وه‌زاره‌تى تەندروستى : پێشوازى زۆر لە وەرگرتنى ڤاکسینەکان دەکرێت

ناوخۆ
  • 6-06-2021, 15:40
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع   
    وەزارەتى تەندروستى  ئاشکرای کرد، ژمارەى ئەو کەسانەى سەردان دەکەن بۆ وەرگرتنى ڤاکسین لە زیادبووندایە و مانگى داهاتوو ژمارەى ئەو ڤاکسینانەى دەهێنرێنە عێراقەوە 10 هێندە زیاد دەکەن.  
    ڕیاز عەبدولئەمیر، بەڕێوەبەرى تەندروستى گشتى لە وەزارەتى تەندروستى  بە ئاژانسى هەواڵى عێراقی(اه‌ع) ڕایگه‌یاند، لە سەرەتاوە هاوڵاتیان ترسیان لە وەرگرتنى ڤاکسین هەبووە بەڵام دواى ئەوەى ژمارەیەکى زۆر خەڵک وەریانگرت ئەوانى تریش ئێستا دەیانەوێت وەریگرن و خواست لەسەرى زیاد بووە.  
    باسى لەوەشکردووە، ئەو بڕە ڤاکسینەى لە ئێستادا هەیە بەس نییە و هیوادارین لە مانگى داهاتوودا ژمارەیەکى زۆرتر ڤاکسین بگات و بڕیارە 10 هێندەى ئێستا ڤاکسین بهێنرێت، تائێستاش هەندێک دودڵن لە وەرگرتنى بەڵام پێشبینى ئەوە دەکەین ئەو دودڵییە بەرەو کەمبوونەوە بچێت، چونکە تا ژمارەى ئەوانەى ڤاکسین وەردەگرن زیاتر بێت دودڵى کەمدەبێتەوە و متمانە بە ڤاکسینەکان پەیدا دەبێت.  
    ئەو بەڕێوەبەرە گشتییەى وەزارەتى تەندروستى عێراق جەختی لەوەشکردووەتەوە، ژمارەى ئەوانەى تا 2ى حوزەیران ڤاکسینیان وەرگرتووە گەیشتووەتە 625 هەزار و 843 کەس، ژمارەى ئەو بڕە ڤاکسینەى فایزەر لە مانگەکانى سێ تا شەش گەیشتوونەتە عێراق گەیشتووەتە 500 هەزار ڤاکسین.  
    جەختی لەوەش کردووەتەوە، لە مانگەکانى تەموز و ئاب و ئەیلول 5 ملیۆن ڤاکسینى ترى فایزەر دەگاتە عێراق ئەوەش واتاى ئەوەیە 10 هێندەى ئەوەى ئێستا هەیە، لەگەڵ کۆڤاکس گرێبەستى 16 ملیۆن ڤاکسین کراوە و تائێستا 840 هەزارى گەیشتووە ئەوى ترى لەماوەى شەش مانگى داهاتوودا دەگات، هەروەها چەند ڕۆژێک پێش ئێستا 500 هەزار ڤاکسینى سینۆفارم گەیشتووە و گرێبەستى 2 ملیۆن تر کراوە لە ماوەى چەند مانگى داهاتوودا دەگەن.