وتاری سەركەوتن لەیەن سەرۆك وەزیران و فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكان

  • 11-12-2017, 00:00
  • +A -A

    بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان (ۆێوْمَئِژٍ ێفْرَحُ الْمُۆْمِنُونَ بِنَصْڕ اللَّهِ ۚ ێنصُرُ مَن ێشَا‌وُ ۖ ۆهُۆ الْعَزِیزُ الرَّحِیمُ) هاوڵاتیانی خۆشەویست زەوییەكانتان بە تەواوەتی ڕزگاركران، وە شار و گوندە داگیركاوەكان گەڕانەوە باوەشی نیشتمان، خەونی ڕزگاركردن هاتە دی. پێكەوە بە یەكگرتوویی وەك یەك میللەت،بە پیشتوانی خوای گەورە، بە قارەمانی هێزە سەربازییەكان و خۆڕاگری هاوڵاتیانمان بە خوێنی بریندارەكانمان و شەهیدەكانمان توانیمان سەركەوتنێكی مێژوویی تۆمار بكەین، كە هەموو گەلی عێراق و نەوەكانمان شانازی پێوەبكەن. ئەمڕۆ، ڕایدەگەیەنین بۆ گەلی عێراق و هەموو جیهان، هێزە قارەمانەكانمان گەیشتنە دوا شوێنی داعش و ئاڵای عێراقیان تیا بەرزكردەوە لە ناوچەكانی ڕۆژئاوای ئەنبار كە تاقە زەوی عێراقی داگیركراوبوو. ئەمڕۆ، ئاڵاكەمان بەرز ئەشەكێتەوە بەسەر هەمووو ناوچە عێراقییەكاندا و دوورترین ناوچە سنووریەكانیش. لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، هێزە قارەمانەكانتان شارۆچكە بە شارۆچكەیان ئازادكرد، بە شێوەیەك كە دوژمنی تۆقاند، هاوەڵی دڵخۆشكرد، وە جیهانی سەرسام كرد، ئەمەش ڕووی ڕاستەقینەی عێڕاقیەكانە، كە توانای سەركەوتنیان هەیە بەسەر بەربەست و ڕێگرییەكاندا لە سەخترین كاتدا. هاوڵاتیانی خۆشەویست ئەمڕۆ، مافی خۆتانە شانازی بەم سەركەوتنەوە بكەن، ئەم سەركەوتنە دەستەبەركرا بەهۆی یەكگرتن، قوربانی و كاركردنی بەردەوام، پارێزگاری لەم دەسكەوتە گەورەیە بكەن، بەردەوام یەكگرتووبن و نیشتمانتان بپارێزن. پیشتوان بە خوای گەورە ، دەست بكەن بە داهاتوویەكی نوێ و گەش لە پێناو عێراقێكی ئارامدا. لەم ساتە مێژووییەدا، پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی هەمووو كۆمەڵانی خەڵك و جەنگاوەرە قارەمانەكانمان دەكەم. ئەمڕۆ، دەبێت هەموومان ئاهەنگ بگێڕین بە بۆنەی بەدەستهێنانی ئەم سەركەوتنە مەزنە، وە هەموو ساڵێك ئەم یادە بەرز ڕاگرین. لەم ڕۆژەدا بە خێزانی شەهید و بریندارەكان دەڵێم: خوێنی ڕۆڵەكانتان بە هەدەر نەچوو، سەربەرز بن، چونكە ڕۆڵەكانتان سەری عیێراقییەكان و عێراقیان بەرزكردەوە. مێژوو شاهیدی ئەو هەڵوێستە مێژووییەی مەرجەعی ئایینی باڵای رێزدار بەڕێز علی سیستانی و فەتوا مێژووییەكەی بۆ جیهاد دەبێت، بۆ پاراستنی زەوی و مقەدەساتەكان، ئەو فەتوایەی كە پیر و گەنج بەرەو پیری هاتن لە گەورەترین هەڵمەتی خۆبەخشیدا، كە پشتگیری كرد لە هێزە چەكدارەكانمان لە شەڕی دژ بە تیرۆر، دوا بە دوای ئەوە گۆڕا بۆ جەنگێكی نیشتمانی فراوان كە كەمجار شتی ئاوها ڕووبدات، كە بەهۆیەوە حەشدی شەعبی و هێزی تری خۆبەخش پێكهات. هاوڵاتیانی خۆشەویست ئەم سەركەوتنە دەستەبەربوو بە پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراق كە لە لێواری دابەشبووندا بوو، سوپاس بۆ خودای گەورە كە عێراق سەركەوتوو و یەكگرتوبوو، وە بە هەمان نەفەسی خۆڕاگری و هێزەوە بەردەوام دەبین بۆ خزمەتكردنی هەموو ڕۆڵەكانی عێراق بەبێ جیاوازی و پاراستنی سامانی نیشتمانی و گەشەپێدان و چەسپاندنی دادپەروەری و یەكسانی، ڕێزگرتن لە ئازادی و بیروبۆچوونەكان و جیاوازییە ئایینیەكان و قەومی و مەزهەبی و فیكری كە هۆكاری جوانی وڵاتەكەمانە. هەروەها پاپەندبوون بە یاسا و كاركردن لە ژێر چەتری دەستووردا لە سەرانسەری وڵاتدا. ئەمڕۆ، ئێمە لە قۆناغی دوای داعشین، ئەو قۆناغەی تیرۆریستان و گەندەڵكاران لێیدەترسن، بەڵام ئێمە و میللەت وەك ئاسۆیەكی گەش ئەڕوانینە ئەم قۆناغە تازەیە. ئامانجی داهاتوومان تەنها دووبارە