سه‌رۆكایه‌تى كۆمار داوا له‌ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ده‌كات په‌له‌ بكات له‌په‌سه‌ندكردنى یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كان

  • 17-08-2020, 00:00
  • +A -A

     به‌غدا-حازم محه‌مه‌د حه‌بیب

     
    و:سۆما جاف
     
     حەسەن جیهاد راوێژكاری سەركۆمار،رایگەیاند كە سەرۆكایەتی كۆمار لە میانی ماوەكانی رابردوودا، بەو ئاراستەیە كاری كردووە كە گفتوگۆكانی نێوان بەغدا و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت بە ئامانجی گەیشتن بە رێككەوتنێكی گشتگیر و كۆتایی و جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە كە سەرۆكایەتی كۆمار پاڵپشتی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات و لەبەر ئەوە داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەكات پەلە بكات لە پەسەندكردنی یاسای هەڵبژاردنەكان.جیهاد له‌لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامه‌ى"سه‌باح"كه‌ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)چاودێرى كردووه‌،ئاماژه‌ى داوە كە سەرۆكایەتی كۆمار زیاتر لە بۆنەیەكدا جەختی كردووەتەوە لەسەر ئەوەی كە دەبێت دۆسیەكانی نەوت و دەروازە سنوورییەكان بە شێوەیەكی شەفاف گفتوگۆیان لەوبارەوە بكرێت و سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان ناوەند و هەرێم بەپێی دەستوور و یاسا چارەسەر بكرێن، بەتایبەتیش كە حكوومەتی فیدرال دەیەوێت چاودێری ناوەند لەسەر دەروازە سنوورییەكاندا هەبێت كە ئەوەیش كێشەیەكە، تا ئێستا چارەسەر نەكراوە و وتیشی:"لەبەر ئەوە داوا لە هەردوولا دەكەین بەردەوام بن لە گفتوگۆكردن بە ئامانجی چارەسەركردنی سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوانیان".سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختە،  حەسەن جیهاد راوێژكاری سەركۆماری عێراق،  رایگەیاند كە سەرۆكایەتی كۆمار پاڵپشتی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات و لەبەر ئەوە داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەكات پەلە بكات لە پەسەندكردنی یاسای هەڵبژاردنەكان.حەسەن جیهاد ڕایشیگه‌یاند: "حكوومەت ئەوەی دووپات كردووەتەوە كە بەپێی ئەوە وادەیەی دیاریی كردووە توانای هەیە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدات، بەهەموو هێزێك پاڵپشتی لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەكات و هەوڵیش دەدات پێدوایستییەكانی كۆمیسیۆنەكە دابین بكات".راوێژكاری سەركۆماری عێراق، حەسەن جیهاد گوتیشی: "ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە داواكاریی یەك لایەن یان لایەنێكی دیاریكراو نییە، بەڵكو داواكارییەكی جەماوەرییە بە تایبەتیش كە لە میانی خۆپیشاندانەكاندا، داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە كراوە، ئەمە وێرای ئەوەی مەرجەعییەت لە زیاتر لە بۆنەیەكدا بە تایبەتیش لە گۆتارەكانی هەینییدا داوای كردووە كە گرنگە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت، هەروەها زۆربەی پارت و لایەنە سیاسییەكانیش داوایان كردووە كە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت، لەوەیش گرنگتر ئەوەیە لە چوارچێوەی كارنامەی حكوومەتی ئێستا ئاماژە بەوە دراوە كە لە میانی ئەم قۆناغەدا، كار دەكات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە".وتیشی:"هەر سێ سەرۆكایەتییەكە لە كۆبوونەوەی رابردوودا، جەختیانكردبوویەوە لەسەر ئەوەی كە گرنگە ئەنجوومەنی نوێنەران یاسای هەڵبژاردنەكان پەسەند بكات بۆ ئەوەی لەلایەن سەركۆمارەوە پەسەند بكرێت تا هەڵبژاردنی پێشوەختە لەو وادەیەی بۆی دیاریی كراوە، ئەنجام بدرێت، جگە لەوەیش بە پێویستیان زانیوە كە كێشەكانی دادگای فیدرالی چارەسەر بكرێت".