نەخۆشیی نوسین

  • 27-06-2018, 00:00
  • +A -A

    هەیە پرسیارم لێ دەکات کە باشترین شێوازی نوسین لەپێناوی خەڵاتدا چۆنە، ئەو بابەتانە چین کە بۆ خەڵات باشن؟ دەبێت ئەو کارەی کە خەڵات وەردەگرێت، چەند لاپەڕە بێت؟ زۆر شتی تریش کە بەڕاستی پێکەنیناویین؛ وەک بڵێی ڕۆمان کراس یان پانتۆڵێک بێت کە هەروا بە سادەیی بدوانیت بیبڕیت و بیدوریت و لەبەری بکەیت تا خەڵک پێی سەرسام ببن. بێگومان من وەڵامی ئەم پرسیارانە نادەمەوە کە وەهم دەیانبزوێنێت. ئەمیر تاجولسیڕ و/ صباح کوردستان هەمیشە نوسینم بەیەکێک لە نەخۆشیەی بێچارەکان داناوە، کە چاکبوونەوە لێی زەحمەتە، چ بۆ ئەوانەی تووشی بوون و تەمەنی خۆیان تێدا بەفیڕۆ داوەو دوای کەوتوون و هەوڵیانداوە لێی شارەزا ببن. یان ئەوانەی هەر لە ئەسڵدا تووشی نەبوون، بەڵکو تووشی لێکەوتەکانی بوون، هەمووی یان بەشێکی، بەتایبەتی دوای دەرکەوتنی خەڵاتە ئەدەبییەکان لەم جیهانە عەرەبییەی ئێمەدا، لەپاڵ ئەو خەونانەی لەگەڵ خۆی هێناونی. گرنگترین لێکەوتەی نەخۆشیی نوسین، ئەو وەهمەیە کە هەندێک دەیپۆشن‌و خۆیانی پێوە فشدەکەنەوە، ئەوانە دەچنە سەر کارەکانیان، دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان، خێزانەکانیان دەژێنن، منداڵەکانیان دەبەنە قوتابخانەو زانکۆکان، لەوانەشە بەشداریی بۆنەی کۆمەڵایەتیی زۆر بکەن، وەک بۆنەکانی خۆشی‌و ناخۆشیی، لەهەمان کاتیشدا کۆمەڵێک هزری ناواقیعییانە لەناخی خۆیاندا پەروەردە دەکەن، بەپەرۆشن بۆ کامڵبوننیان، خەڵک بە نەزان تێدەگەن. ئەمانە لەبابەتی نوسینەوە زۆر دوورن، وەک ئەو پزیشک‌و برینپێچ و فەرمانبەرانەی لەناو پیشەی ماندووکەردا نغرۆ بوون، لەوانەیە کاتی خوێندنەوەی کتێبێکیان نەبێت، کەچی لافی ئەوە لێدەدەن کە نوسەر یان شاعیری گەورەن. لەماوەی کارکردنمدا، گەلێکم لەوانە بینیوە، ئەوەی سەرسامی دەکردم ئەو متمانە زۆرەیە کە بەوەهم هەیانە، چونکە وەهم ڕێگای ئەوانە بۆ ئاسودەییەکی سنورداری ناو خودیان، بەڵام ئەوەندە خۆشە بەقەدەر گەردوون فراوان دەبێتەوە. دوای سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی خەڵاتە جۆراوجۆرە ئەدەبییەکان، بەناو ئەم واقیعە خەمۆکەی پیشەی نوسیندا، ئیتر شاعیران و نوسەران وەهمیان کردە بابەتی هەڵبژاردەی خۆیان، هەمیشە لە گفتوگۆو ئاخاوتنەکانیاندا باسیان دەکرد. نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر نەخۆشێک لە کۆتایی پەنجاکانی تەمەنیدا هاتە لام، قات‌و بۆینباخی شیکی پۆشیبوو، بە باشی قژی بۆیاخ کردبوو، بەجۆرێک لەسەر کورسییەکەی بەردەمم دانیشت کە بۆنی ئەوەی لێدەهات کابرا ئەستێرەیەکی پرشنگدار بێت‌و من نەیناسم. پرسیم چیتە؟ سەرەتا ئاشکرای نەکرد، بەڵکو دەستی کرد بە گێڕانەوەی خەونێک یان وەهمێک، ئینجا باسی نەخۆشییەکەی کرد کە نەخۆشییەکی درێژخایەنیشە، هاتبوو چارەسەری فشاری خوێن وەربگرێت. پرسی: - نامناسیت؟ - نە بەخوا! بەوردی لێی ڕامابووم، سەیری ناوەکەیم کردبوو کە لەبەردەممدا نوسرابوو، گەشتێکی خێرام بە ڕێکپۆشی‌و لوتبەرزییەکەیدا کرد، هیچم هەڵنەکڕاند، بێزارییەکی زۆر بە سیمایەوە بوو، وادیاربوو هەستی بە ڕووشانی هەستی دەکرد، چۆن ئەو ئەستێرەیە ناناسم! لەڕاستیدا ئەوەی ڕووشابوو وەهمی ئەستێرەیی بوو. ئینجا باسی خۆی کرد: من شاعیرێکی مەزنم، لەئێستادا باشترین شاعیرم، دیارە تۆ سەرقاڵی پیشەکەی خۆتیت و هیچ لەبارەی شیعرو شاعیرانەوە نازانیت. قسەکانی کاریان تێکردم، هەستم بە نەزانیی خۆم کرد، خۆ من بەردەوام لەدیمەنی نوسیندا ئامادەم، بەردەوام دەخوێنمەوە، هاوڕێی نوسەران و شاعیرانم، هەواڵی ڕاست و درۆم پێ دەگات. پۆزشم بۆ پیاوەکە هێنایەوە، بەوەی کاتم کەمەو پیشەکەشم ئەرکی قورسە. بەڵێنم پێدا بۆ بەرهەمەکانی بگەڕێم و لە نزیکترین پشوودا سەیریان بکەم. کارتێکی پێدام بە متمانەوە لەسەری نوسیبوو: شاعیر. کە چوومەوە ماڵەوە یەکسەر دەستم کرد بە گەڕان بەدوای ئەو ناوەدا، ئەنجامەکەی زۆر نائومێدکەرانە بوو، شاعیرێک بەو سیفەتانەی ئەو لەئارادا نەبوو. ئەمە وەهمەکەیە، کارکردو دەرکەوتە شێتانەو شەرمەزارکەرانەکەی نوسین، کە بەداخەوە لە تەشەنەکردندایە. دوای ئەوەی خەڵاتگەلی وەک عەویس، پۆکەری عەرەبی، هەروەها کەتارا بوونە واقیعێکی چەسپاو لەژیانی ڕۆشنبیرییدا، ئیتر وەک وتم، وەهم پەلاماری دان‌و دزینی بۆ خۆی. من گەلێک نامەم لە کەسانێکەوە پێدەگات کە ڕاشکاوانە دەڵێن ئەوانە بەهیچ جۆرێک داهێنەر نین، لەژیانیاندا هیچیان نەخوێندۆتەوە، بەڵام چاک دەزانن کە دەنوسن و خەڵاتی گەورەش بەدەست دەهێنن. هی وایان هەیە پرسیارم لێ دەکات کە باشترین شێوازی نوسین لەپێناوی خەڵاتدا چۆنە، ئەو بابەتانە چین کە بۆ خەڵات باشن؟ دەبێت ئەو کارەی کە خەڵات وەردەگرێت، چەند لاپەڕە بێت؟ زۆر شتی تریش کە بەڕاستی پێکەنیناویین؛ وەک بڵێی ڕۆمان کراس یان پانتۆڵێک بێت کە هەروا بە سادەیی بدوانیت بیبڕیت و بیدوریت و لەبەری بکەیت تا خەڵک پێی سەرسام ببن. بێگومان من وەڵامی ئەم پرسیارانە نادەمەوە کە وەهم دەیانبزوێنێت. خەڵاتی تریش هەن کە دەبەخشرێنە لێکۆڵینەوە ڕەخنەییەکان، زانراویشە کە لێکۆڵینەوە ڕەخنەییەکان داهێنانێکی ترن و هاوشانی داهێنانی چیرۆک یان شیعرن. گەلێک ڕەخنەگری وەفادارو تێکۆشەر هەن، بەلێوەشاوەیی کاردەکەن‌و خەڵات دەبەنەوە، هەندێکی تریش هەن کە لەوەهمدان و هاوشێوەی ئەوانەن کە وەهمی نوسینی داهێنەرانە لێی داون، ئەمانە چنگیان کردووە بە کۆمەڵێک شتی ناڕاستەقینەداو دەخوازن خەڵات بەدەست بهێنن. لەمبارەیەوە ئەزمونی زۆرم هەیە، لەوانە، نامەیەکم لە کچێکەوە پێگەیشتووەو دەڵێت ئەو ڕەخنەگرێکی ئەکادیمییە، داوام لێدەکات باسێکی درێژی چەند هەزار وشەیی لەبارەی ڕۆمانەکانمەوە بنوسم، بۆی بنێرم تا پێشکەشی بکات بۆ بەدەستهێنانی خەڵات، یەکێکی تریش دەڵێت کە هەست دەکات من بە ڕاستی یاریدەی دەدەم ئەگەر لێکۆڵینەوەیەکی گەورەی لەبارەی ڕۆمانە مێژووییەکانمەوە بۆ بنوسم، هەر خەڵاتێکیش وەربگرێت، نیوەی دەداتە من. ڕەنگە ئەمە شتێکی پێکەنیناویی بێت، بەڵام لەڕاستیدا جێگای داخە، چونکە ئەگەر من بمزانییایە چۆن باس و لێکۆڵینەوە ئەکادیمییەکان دەنوسرێن، خۆم بەرهەمەکەیم دەچنییەوە. چەند ڕۆژێک لەمەوبەر نەخۆشێک هاتە لام، بەردەوام بەشی خوارەوەی پشتی ژانی دەکرد، لە پەنجاکانی تەمەنیشیدا بوو، بەڵام زیاد لەپێویست خۆی قۆز کردبوو، ڕدێنێکی سپیی پەرتو بڵاوی هەبوو. کابرا سکاڵای خۆی کردو بردییەوە بۆ ئەوەی کە زۆر لەسەر کۆمپیوتەر دادەنیشێت، هەر لە بەیانییەوە تا ئێوارە، بەڕۆژدا فەرمانبەرەو ئێوارانیش ڕۆماننوسە. پرسی: شتێکت بیستووە ناوی ڕۆمان بێت؟ بەخێرایی وتم: زۆر نا. وتی: چیرۆکێکی درێژەو کەسێکی بەهرەدار دەینوسێت‌و خەڵک دەیخوێننەوەو چێژی لێ وەردەگرن، من یەکێکم لە سوارچاکەکانی و گەلێک خەڵاتیشم وەرگرتووە. ئەمیش دیسان لەناو وەهمدا نغرۆ بووە، چونکە ناوەکەی هیچ مانای ئەوە نەبوو سوارچاکی بوارێک بێت کە من ڕەنگە ئەوانەشی تێدا بناسم کە هێشتا گاگۆڵکێ دەکەن، وابزانم ئەم پیاوە یەکێک لە خەڵاتە گەورەکانی ڕاکێشاوەتە ناو وەهمەوە، ئەو خەڵاتەی کە لەپێشچاوی ئەوانەی پێی دەزانن و ئەوانەش کە بیستوویانە ئەو بەهایەی نەماوە. دەبوو داخی خۆم بۆ نەزانییەکەم دەرببڕم، هەروا بۆ تێرکردنی کرێسیی خۆم پرسیم کامەیە ئەو خەڵاتە گرنگەی بەدەستی هێناوە. بە متمانە بەخۆبوونێکی زۆرەوە وەڵامی دایەوە: خەڵاتی پۆکەر.