مەسرور بارزانی لەمیانی پێشوازی لە وەزیری كارەبای فیدراڵ:هێرشكردنە سەر ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان زیانی بۆ هەموو هاووڵاتیانی عێراق هەیە

سیاسی
  • 2-05-2024, 15:46
  • +A -A

    هەولێر- INA
    ئەمڕۆ پێنجشەممە"مەسرور بارزانی" سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە "زیاد عەلی فازڵ" وەزیری كارەبای فیدراڵ كرد.
    لە ڕاگەیەندراوێكی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی ، تیایدا هاتوو:- لە دیدارەكەدا گفتوگۆ لەبارەی كار و پرۆژە و چاكسازییەكانی كەرتی كارەبا و پێویستیی بەردەوامبوونی هاوئاهەنگیی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ لە پێناو باشتركردنی دۆخی كارەبا كرا.
    وەك ڕاگەیەندراوەكە ئاماژەی پێداوە :- سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بە هێرشەكەی چەند ڕۆژی ڕابردووی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر كرد و دووپاتی كردەوە كە هێرشكردنە سەر ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان،زیانی بۆ هەموو هاووڵاتییانی عێراق هەیە و پێویستە كۆتایی بەو پەلامارانە بهێنرێت و ڕێگەی لێ بگیرێت.
    هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەكە : سەرۆكی حكومەت ئامادەیی هەرێمی كوردستانی بۆ هەر هاریكاری و هاوئاهەنگییەكی پێویست لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ دەربڕی لە پێناو پەرەپێدانی ژێرخانی وزە، كە پێویستە ئەنجامدانی هەر كار و پرۆژەیەكیش تەنیا لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بێت.
    لە بەرامبەردا "زیاد عەلی فازڵ" وەزیری كارەبای عێراق،ستایشی هاوئاهەنگی و پەیوەندیی باشی نێوان هەردوو وەزارەتی فیدراڵ و هەرێمی كرد، بە ئاراستەی پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان كە ئامانجی هاوبەشی هەردوولایە