لەسێدارەدان ...

  • 2-08-2018, 00:00
  • +A -A

    جۆرج ئۆروێل و/ صباح كوردستان میلەكانی سەعات، سەعات هەشتیان ڕاگەیاند، لە دووروە بانگی زوڕنایەكی زیقن بەهەوا شێدارەكەدا هات. سەرپەرشتیاری بەندیخانە كە دوور لەئێمە وەستابوو، هەروا بەعەساكەی دەستی خۆڵەكەی هەڵدەگێڕایەوە، كە دەنگەكەی بیست، سەری هەڵبڕی، خۆی لە سوپادا پزیشك بوو، سمێڵە خۆڵەمێشییەكەی وەك فڵچەی ددان وابوو، بەدەنگێكی زوڵاڵ‌و بە بێزارییەوە وتی: "فرانسیس، توخوا خێراكە، دەبوو ئێستا ئەو پیاوە مردبێت، هێشتا حازر نیت؟" ڕۆژێكی باراناویی بوو لە بۆرما، ڕۆشناییەكی نەخۆشی وەك تەنەكە لە دیوارە بەرزەكانەوە دادەكشا بۆ ناو ساحەی بەندیخانەكە. ئێمە لەدەرەوەی زیندانی حوكمدراكانەوە چاوەڕوان بووین، ڕیزە كۆڵیتێك بوون پێشەوەیان شیشبەند كرابوو، وەك قەفەزی گیانەوەرە بچووكەكان وابوو، زیندانەكان هەریەكەی دە بە دە پێ دەبوون، جگە لەچەند پارچە تەختەیەك بۆ نوستن و قوتویەكی ئاوخواردنەوە هیچی تریان تیا نەبوو. لە چەند دانەیەكیاندا پیاوە ئەسمەرەكان بێدەنگ لای شیشەكانەوە چیچكەیان كردبوو، خاولییەكانیان لەخۆیان ئاڵاندبوو. ئەمانە حوكمدراوەكان بوون، لەماوەی هەفتەیەك یان دوو هەفتەی داهاتوودا لەسێدارە دەدران. بەندكراوێكیان لە زیندانەكەیەوە هێنا، هیندۆسییەكی لاوازی سەر تاشراو بوو، چاوەكانی شل‌و تەماوی بوون، سمێڵێكی بابڕی هەبوو لەگەڵ جەستەیدا دەدەسازا، زیاتر لە سمێڵی پیاوێكی هەزەلی ناو فیلمەكان دەچوو. شەش پاسەوانی هیندی ئامادەیان دەكرد بۆ چوونە سەر تەختی سێدارە، دوانیان بەخۆیان‌و تفەنگ‌و حەربەكانیانەوە ڕەق ڕاوەستان، ئەوانەی تر كەوتنە كۆت‌و پێوەندكردنی، زنجیرێكیان بەناو كەلەپچەكانی دەستیدا بردو بەستیانەوە بە پشتێنەكانی خۆیانەوە، تون دەستەكانیان بردە لاتەنیشت. قەرەباڵەغییەكیان لەدەوری دروست كردبوو، دەست‌و بۆكسیان وریاو ئامادە بوون، وەك بڵێی بەردەوام بیریان دەخستەوە كە ئەو بەڕاستی لەوێیە. كارەكە وەك ئەوە وابوو كۆمەڵێك پیاو خەریكی ماسییەك بن كەهێشتا زیندووەو لەوانەیە بە بازێك بچێتەوە ناو ئاوەكە، بەڵام ئەو بەهێمنی‌و بێ بەرگری وەستابوو، قۆڵەكانی بەخواری تەسلیمی گورسیەكان كردبوو، وەك بڵێی بەحاڵ ئاگای لەوەیە كە ڕوودەدات. میلەكانی سەعات، سەعات هەشتیان ڕاگەیاند، لە دووروە بانگی زوڕنایەكی زیقن بەهەوا شێدارەكەدا هات. سەرپەرشتیاری بەندیخانە كە دوور لەئێمە وەستابوو، هەروا