مەسرور بارزانی بەردی بناغەی ڕێگەی هەڵەبجە - تووەقوت - قلیجە و پردی تووەقوو دادەنێت

سیاسی
  • 22-02-2024, 18:46
  • +A -A

    سلێمانی - INA
    ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، سەردانی پارێزگەی هەڵەبجە كرد و دوای بەسەركردنەوەی مۆنیۆمێنتی هەڵەبجە و دانانی تاجە گوڵینە، لە ڕێورەسمێكی تایبەتدا، بەردی بناغەی ڕێگەی هەڵەبجە - تووەقوت - قلیجە و پردی تووەقوی دانا.
    نوسینگەی راگەیانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: لە ڕێورەسمەكەدا كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئامادەی بوو، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت گوتارێكی پێشكەش كرد و وتی: خۆشحاڵم كە توانیم جارێكی دیكە بێمەوە هەڵەبجە، هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونی ئەم كابینەیە هەر زوو هەوڵماندا بێین بۆ ئێرە. بەداخەوە پێشتر بە چەند هۆیەك سەردانەكەمان ڕێكنەخرا، بەڵام ئێستا خۆشحاڵم كە توانیمان بێین و لە خزمەتی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویستدا بین.
    ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: خۆم زۆر بە خۆشحاڵ دەزانم ئەمڕۆ لەلە پارێزگای هەڵەبجە لە سنووری شاری شەهیدان، بەردی بناغەی ئەم پڕۆژە گرنگە دادەنێین. هەرچەندە بەداخەوە دەستكردن بە جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە دواكەوت، بەڵام بە تەواوبوونی ئەم ڕێگە و پردە ، سوودێكی زۆر بە خەڵكی ئەم دەڤەرە دەگات، بە تایبەتیش كە پارێزگای هەڵەبجە و ناوچەكانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بە یەكەوە دەبەستێتەوە و كاریگەرییەكی باشی لە بواری پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هەروەها بووژانەوەی كەرتی گەشتوگوزاریش دەبێت.
    راشیگەیاند: دەڤەری هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامان، پێگەیەكی گرنگ و تایبەتی لە كوردستان هەیە. چونكە مەڵبەندێكی دیاری ڕووناكبیریی و خوێندەواریی بووە لە كوردستان و زێدی چەندین زانا و عارفی دانا و شاعیر و نووسەر و هونەرمەند و كەسایەتیی ئایینی و كۆمەڵایەتی نیشتمانپەروەری كوردستانە .
    شانازی دەكەین كە هەڵەبجە دەبینین ڕێژەی توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەتان لە هەموو كوردستان كەمترە، ئەمەش ئاماژەیەكی ڕوونە بەوەی ئەم ناوچەیە تا چەند پێگەییوە و خاوەنی كولتوورێكی زۆر دەوڵەمەندە و جێی شانازیی هەموومانە.
    وتیشی: ئەم ناوچەیە لە ڕووی كشتوكاڵییشەوە، ناوچەیەكی بە پیت و دەوڵەمەندی كوردستانە، هەر بۆ نموونە هەناری هەڵەبجە ناوبانگێكی زۆری پەیدا كردووە. جاران ڕەنگە تەنیا لەم دەڤەرە ناسراو بووبێت، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی كارنامەكەی بۆ گرنگیدان بە كەرتی كشتوكاڵ و بایەخدان بە بەرووبوومی ناوخۆیی و دۆزینەوەی بازاڕی دەرەكی بۆ بەرهەمەكانی كوردستان، خۆشبەختانە توانیمان ساڵی ڕابردوو هەناری كوردستان و بە تایبەتی هەناری هەڵەبجە هەناردە بكەین كە ئەمڕۆ لە بازاڕەكانی وڵاتانی كەنداو و دەرەوە ، وەكو بڕاندێكی بەرووبوومی كشتوكاڵی كوردستان دەناسرێت و ناوبانگێكی باشیشی پەیدا كردووە.
    جەختیشیكردەوە: خەڵكی ئەم دەڤەرە، قوربانییەكی زۆریان داوە و ئازارێكی زۆریان چەشتووە. هەڵەبجە ئەمڕۆ بووەتە سیما و سیمبولی قوربانیدان و نەهامەتییەكانی خەڵكی كوردستان. بەڵام جێی داخە، كە هەڵەبجە وەكو پێویست خزمەتی نەكراوە و لەم ڕووەوە پێویستە بەرپرسانی ئەم دەڤەرە و هەموومان، خۆمان بە قەرزاری خەڵكی هەڵەبجە و كەسوكاری گشت شەهیدان و ئەنفالكراوانی كوردستان بزانین و دەبووایە بە شێوەیەكی شایستەتر خزمەتی خەڵكی ئەم ناوچەیە بكرێت .
    وتیشی: ئەگەرچی زۆربەی ئەنجامدەرانی تاوانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە، بە سزای خۆیان گەیشتن، كە بەم تاوانەیان، مێژووییەكی پڕ لە شەرمەزاری و ڕووڕەشییان بۆ خۆیان بەجێ هێشت. بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانییەكی زۆرە ، چەندین ساڵە حكومەتی فیدراڵی عێراق، ئامادە نییە بە پێی دەستوور، قەرەبووی زیانلێكەوتووەكانی دەستی ڕژێمی پێشووی بەعس بكاتەوە، لە كاتێكدا هەڵەبجە نموونەیەكی هەرە دیاری تاوانە دڕندانەكانی ڕژێمی بەعسە و پێویست بوو بەركەوتووانی چەكی كیمیاوی و قوربانییانی كیمیاباران و ئەنفالەكان، بە شێوەیەكی شایستە قەرەبوو بكرێنەوە.
