شوو كردن بە پلە بەندی كچ خێزان دەخاتە ژێر پرسیار  

  • 24-07-2018, 00:00
  • +A -A

    نەریت‌و كەلتوری كورد وایە كچە گەورەی ماڵ شوو دەكات داوتر كچەكانی تریش بە دوایدا، خۆ ئەگەر ماڵێك ئەم پلە بەندیە تێكبشكێنن یان كچە گەورە دەكەوێتە ژێر پرسیار، یان بنەماڵەكەیان توانج دەدەن، یان داواكاری تر كەم دەچێتە داوای كچەكانی تریان بەو بیانووەی كچە گەورەكەیان ماوەتەوە، ئەمەش ئاماژەیەكی ناڕاستەوخۆیە بۆ دابەزینی ئاستی ئەو ماڵە لەڕووی كۆمەڵایەتیەوە، توێژەرێكیش ئەمە بۆ ئاستی وشیاری تاكەكانی خێزان‌و بە تایبەت لێپرسراوی یەكەم دەگێڕێتەوە.

     ئا:نیكی محەمەد

     (لەنجە مادیح) كچێكی تەمەن (21) ساڵ بووە باوكی داویەتی بە شوو بە كوڕی هاوڕێیەكی خۆی، چونكە حەزی لە مادە بووەو ماڵی خەزوری كچەكەشی دەوڵەمەند بوون، لەنجە دەگێڕێتەوە خوشكێكی گەورەم هەبوو دەیویست بە ویستی خۆی كوڕێكی بە شەرەفی بە شەخسیەت هەڵبژێرێت ئیتر هەژار بێت یان هەرچی گرنگ ئەوە بوو بەلایەوە وەك مرۆڤێك ڕێزی لێبگرێت‌و هاوكاری پرۆژەكانی بێت‌و كۆتی نەكات‌و داڵدەی غەم‌و چۆپی گری شادیەكانی بێت، بەڵام باوكم نەیهێشت‌و بە وتەی خۆی پێشكەشی كردبوو بە ئامۆزایەكی خۆمان، هەر بۆیەش (لەنیا) كە درا بە ئامۆزاكەمان ئەوەندەی نەبرد تەڵاق درا، چونكە كوڕەكەی مامم پێی وتبوو تۆ ئەگەر باش بوویتایە (لەنجە) پێش تۆ نەدەبوو بە دایك لە كاتێكدا لە تۆ گەورەترە، هەرچەند ئەسڵی مەسەلەكەش ئەوەبوو (لەنیا) كوڕەكەی نەدەویست.(سەركار محی الدین) كوڕێكی تەمەن (27) ساڵی كاسبەو دانیشتوی هەڵەبجەیەو لە هەمبەر خوازبێنی كچانەوە دەڵێت، قەت ئامادەنیم بچمە داوای كچێك خوشكە گەورەكەی شووی نەكردبێت، چونكە دواتر دەبێت بە خۆرەی گیانم‌و ئەمەشم لە ژن خوشكی براكەم دیوە، (سەركار) بڕوای وایە ئەو كچەی دوای خوشكە بچوكەكانی تری شوو دەكات حەتمەن كوڕێكی دیكەی خۆشدەوێت، یان دڵپیس‌و بەخیل‌و سەرەڕۆو دانەمەزراوە، یان كەمئەندامی‌و جۆرە نەخۆشیەكی شاراوەی هەیەو دەترسێت ئاشكرا بێت.(لەیلا مارف) ژنێكی (52) ساڵی خەڵكی سلێمانی یەو تا ئێستا (4) كچی شووی كردووەو یەكەمجاریش كچی دووەمی داوە بەشوو، لەیلا باسی ئەوە دەكات هەر هیوایەتی ئەوە بووە كچەكانی ببینێت دەچنە ماڵی خۆیان تا بە مانی خۆی مناڵی ئەوان ببینێت‌و پێی بڵێن نەنە گیان، چونكە بە لێدوانی ئەو كچ تا دەمە بۆڵەو شەڕو چوونە دەرەوەو ماڵداری‌و دایكایەتی‌و مناڵ بەخێو كردن نەبینێت نابێت بە ژنێكی كامڵی بە سەلیقە، هەر بۆیە خۆشحاڵە پێش ئەوەی بووكی هەبێت (4) كچی بوون بە بووكی (4) بنەماڵەو ئێستاش بێ‌ گرفت دەژین.(لوقمان داود) پیاوێكی تەمەن (41) ساڵی دانیشتوی دەربەندیخانەو تەنها بوكێكی هەیە، (لوقمان) كاتێك چووەتە داوای (نگین)ی بوكی خۆی بە شەرەفمەند زانیوە، چونكە بە وتەی خۆی پیاوێك بووە نەیویستووە پێش خۆی كەس نزیك ببێتەوە لەو ماڵە، ئەمەش لە چاوی ئەوەوە یەكەم زاوا خۆشەویستە ئەگەر ڕەسەن بێت بۆیە بە (ناسیح) ی كوڕی وتووە زاوا ڕقی لە زاوایەو هەر لە ئێستاوە هەوڵ بدە ئازیزی ماڵە خەزورانت بیت.

