پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار رەتدەكاتەوە و دەڵێت بۆ ئەم خولە ئەو پۆستە مافی پارتییە

  • 20-09-2018, 00:00
  • +A -A

    هەولێر – ا ه ع
    وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، پارتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندیدی خۆی دەبێت.

    لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقییە (ا ه ع) كەوتووە، مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، پارتی لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی و بەرپرسی دەستەی كارگێری و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی هەوڵیان بۆ ئەوە بووە بە یەكگرتوویی و یەكبەرنامەیی بچنە بەغداد، بۆ پۆستی سەرۆك كۆماریش لەسەر یەك كاندید ڕێكبكەون.
    وتیشی وەكو ئیستحقاقی هەڵبژاردن پۆستی سەرۆك كۆمار بەحەقی خۆمان دەزانین كە چەند جارێكە لە لایەن یەكێتیەوە كاندیدی بۆ دیاری كراوە، ئەم جارەیان لە لایەن پارتیەوە و بە كاندیدی پارتی پر بكرێتەوە، لەم بارەوەش پێشنیار و را گۆرینەوەمان هەبووە، بڕیار وابوو یەكێتی دوای گەرانەوەیان بۆ كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی ئاگادارمان بكەنەوە، بەڵام ئاگاداریان نەكردینەوە تا لە راگەیاندنەوەكانەوە بیستمان، كە دكتۆر بەرهەم ساڵح دوای گەرانەوەی بۆ ناو یەكێتی تاك لایانە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كردووە.
    لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەشدا وتەبێژی ڕایگەیاند، وەك پارتی ڕایدەگەیەنن پۆستی سەرۆك كۆمار ئیستحقاقی گەلی كوردستانە و نابێت لایەنێك تەنیا بە موڵكی خۆی بزانێت، بۆیە ئەوان وەك پارتی بۆ پڕكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندیدی خۆی دەبێت.