند، هەڵبژاردنەکانی داهاتوو چارەنووسساز و یەکلایکەرەوەیە، بۆیە گرنگییەکی زۆری ھەیە، بەتایبەتی کە دوای داواکاری جەماوەری و کۆدەنگی نیشتمانی ھات بۆ کۆتایی ھێنان بە دۆخی نەخوازروای وڵات، ھەروەھا تاقیکردنەوەیەکی گرنگیشە بۆ راستکردنەوەی پرۆسەی دێموکراسی و ئایندەی وڵات، ھاوکات ئاماژەیکرد بەوەی یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو بارگرژییە سیاسییەی وڵات دەگەڕێتەوە بۆ بوونی کەموکورتی لە پرۆسەی هەڵبژاردن و ھەرئەوەش بووەتەوە ھۆی ئەوەی ھەڵبژاردن شەرعییەت لەدەستدا لەلای هاووڵاتیانی عێراق.
    لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بەرھەم جەختیکردەوە لە گرنگی گەڕاندنەوەی متمانەی دەنگدەران بە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان و دڵنیابوون لەبەشداری بەرفراوانی خەڵک وەک کارێکی سەرەکی و لە پێشینە، تاوەکو هەڵبژاردنەکان رێڕەوی راستەقینەی ئاشتیانەی گۆڕانکاری و چاکسازیی و راستکردنەوەی دۆخی گشتی وڵات بێت و ھاوکات پشتیوانی بکات لە پرۆسەی دێموکراسی لە وڵات، کەبەهۆی پێشێلکارییەکان لە پرۆسەکانی هەڵبژاردنی پێشوو متمانەی نەماوە، ئاماژەشیدا بەپێویستی گەڕاندنەوەی دەسەڵات بە عێراقییەکان لە دەربڕینی خواستی ئازادانەی خۆیان وەک بنەمای شەرعی بۆ حوکمڕانی. سەرۆک بەرھەم وتیشی بەدیهێنانی ئەمە لە رێگەی سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکانەوە دەبێت لەسەر بنەمای پاکوبێگەردی، ھەروەک دەبێتە هۆی بەهێزکردنی بنەماکانی سیستەمی دیموکراتی، هەموو ئەمانەش مافێکی نیشتمانییە ناکرێت پشتگوێ بخرێت.
    لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە کە ھێنانەدی ئەو داواکارییە رەوایە بەرپرسیارییەتییەکەی لە ئەستۆی هەمووانە، لە حکومەت و ئەنجومەنی نوێنەران و هێزە سیاسییەکان کە لە پێکهێنانی ئەم حکوومەتە دا بەشداربوون و پشتیوانی لە ئامانجی سەرەکی دەکات بۆ رێکخستنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، لە پێناو راستکردنەوەی هەڵە و کێشە و قەیرانە کەڵەکەبووەکان، بۆیە پێویستە دان بنین بەوەی کە کێشەی گەورەمان ھەیە و پێویستە چارەسەری ریشەیی بۆ بدۆزینەوە، ھەروەھا ئاماژە بە گرنگی رۆڵی کارا و و جددی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد لە چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان و هەروەها رۆڵی گرنگی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و تۆڕەکانی چاودێری لە سەرانسەری وڵاتدا بە گرنگ وەسفکرد، بۆ بەھێزکردنی بەشداری بەرفراوانی خەڵک و مسۆگەرکردنی پاکوبێگەردی و دادپەروەری ھەڵبژاردنەکان.
    لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە بە تێروتەسەلی بیروڕای خۆیان ئاڵوگۆرکرد سەبارەت بە پێویستییە گرنگەکانی سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن و ھێنانەدی پاکوبێگەردی و دادپەروەری، لە قۆناغە جیاجیاکان و گرنگی ھەماھەنگی و یەکخستنی ھەوڵە فەرمی و مەدەنییەکان، لە پێناو چاودێریکردنی جددی و کارا بۆ سەرخستنی پروسەی ھەڵبژاردنەکان.