بینیاتنانەەوەی ناوچە ئازادكراوەكان نابێت، بە پێچەوانەوە، هەموو شارو شارۆچكەكانی عێراق دەگرێتەوە كە ڕۆڵەكانمان گیانی خۆیانیان فیداكرد لە پێناو ڕزگاركردنی نیشتمانەكەیان. داوا لە سیاسەتمەداران دەكەم، كە هەستی بەرپرسیارێتیان هەبێت بۆ پاراستنی ئەمن و ئاسایش و ڕێگری بكەن لە دووبارە گەڕانەوەی تیرۆر، وە دوووربكەونەوە لە ووتاری تائیفی كە هۆكاری سەرەكی هەموو ئەو تراژیدیا مرۆییانە بوو، وە ڕێگە خۆشكەربوو بە هاتنی داعش، كە بووە هۆی داگیركردنی شارەكانمان و وێرانكردنیان و ئاوارەكردنی ملیۆنان عێراقی، لە پاڵ هەموو ئەو قوربانیانە و هەروەها لە ناوچوونی سامانی وڵات. هەڵگرتنی چەك دەبێت لە چوارچێوەی دەوڵەتدا و بە پێی یاسا بێت ، تەنها ڕێگەیە بۆ بنیاتنانی وڵات و بەدیهێنانی دادپەروەری و یەكسانی و ئاسایش. شەڕی دژ بە گەندەڵی پڕۆسەیەكی سروشتیە دوا بە دوای ڕزگاریكردنی خاكمان و هاوڵاتیانمان دێت. شوێنی گەندەڵكاران نابێتەوە لە عێراق، هەروەك چۆن داعش جێیان نەبۆوە لێرە. ئەمە شەڕێكی ترە كە دەبێت هەموو بەشداربن تێیدا هەر یەكە و لە بواری خۆیدا و تەنها چاودێر مەبن، چونكە ئەم بەرپرسیارێتیە ئەكەوێتە سەر ئەستۆی هەموو لایەك نەك تەنها كەسێك یان لایەنێك. وڵاتەكەتان گەڕایەوە بۆ دۆخی سروشتی خۆی، پەڕەیەكی نوێی هاوكاریمان كردۆتەوە لەگەڵ هەموو وڵاتە عەرەبییەكان و دراوسێكانمان و وڵاتانی جیهان لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سیادەت و بەرژەوەندی هاوبەش و دەست تێنەوەردان لە كاروباری ناوخۆیی. سڵاو ئاڕاستەی هەموو سەركەوتوان دەكەم، هێزە قارەكانەكانمان لە سوپا، پۆلیس، دەزگا ئەمنیەكان، حەشدی شەعبی، دەزگای دژە تیرۆر، هێزی ئاسمانی، پێشمەرگە، وە هەموو هێزە چەكدارەكانمان بە هەموو چین و توێژەكانەوە. هەروەها سڵاو لە ستافی ئەندازیاری، پزیشكی، فریاگوزاری، عەشرەتەكان، هاوڵاتیانی ناوچە ئازادەكان دەكەم، كە هاوكار بوون لەگەڵ هێزەكانماندا. سڵاو بۆ هەموو وەزارەت و دامودەزگا حكومییەكان كە ماندوبوون و پاڵپشت و یارمەتیدەربوون بۆ دووبارە گێڕانەوەی ژیان و بیناسازی و خزمەتگوزاریە سەرەكیەكان. دەمەوێت سڵاوی خۆم ئاڕاستەی هەموو ڕۆژنامەنووسان و هونەرمەندان و ڕووناكبیران بكەم و هەروەها هەر كەسێكیش كە بە وشەیەكیش پشتگیری لە میللەت و هێزەكانمانی كردبێت لە كاتی پڕۆسەی ڕزگاریكردندا. خەونی داعش كۆتایی پێهات، دەبێت هەموو ئاسەوارەكانیان لا ببرێت، ڕێگە نەدەین بە تیرۆر بگەڕێتەوە جارێكی تر. میللەتی ئێمە باجێكی قورسیدا لە ڕووی ئەمن و ئاسایش و خوێنی لاوەكانمان و پیاو و ژن و ئاوارەبوونی ملیۆنان خێزان. ئەم پەڕەیە دەبێت دابخرێت هەتا هەتایە و ڕێگە نەدەین دووبارە ببێتەوە. سەرەڕای ڕاگەیاندنی سەركەوتنی كۆتایی بەڵام دەبێت وریا بین و ئامادەبین بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هەوڵێكی تیرۆریستی ڕووبەڕوی میللەت و وڵاتمان ببێتەوە. تیرۆر دوژمنێكی بەردەوامە و جەنگ لەگەڵ تیرۆردا بەردەوامە، لەبەرئەوە پێویستە پارێزگاری لەم یەكگرتوویە بكەین كە داعشمان پێبەزاند، ئەمە نهێنی ئەم سەركەوتنە گەورەیە بوو. دەمەوێت سوپاسی هەموو میللەتان و دەزگا ناحكومیەكان و دەزگا مرۆییەكان بكەم، كە پاڵپشتی عێراق بوون لەم شەڕەدا. سڵاو لەهەر تاكێكی عێراقی كە چەكی هەڵگرت لە پێناو پاراستنی نیشتماندا. سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدەكانمان، بریندارەكانمان، وە خانەوادەكانیان، كە بە قوربانیەكانیان یەكپارچەیی و گەلی عێراقیان پاراست. بژی عێراقی سەركەتوو، هیوام سەلامەتی و خۆشگوزەرانی هەموو هاوڵاتیانە. سوپاس بۆ خوای گەورەو میهرەبان. دكتۆر حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران فەرماندەی هێزە چەكدارەكان