بەعەساكەی دەستی خۆڵەكەی هەڵدەگێڕایەوە، كە دەنگەكەی بیست، سەری هەڵبڕی، خۆی لە سوپادا پزیشك بوو، سمێڵە خۆڵەمێشییەكەی وەك فڵچەی ددان وابوو، بەدەنگێكی زوڵاڵ‌و بە بێزارییەوە وتی: "فرانسیس، توخوا خێراكە، دەبوو ئێستا ئەو پیاوە مردبێت، هێشتا حازر نیت؟" فرانسیسی سەر وەردیان، پیاوێكی درافدیی قەڵەو بوو، جلێكی سپی لەبەردا بوو، چاویلكەكانی زێڕكەفت بوون، دەستە ڕەشەكانی ڕاوەشاندو وتی "بەڵێ گەورەم، بەڵێ گەورەم" ئینجا تەقییەوەو وتی "هەمووشت سازو ئامادەیە، جەلادەكە چاوەڕوانە، دەستپێدەكەین." "دەی كەواتە بیكەن، هەتا ئەم كارە نەكرێت، بەندییەكان نانی بەیانی ناخۆن." بەرەوی تەختی سێدارە كەوتینە ڕێ، دوو پاسەوانە لەملاو لەولای بەندكراوەكەوە ڕۆیشتن و چەكەكانیان شۆڕ كردبۆوە، دوانی تر لەنزیكییەوەو شان‌و قۆڵیان گرتبوو، وەك ئەوەی لەیەك كاتدا پاڵی پێوە بنێن‌و بیشیگرن. ئێمەی كارمەندانی دادگاو ئەوانیتر لەدواوە بووین، لەناكاو هێشتا دە یاردە نەڕۆیشتبوون كە كاروانەكە بێ فەرمان پێكردن یان ئاگاداركردنەوە، ڕاوەستا. شتێكی تۆقێنەر ڕوویدا، سەگێك كەس نەیدەزانی لەكوێوە هاتووە، لەناو ساحەكەدا دەركەوت، هات‌و كردی بە وەڕین و بازبازێن لەو ناوەدا، كەس نەیدەتوانی بیوەستێنێت، شاڵاوی بۆ بەندكراوەكە برد، بازی دەداو هەوڵی دەدا دەموچاوی بلێسێتەوە، هەمووان بە حەپەساوی ڕاوەسان، هەمووان تووشی شۆك ببوون و بیریان نەما سەگەكە دوور بخەنەوە. سەرپەرشتیار تووڕە بوو: "كێ ئەم وەحشییەی هێنایە ئێرە؟ یەكێكتان بیگرێت." پاسەوانێكی دابڕاو لە گروپەكە بەشێوەیەكی گێلانە ڕووی تفەنگەكەی كردە سەگەكە، بەڵام ئەو بازی داو لە مەودای جاسوسەكەی چووە دەرێ، وایزانی یارییە. وەردیانێكی ئۆراسیۆسی چنگێك چەو هەڵگرت‌و هەوڵیدا بیگرێتە سەگەكە تا دووری بخاتەوە، بەڵام خۆی لە چەوەكان لاداو دوامان كەوتەوە، وەڕینەكەی لە دیوارەكانی بەندیخانەوە دەنگیدەدایەوە، بەندكراوەكە كە بەدەستی دوو پاسەوانەوە بوو هەروا سەیرێكی كرد، وەك بڵێی ئەمە بەشێكە لە ئامادەكارییەكانی لەسێدارەدان. چەند خولەكێك تێپەڕی تا سەگەكەیان گرت، دەسڕێكمان بەناو تەوقەكەی سەریدا بردو كەوتینەوە جووڵە، سەگەكە هەر خۆی ڕادەپسكان. سێدارەكان چل یاردێك لێمانەوە دوور بوون، پشتە قاوەییە ڕووتەكەم بینی لەپێشمەوە دەڕۆیشت، هەروا گێلانەو قۆڵەكانیشی شەتەكدراو، بەلام هەر لارو لەنجە هیندیانەكەی بوو كە لە ڕۆیشتندا ئەژنۆی