گرنگترین خاڵه‌كانى پرۆژه‌یاساى دژى گه‌نده‌ڵى كه‌پێشكه‌شى په‌رله‌مان كراوه‌

سیاسی
  • 23-05-2021, 13:43
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع   
    سه‌رۆكایه‌تى كۆمار،ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌،گرنگترین خاڵه‌كانى پرۆژه‌یاساى دژى گه‌نده‌ڵى كه‌ له‌لایه‌ن به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماره‌وه‌ پێشكه‌شى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران كراوه‌.
    نوسینگه‌ى راگه‌یاندنى سه‌رۆكایه‌تى كۆمار له‌ راگه‌یاندراوێكدا كه‌ ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع) كه‌وتووه‌ رایگه‌یاند:" رێوشوێنەكانی ئەم یاسایە هەموو ئەو بەرپرسانەی دەوڵەتی عێراق دەگرێتەوە كە لە ساڵی 2004 تاوەكو ئێستا، پۆستە باڵاكانیان لە پلەی بەڕێوەبەری گشتی و بەرەو ژورتر گرتووەتەدەست، بەتایبەتی ئەو بەرپرسانەی ئەگەری تێوەگلانیان لە گەندەڵی لەوانی دیكە زیاترە، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارە داراییەكان لە لیستێكی متمانەپێكراودا ناوی ھەموو ئەو بەرپرسانە ئامادە بکەن کە لە ماوەی 17 ساڵی رابردوودا لە پۆستە باڵاکاندا بەرپرسیارێتیان وەرگرتووە.
    •ئامانجی سەرەکی ئەم یاسایە گێڕانەوەی پارە بە قاچاخ و بە گەندەڵی و تاڵانبراوەكانی ناوەوە و دەرەوەی عێراقە: ئەو پارە و سامان و داهات و موڵك و ماڵانەی بەهۆی تاوانەكانی گەندەڵییەوە بەدەستهاتوون، ھەروەھا ئەو قازانجەش كە لێیەوە بەدەستهاتووە، یان ئەو موڵك و ماڵانەی بەو داهاتانە كڕادراون یان مامەڵە و ئاڵوگۆڕیان پێكراوە یان بەمەبەستی سپیکردنەوە تێكەڵ بە موڵك و ماڵ و مامەڵەی دیكە كراون.
    •لە دوای سێ مانگ لە دەرچوونی یاساكە، دەستەی دەستپاكی، لیستی ناوی بەرپرسانی خاوەن پلە و پایە باڵاكان و ئەندامانی خێزانەكانیان، ھەروەھا ئەو كەسانەش كە پەیوەندییەكی بەردەوام و تۆكمەیان لەگەڵدا هەبون دەداتە بانکی ناوەندی عێراق، لیستەكە ساڵانە تازە دەكرێتەوە، بانکی ناوەندی عێراق گشتاندن بۆ لیستەکە دەکات بە مەبەستی پیاچوونەوە و ووردبینیكردنی لە سەرجەم دامەزراوە داراییەكان.
    •لەسۆنگەی ئەم یاسایەوە بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی لەو پارە و سامانە دەکرێت کە بە گەندەڵی بەدەستھاتووە، لەلایەن کەسانی نزیک و ئەندامانی خێزانی بەرپرسەكان یان هاوڕێكانیان یان ھەموو ئەوانەی كە بە جۆرێك لە جۆرەكان پەیوەندی سیاسی یان بازرگانیان لەگەڵدا هەبوون، هەروەها ئەوانەش دەگرێتەوە كە لەو 17 ساڵەدا كەسانی خاوەن هەژموونبوون و كاریگەریان ھەبووە لەسەر بڕیارەکان لە ناو دەزگا و جومگە ھەستیار و گرنگەکانی دەوڵەتی عێراق.
    •لەدوای دەرچوونی یاساكە،دەبێت بەرپرسان و خاوەن پۆست و پڵە باڵاكان لە ماوەی 60 رۆژدا، دەستنووسێك واژۆ بكەن و تیایدا رەزامەندی خۆیان نیشان بدەن كە دەستەی دەستپاكی و دادگاكانی عێراق، مافی ئەوەیان هەیە داوای زانیاری لەو دەوڵەتانە بكەن كە ئەو بەرپرسانە تیایدا خاوەن هەژماری تایبەتی بانکین، ئەو دەستنووسەش دانپێدانانی ئەو بەرپرسانە دەبێت بەوەی رەزامەندن كە مۆركی نهێنی و تایبەتی لەسەر هەژمارە بانکییەكانیان هەڵبگیرێت و زانیارییەكانیان بخرێنەبەردەست دامودەزگا فەرمییەکانی دەوڵەتی عێراق و ئەو دەوڵەتانەی تیایدا خاوەن هەژماری بانکین، بە پێچەوانەوە دوای تێپەربوونی ئەو 60 رۆژە ئەگەر ئەو دەستنووسە لەلایەن ئەو بەرپرسانەوە پێشكەش نەکرێت، بە دەستلەكاركێشاوە ھەژمار دەكرێن و بەرپرسیارییەتەکەیان كۆتایی پێدێت. 
