سەرۆك کۆمار : پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە باشترین قۆناغدا تێدەپەڕێت

سیاسی
  • 29-04-2024, 20:47
  • +A -A

    به‌غدا-INA
    ئەمرۆ دوو شەممە،لە میانەی پێشوازی لە ژمارەیەك میدیاکار و شرۆڤەکار و ئەکادیمی، سەرۆك کۆمار ڕایگەیاند : کە پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە باشترین قۆناغدا تێدەپەڕێت
    لەبەیاننامەیەکی سەرۆکایەتی کۆمار کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA)ناردوویەتی، تیایدا هاتووە :- ئەمرۆ دوو شەممە "لەتیف جەمال رەشید "سەرۆك کۆمار، لە میانەی پێشوازی لە ژمارەیەك میدیاکار و شرۆڤەکار و ئەکادیمی، کە لە کۆشکی سەلام لە بەغداد بەرێوەچوو ، جەختی لە گرنگی رۆڵی ئەرێنی نوسەران و رۆژنامەنوسان و شرۆڤەکارانی سیاسی لە بنیاتنانی سیاسەت و بڕیار لە سیستەمی دیموکراسیدا و ئاماژە بەوە دەکات بە پەرۆشە بۆ دیدار و پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ ئەم توێژانەی کۆمەڵگە.
    وەک بەیاننامەکە ئاماژەی پێداوە:-  سەرۆك کۆمار بەخێرهاتنی ئامادەبوانی کرد و  جەختی لە گرنگی پەیوەندی بەردەوام لەگەڵیاندا کردەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەدا دەرگاکانی کۆشکی سەلام هەمیشە کراوەن بۆ هەموو ئەو زانیاریانەی پێویستییان پێیەتی بۆ گەیشتن بە دیدگا و دەرئەنجام و شرۆڤەی ورد و سەنگین، هەروەک سەرۆك کۆمار دوپاتیکردەوە، ئەو سەقامگیرییە ئەمنییەی وڵات بەخۆیەوەدەبینێت بە هەنگاوێکی جەوهەری دادەنرێت بەرەو باشترکردنی رەوشی وڵات. هەروەها جەختی لەسەر پێویستی هاریکاری و هاوئاهەنگی نێوان هەموو هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتورییەکان کردەوە لەپێناو جێگیرکردنی ئەو سەقامگیرییە وەك کارێکی لەپێشینە بۆ گەشەپێدانی هەلی پەرەپێدانی گشتگیر و بونیادنان و ئاوەدانکردنەوە.
    بەپێی ناوەرۆکی بەیاننامەکە ، سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە گرنگی پاڵپشتیکردنی حکومەت کرد لە جێبەجێکردنی بەرنامە وەزارییەکەی، کە بنیاتنراوە لەسەر بنەمای باشترکردنی ئاستی بژێوی و خزمەتگوزاری هاووڵاتیان. هاوکات ئاماژەی بەوەدا، کە وڵات ماوەیەکی درێژخایەنی ناسەقامگیری  بەخۆیەوەبینیوە و کاریگەری لەسەر بارودۆخی گشتی بەجێهێشتوە بەتایبەتی کەرتی ئابوری.
    هەروەك ئاماژەی بە پێویستی بەرەوپێشبردنی دۆخی ئابوری و بژێوی و ئامادەکردنەوەی ژێرخانی بنەڕەتی و کارکردن بۆ پێشخستنی وەبەرهێنان و پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت کرد، بۆئەوەی رۆڵی خۆی لە پرۆسەی گەشەپێدانی ئابوری و رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان بگێڕێت.
    هەر بەپێی بەیاننامەکەی سەرۆکایەتی کۆمار: سەرۆك کۆمار تیشکی خستەسەر پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و جەختیکردەوە، کە ئێستا بە باشترین قۆناغەکانیدا تێدەپەڕێت و ئیرادە و خواستی هەنگاونان بۆ پێشەوە هەیە لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەری کۆتایی بۆ پرسە هەڵپەسێردراوەکان بە گوێرەی دەستور و یاسا و لەڕێگەی گفتوگۆ بە گەشبینی ئەرێنییەوە.
    بەیاننامەکە ئەوەشی خستۆتەروو: کە سەرۆك کۆمار جەختی لە گرنگی ئەو رۆڵە کردەوە، کە لەئەستۆی توێژەران و شرۆڤەکاران و کەناڵەکانی راگەیاندندایە بۆ گەیاندنی راستییەکان و هاندانی پێشهاتە ئەرێنییەکان و پێشکەشکردنی دیدگا و پێشبینی بونیادنەرانە لەپێناو خزمەتکردنی کۆمەڵگە و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی، سەرەڕای کارکردن بۆ چەسپاندنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەنێوان هەموو پێکهاتەکاندا، ئاماژەی کرد بە گرنگی رۆڵی کولتوریش کرد لە بەهێزکردنی پەیوەندی و نزیکبونەوەی نێوان نەتەوە و گەلان.
    هەروەها باسی لە پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان کرد و ئاماژەی بەوەدا، لە ماوەی رابردودا ژمارەیەك سەرۆکی دەوڵەتانی جیهان سەردانی عێراقیان کرد، ئەمەش گەڕاندنەوەی رۆڵی سەرەکی لە ناوچەکەدا دەردەخات، هەروەك بە پەرۆشە بۆ دامەزراندنی پەیوەندی یەکسان و هاوسەنگ لەگەڵ هەموو وڵاتان بەپێی رێساکانی رێزگرتن لە یەکتر و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی و هاریکاری و هاوئاهەنگی لەبارەی پرس و بابەتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، بەشێوەیەك کە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی بەهێزبکات.
    سەبارەت به بارودۆخی فەڵەستین-یش، سەرۆك کۆمار دوپاتیکردەوە هەمیشە عێراق لەگەڵ برا فەڵەستینییەکانیەتی و پێویستە دەستدرێژییەکان بۆسەر غەززه رابگیرێن و کاربکرێت بۆ رێگریکردن لە فراوانبونی گۆڕەپانی جەنگ، هەروەك داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەوڵەکانی چڕبکاتەوە بۆ راگرتنی دەستدرێژییەکان و دانانی پلانی بەپەلە بۆ فراوانکردنی میکانیزمی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بە خێزانەکان لەناو کەرتی غەززە.
    هاوکات ئاماژەی بەپێویستی دۆزینەوەی رێگاچارەی کۆتایی و هەمەلایەنە بۆ پرسی فەڵەستین کرد، کە رەچاوی برایانی فەڵەستین بکات بۆ بەدەستهێنانی مافی تەواوی خۆیان بە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیان. رونیشیکردەوە، دۆخی فەڵەستین لەمڕۆدا بەشێوەیەکی گشتی لێکەوتەی لەسەر وڵاتانی ناوچەکە هەیە.
    لای خۆیانەوە وەفدی توێژەران و میدیاکاران و شرۆڤەکارانی سیاسی پشتیوانی خۆیان بۆ تێڕوانینەکانی بەڕێز سەرۆك کۆمار دەربڕی سەبارەت بە پێویستی هاریکاری بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ئاسایش و سەقامگیری و کارکردن بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی بژێوی و خزمەتی هاووڵاتیان.