نانوشتێنێتەوە، لە هەر هەنگاوێكدا ماسولكەكانی ڕێك دەچوونە جێگای خۆیان‌و تۆپەڵە قژێك لەسەر سەری دەكەوتە هەڵبەزو دابەز، شوێنپێكانی لەسەر چەوە نەرمەكە دەردەچوون. لەناكاو، گەرچی پیاوەكان لەهەموو لایەكەوە گرتبوویان، كەمێك خۆی ڕاپسكان تا خۆی لە گۆماوێكی سەر ڕێگاكە لابدات. شتێكی سەیرە، تا ئەو ساتە دركم بەوە نەكردبوو كە ڕووخاندنی كەسێكی ئاگاو لەوپەڕی تەندروستیدا مانای چیە! كاتێك پیاوەكەم بینی خۆی لە گۆماوەكە لادەدات، ئێستا هەموو تەمومژەكەو هەڵەی ناو كارەكەم بینی، بەڕاستی كارێكی چەوتە ژیانێك بقرتێنیت هێشتا لەوپەڕی هەڵكشاندایە. پیاوەكە لەگیانەڵادا نەبوو، زیندوو بوو وەك چۆن ئێمە زیندووین. هەموو ئەندامەكانی جەستەی كاریان دەكرد: گەدەی خۆراك هەرس دەكات، پێستەكەی خۆی تازە دەكاتەوە، نینۆكەكان گەشە دەكەن، شانەكان دروست دەبن. هەموو ئەم شتانە لە گەمژەییەتێكی فەرمیدا تووڕ هەڵدەدرێن. چاوەكانی وردە چەوە زەردەكەو دیوارە خۆڵەمێشییەكان دەبینن، مێشكی هێشتا شتی بیردێتەوەو دركیان پێدەكات، تەنانەت گۆماوەكانیش. ئێمەو ئەو كۆمەڵە مرۆڤێكین‌ پێكەوە دەڕۆن، دەبینن، دەبیستن و هەستدەكەن‌و لەهەمان جیهان تێدەگەن، لە ماوەی دوو خولەكدا، لەكاتی پچڕانێكی ناكاودا، یەكێكمان دەڕوات: ئەقڵێك كەمترین، جیهانێك كەمترین. سێدارەكان لە حەوشێكی بچووكی جیا لەبینای سەرەكی بەندیخانەكەدا بوو، گژوگیای درێژی لێ ڕوابوو، كۆتەڵێكی بەردین بوو وەك كۆڵێتێكی سێ لا، تووڵی داریین بەسەریەوە بوو، دارێكی لێوە ڕایەڵ ببوو لەوێوە گوریسەكە شۆڕ ببۆوە. جەللادەكە خۆی حوكمدراوێكی قژ خۆڵەمێشی بوو، جلی سپی بەندیخانەی لەبەر بوو، لەنزیك ئامێرەكەیەوە چاوەڕێ بوو. لەچوونەژوورەوەماندا بە چەمینەوەیەكی زەلیلانەوە سڵاوی لێكردین، فراسیس وشەیەكی وت‌و دوو پاسەوانەكەی توند بەندكراوەكەیان گرتبوو هەستان‌و توندتر گرتیان و بردیانە سەر لای سێدارەكە، بە لەمسەلایی یاریدەیان دا بە پلەكاندا سەركەوێت، جەللادەكە چووە سەرەوەو گورسیەكەی كردە ملی. پێنج یاردێك لەولاوە وەستابووین‌و چاوەڕوان بووین، پاسەوانەكان لە بازنەیەكی ناڕێكدا لەدەوری سێدارەكە ڕیز بوون. كاتێك گوریسەكە ئامادەكرا، بەندییەكە هاواری بردە بەر خوداكەی، دەنگێكی بەرزو دوو بارە "ڕام!، ڕام!، ڕام!