    •دەستەی دەستپاكی لەسەر بنەمای بەڵگەی تەواو و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری و دیوانی چاودێری دارایی، بۆی هەیە لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق پشكنین و بەدواداچوون بكات، سەبارەت بە مامەڵە داراییەكان و حەواڵەكان و ماڵ و موڵكی ئەو بەرپرسانەی ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە، بەو ئامانجەی سەرچاوەی ئەو سامان و موڵك و ماڵانە ئاشكرا بکرێت، ھەروەھا ئاست و مەودای كاریگەرییەکانی لەسەر بڕیاردان لەناو دەسەڵاتەکانی دەوڵەت و دامودەزگاكانی عێراق و راوەدووی هەموو ئەو گەندەڵكارانەش بکات كە لە دەرئەنجامی پڕۆسەكانی لێكۆڵینەوە و گەڕان و پشكنین تۆمەتی گەندەڵییان بەسەردا ساغ دەبێتەوە. 
    •تیمێكی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بە ھاوبەشی لە نێوان هەریەك لە وەزارەتی دەرەوە، دەزگای هەواڵگری، دەستەی دەستپاكی، بانکی ناوەندی عێراق و دیوانی چاودێری دارایی پێكدێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتان بە مەبەستی سۆراغكردن و لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ پارە بەتاڵانبراوەكانی عێراق بۆ دەرەوەی وڵات و دۆزینەوەی گەندەڵكاران، هەروەها زانیاری و بەڵگەنامە كۆدەكاتەوە سەبارەت بە ماڵ و موڵك و سامان و پارەی عێراقییەكان لەو وڵاتانە كە پۆستی باڵایان لە رابردوو و ئێستا ھەیە.
    •وەزارەتی دەرەوە، لە رێگەی باڵوێزخانە و دەزگا پەیوەندیدارەكان پلانێك دادەڕێژێت بە مەبەستی مۆركردنی رێككەوتننامەی دووقۆڵی لەگەڵ دەوڵەتان، بە ئامانجی گێرانەوەی پارە بە تاڵانبراوەكانی عێراق لە دەرەوەی وڵات، ھەروەھا دەسبەسەراگرتن و گێڕانەوەی ھەموو ئەو قازانج و داهاتانەی لێیانەوە بەدەستهاتوون و دەستگیركردنی گەندەڵكاران و رادەستكردنەوەیان بە دەوڵەتی عێراق و راپێچکردنیان بۆ بەردەم دادگا و دادوەری.
    •یاساکە رێگاخۆش دەکات بۆ مۆركردنی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیا جیهانییە بەناوبانگەكان بەمەبەستی سۆراغكردنی پارە بەتاڵانبراوەكانی عێراق کە بەگەندەڵی بردراون بۆ دەرەوە، ھەروەھا کۆی ئەو داهاتانەی لێیانەوە بەدەستهاتوون.
    •دەزگا و دامەزراوە داراییەكان، بانکی ناوەندی عێراق ئاگادار دەكەنەوە سەبارەت بەو لیستانەی ئامادە دەكرێن و تایبەتن بەو مامەڵە داراییانەی كە بەهاكەیان لە 500 هەزار دۆلاری ئەمریكی زیاترە بە مەبەستی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون لە سەرچاوەكانیان. 
    •بە سەرپەرشتی بانکی ناوەندی عێراق، دامەزراوە داراییەكانی عێراق پابەند دەكرێن بە لێكۆڵینەوە لە ناسنامەی ئەو کەسانەی مامەڵەیان لەگەڵ دەكەن بۆ دڵنیابوون لە ناسنامەی ئەو کەسانەی خاوەن هەژماری بانکین و بڕەكەی لە یەك ملیۆن دۆلار زیاترە.
    •هەڵوەشاندنەوە و کۆتایی ھێنان بەو گرێبەست و مۆڵەتانەی وەبەرهێنان كە لە رێگەی بەرتیلەوە یان بە سود وەرگرتن لە هەژموون و پێگە و بوونی بەرپرسیارێتی یان هەر رێكارێكی دیكەی گەندەڵییەوە ئەنجام دراون.
    •بە گوێرەی یاساکە و بە مەبەستنی هاندان و پێدانی زانیاری لەسەر گەندەڵكاران، پاداشتێكی دارایی دەدرێت بەو كەسانەی زانیاری لەو بارەوە دەدەن بە دەزگا پەیوەندیدارەكان، بری ئەو پاداشتەش دەگاتە 5% بەهای ئەو پارەی دەدۆزرێتەوە.