     سەبارەت بە پلە بەندی كچان بۆ داوا كردن‌و بە شوودان (لوقمان داود) قەناعەتی وایە ئەگەر كچی یەكەم لەسەر ماڵ بێت بێ مەعناییە بچیتە داوای كچی مناڵتر، چونكە ئەوە نەنگیە بۆ سەرشانی هەردوو بنەماڵەكە.(هیمن قادر) توێژەری كۆمەڵایەتی لەم بارەیەوە هۆكارەكان بۆ دوو لایەن دەگێڕێتەوە، لایەنی یەكەم بریتیە لە كەلتورو پەروەردە كردنی كەلتوری لەناو كۆمەڵگەی كوردەواری دا ئەمەش بریتیە لە پێدان‌و دابەشكردنی ئیمتیازاتەكان بەسەر ئەندامانی خێزان دا بەشێوەی ڕیزبەندی لە گەورەوە بۆ بچووك ئەمەش زۆر ئیجباری نیەو بەپێی ئاستی ڕۆشنبیری كەسەكان دەگۆڕێت بە تایبەتتر لێپرسراوی خێزان، لایەنی دووم بریتیە لە ئاستی پەوەندی داری ئەندامانی خێزانەكە لەناو خودی خۆیاندا بە شێوەیەك گیانی لێبوردن‌و (ئیسارە: ماف پێشخستن) بوونی هەبێت، بۆیە زۆرجار دەبینین خودی گرفتەكە بەهۆی (ئیرەیی: بەخیلی) خوشكی گەورەوە دروست دەبێت‌و بە دوو زیان دەشكێتەوە، یەكەم چانسێ‌ لە بەردەم خوشكەكانی تردا بە فیڕۆ دەدات، دووەمیش زەرەر لە خۆی دەدات، چونكە دەبێ‌ ئەم خوشكە بزانێ‌ لەكاتی زەماوەندو قەرەباڵغی خوشكە بچوكەكەیدا هەل‌و بوارێكی زۆر باش ڕەخساوە تاكو بنەماڵەی زاوا تازەكەیان ئەمیش ببینن‌و شەنسی شوو كردنی بۆ بێتە پێشەوە. لە وەڵامی پرسیارێكیشماندا كە دیاردەی مانەوەی كچ تا تەمەنێك كە پێی بوترێت قەیرە بەهۆی ڕێگریەوە دێتە كایەوە (هیمن قادر) وتی، بێگومان ئەوە دروست دەبێت، چونكە لێكترازان‌و قەیرەیی بە هەدەردانی فورسەتی شوو كردنە‌و چوونە تەمەنە بەرەو بە ساڵاچوون یاخود لەدەستدانی هەلی هاوسەرگیریە بە یەكجاری ئەمەش ئەو كاتەیە ئەو ماڵەی كچ نادەن بە شوو بەهۆی ڕێگریەوە ناویان دەزڕێت بەوەی بنەماڵەی تر ناچنە داوای كچەكانیان، بە وتەی ئەو توێژەرە چارەسەریش دایكان‌و باوكان هۆشیاربن‌و بزانن هەر كەسەو خاوەنی قەدەری خۆیەتی‌و چارەنوسی كەس بە كەس نەگۆڕنەوە تا كچەكانی تریشیان بكەونە پێش چاوی داواكارەكانیان.