، ڕام!". وەكو نزای كاتی داوای یارمەتی نەتۆقیبوو، بەڵكو بزەی دەهاتێ‌و ڕەزمێكی وەك زەنگی هەبوو. جەلادەكە هێشتا لەسەر تەختی سێدارەكە وەستابوو، توورەكەیەكی لۆكەیینی بچووكی وەك توورەكەی ئارد دەرهێناو لە سیمای بەندییەكەی نزیك كردەوە. بەڵام دەنگەكە كە قوماشەكە كپی كردبوو، هەر دەبیسترا، جار لەدوای جار: "ڕام!، ڕام!، ڕام!، ڕام!". جەللادەكە دابەزی‌و دەسكی بەرزكەرەوەكەی گرت‌و ئامادە بوو، خولەكەكان تێدەپەڕین، هاواری كپ‌و بەردەوامی بەندیەكە تا ناكۆتا بەردەوام بوو "ڕام!، ڕام!، ڕام!، ڕام!" بێ ئەوەی بۆ ساتێكیش تەتەڵە بكات. سەرپەرشتیاری بەندیخانە سەری لەسەر سنگی بوو، بەهێواشی بەعەساكەی خۆڵەكەی مشتوماڵ دەكرد، ڕەنگە هاوارەكانی بەندییەكەی ژماردبێت، پەنجا و لەوانەیە سەد دانەش ببن، هەمووان ڕەنگیان گۆڕا؛ ڕەنگی هیندییەكان بوو بە خۆڵەمێشی وەك قاوەیەكی خراپ، یەكێك یان دوان لە حەربەكان دەلەرینەوە، سەیری پیاوە سزادراوە دەمامككراوەكەی سەر كونەكەمان كردو گوێمان دایە هاوارەكانی؛ هەریەكەیان چركەیەكی تری ژیانە، هەمان بیرۆكە لە زەینی هەمووماندا هەبوو، ئاهـ ... خێرا بیكوژن، تەواوی كەن، ئەم هەراو زەنا قێزەونە بوەستێنن! لەناكاو سەرپەرشتیار خۆی یەكلایی كردەوە، سەری بەرزكردەوە، بەخێرایی عەساكەی جوڵان، بە قینەوە قیژاندی: "شالو!" قرخەقرخێك هات‌و بێدەنگییەكی تەواو، بەندییەكە دیارنەماو گوریسەكەش خۆی لوول دەدا، سەگەكە ئازادكراو یەكسەر قووچاندی بۆ لای پشتەوەی سێدارەكە، كەگەیشتە ئەوێ لەپڕ وەستا؛ حەپەیەكی كردو كشایەوە بۆ سووچێكی حەوشەكەو لەناو گیاكەوە بە ترسنۆكییەوە سەیری دەكردین، چووینە لای سێدارەكە بۆ پشكنینی لاشەی بەندییەكە، شۆڕ ببۆوەو پەنجەكانی پێی ڕێك بەرەو خوارەوە بوون، بەهێواشی بەدەوری خۆیدا دەسوڕایەوە، مردبوو وەك بەرد. سەرپەرشتیار عەساكەی درێژ كردو دای لە جەستە ڕووتەكەو كەمێك لەرییەوە، ئینجا وتی: "مەسەلەكە تەواوە"، گەڕایەوەو لە سێدارەكە دووركەوتەوەو هەناسەیەكی قووڵی هەڵكێشا، دیدە میزاجییەكە لەسیمایدا نەما. بەپەلە سەیری سەعاتەكەی دەستی كردو وتی: "هەشت خولەك دوای هەشت، باشە، ئەمە هەموو شتێكە بۆ ئەم بەیانییە، سوپاس بۆ خوا". پاسەوانان حەربەكانیان كردەوەو دوور كەوتنەوە، سەگەكەش – زانیبووی خراپ ڕەفتاری كردووە – بەدوایاندا دزەی كرد، حەوشی سێدارەكانمان جێهێشت‌و بەناو زیندانی حوكمدراوەكاندا ڕۆیشتین. حوكمدراوەكان لەژێر فەرمانی پاسەوانی چەكدار بە كوتەكی بامبۆدا، خەریك بوون نانی بەیانییان وەردەگرت، بە ڕێزی پانەوپانی درێژ چیچكەیان كردبوو، هەریەكەیان كوپێكی تەنەكەی بەدەستەوە بوو، پاسەوانەكانیش مەنجەڵیان پێ بوو، برنجیان بەسەردا دابەشدەكردن، دیمەنەكە –دوای لەسێدارەدانەكە- خۆمانەو ئاشنا دیار بو، دوای ئەنجامدانی كارەكە هەموومان هەستمان بە حەوانەوە كرد، پیاو حەزی لە گۆرانیوتن یان ڕاكردن، یاخود پێكەنین دەكرد. هەمووان بەیەكجار بە ئاسودەیی كەوتنە ئاخاوتن. كوڕیژگە ئۆراسیاوییەكەی لەتەنیشتمەوە دەڕۆیشت، ئاماژەی كرد بۆ ئەو ڕێگاییەی لێوەی هاتبووین، بە بزەیەكەوە وتی: "گەورەم دەزانیت، هاوڕێكەمان (مەبەستی پیاوە مردووەكە بوو) كاتێك بیستی تێهەڵچوونەوەی داواكەی بیسوود بووە، لەترسان میزی كرد بەخۆیدا، وتیشی "گەورەم، فەرموو جگەرەیەكم لێ وەرگرە. گەورەم پاكەتە زیوینەكەمت بەدڵ نیە؟ هی بۆكسوالایە، بە دوو ڕوپێ‌و هەشت ئاناتە، لەجۆری ئەوروپایی نایابە." چەند كەسێك پێكەنی، بەڵام پێنەدەچوو كەس دڵنیابێت لەوەی بەچی پێكەنین. فرانسیس لەنزیكی سەرپەرشتیارەوە دەڕۆیشت‌و قەریحەی كرابۆوە. "باشە گەورەم، هەموو شت بە باشی تێپەڕی. تەواو بوو – بە كلیكێك! ئاواهی. مەسەلەكە هەموو جار هەر وانیە! ئۆف، نا! حاڵەتی وام دیوە كە دەبوو پزیشك لەژێر سێدارەكەوە قاچی بەندی ڕابكێشێت تا دڵنیا ببێت لە مردنەكەی، شتێكی زۆر ناخۆشە!" سەرپەرشتیار وتی: "كەواتە لەئازاردا دەتلێتەوە؟ ئەمە خراپە". "ئاخ گەورەم، مەسلەكە زۆر خراپترە كاتێك بەرگریی دەكەن! لەبیرمە پیاوێك، كە چووین دەری بهێنین پڕی كرد بە شیشی قەفەزەكەیدا، گەورەم، بە شەش پاسەوان ئینجا دەریانهێنا، هەر سیانەی قاچێكیان ڕاكێشا، ویستمان سازی بكەین، پێمان وت: "هاوڕێی خۆشەویست بیر لەو هەموو ئازارە بكەرەوە كە پێمان دەگەیەنیت!" بەڵام نا، ئەو گوێی لێمان نەبوو! ئاخ، زۆر پڕ گێچەڵ بوو!" خۆم بینییەوە بەدەنگێكی زۆر بەرز پێدەكەنم، هەمووان پێدەكەنین، تەنانەت سەرپەرشتیاریش بزەیەكی گەورەی هاتێ‌و بە دنیایەك نیانییەوە وتی: "باشتروایە هەمووتان بێن‌و مەی بخۆنەوە، لە سەیارەكەدا شوشەیەك ویسكیم پێیە. بەشمان دەكات." بەڕێگای ناو دەروازە دووسەرەكەی بەندیجانەدا ڕۆیشتین، كارمەندێكی دادوەریی بۆرمایی هاواری كرد: "قاچی ڕادەكێشن!"و دایە قاقای پێكەنین، دیسانەوە هەموومان پێكەنین، لەو ساتەدا، نوكتەكەی فرانسیس زۆر پێكەنیناویی بوو، هەموومان مەیمان نۆشی، دانیشتوانە ڕەسەنەكەو ئەوروپاییەكان وەك یەك‌و بە شێوەیەكی زۆر دۆستانە، پیاوە مردووەكەش سەد یارد لێمانەوە دوور بوو.