    هەوڵدان بۆ لەبیركردنی تاوانی جینۆسایدی خەڵكی هەڵەبجە و بێ بایەخكردنی ئەم تاوانە بەردەوامە . بەڵام نابێت ڕێگە بدەین كە ئەم تاوانەمان لە بیر بچێتەوە . نابێت وابكەین كە بیری بەغداش بچێتەوە.
    مەسرور بارزانی هەر لە وتارەكەیدا راشیگەیاند: لە لایەكەوە تاوانمان بەرامبەر دەكرێت لەلایەكی دیكەشەوە قوڕگمان دەگرن و هەناسەمان دەبڕن . لەولاشەوە دێن خۆیان وەكو فریادڕەس پێشانمان دەدەن و خەڵكێك بەلاڕێدا دەبەن و وا دەكەن كە ئێمە مەمنوونیشیان بین. ئەم جۆرە رەفتارە بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان چیتر قبوڵكراو نییە و پێویستە هەموومان هەڵوێستی توندمان هەبێت بۆ ناچاركردنی حكومەتی فیدرال بۆ قەرەبووكردنی بنەماڵەی شەهیدانی هەڵەبجە و هەموو كوردستان .
    ڕەخنەگرەكانمان لە جیاتی ئەوەی لە ئاستی تاوانەكەدا تاوانباران شەرمەزار بكەن، خەریكی شتی زۆر بێنرختر بوون لە كوردستان كە پێموایە پێویستە ئێمە ئێستا ڕووبەڕووی حكومەتی فیدڕاڵی ببینەوە و داوای ڕەوای خەڵكی كوردستان و بە تایبەتی خەڵكی شاری هەڵەبجەی خۆشەویست بەبیر ئەوان بێنینەوە كە پێویستە ئەوان لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بن و بەپیر دەنگ و هاواری خەڵكی هەڵەبجەوە بێن.
    ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: هەڵەبجە زامێكە بە جەستەی كوردستانەوە و ئەركی هەموومانە ئەو برینە ساڕێژ بكەین و خزمەتی ئەم دەڤەرە بكەین. هەوڵی زۆرماندا ئەو گرێ كوێرەیە بكەینەوە كە دەسەڵاتێكی سەرتاسەری لە كوردستان بنیاد بنێین، پێموایە هەر بەم شێوەیەش، دەتوانین باشترین خزمەت بە خەڵكی خۆشەویستی هەڵەبجە بكەین.
    مایەی سەرسوڕمانە، كە تەنانەت ڕێكارەكانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەش لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، بە بیانووی جۆراوجۆرەوە تەواو ناكرێن و تا ئێستا دەنگی لەسەر نەدراوە، لە كاتێكدا چەندین ساڵە حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی داوە .
    كێشە و ئاستەنگ دروستكردن بۆ تەواوكردنی ڕێكارەكانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە و بەستنەوەیان بە پارێزگاكردنی شوێنی تر لە عێراق، بیانوویەكی زۆر ناڕەوایە و ستەمێكە لە خەڵكی قوربانیدەر و تێكۆشەری ئەم دەڤەرە دەكرێت و بە كەم سەیركردنی قوربانیدانەكانی خەڵكی هەڵەبجەیە. بۆیە داوا لە لایەنە سیاسیەكانی عێراق و حكومەتی فیدرال و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دەكەین كە ئەم بابەتە چیتر پشتگوێ نەخرێ و وەك گەمەیەكی سیاسی بەكارنەهێنرێت و پێویستە لە زووترین كاتدا، ڕێكارە كارگێڕییەكانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە تەواو بكرێن و لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەنگی لە سەر بدرێت و پاشان بودجەیەكی تایبەت بۆ ئاوەدانكردنەوەی زیاتری هەڵەبجە و بنیاتنانی ژێرخانی ئەم شارە خۆشەویستە، تەرخان بكرێت.
    هەروەها داوا دەكەین حكومەتی فیدراڵ، بەرپرسیایەتی ئەخلاقی و دەستووری خۆی جێبەجێ بكات و كەسوكاری شەهیدانی هەڵەبجە و ئەنفالكراوان و زیانلێكەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق لە كوردستان، قەرەبوو بكاتەوە ، بۆ ئەوەی كەمێك لە ئازارەكانی خەڵكی هەڵەبجە و ناوچەكانی دیكەی كوردستان كەم بكرێتەوە.
    ئێمە زۆرجار ئەم بابەتەمان لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی فیدڕاڵی لە ساڵانی رابردوو باس كردووە، هەموو جار دەڵێن ئێمە جێگرەوەی رژێمی پێشوو نین و ئێمە بەرپرسیار نین بەرامبەر ئەو تاوانانەی كە لە ڕژێمەكانی پێشووتر دەرهەق بە خەڵكی كوردستان كراوە. لێرە پرسیارەكە ئەمەیە، حكومەت پێی خۆش بێت یان نا، جێگرەوەی دەسەڵاتە، هەر تاوانێك پێشتر لە لایەن دەسەڵاتەوە لەم وڵاتە كرابێت، ئێستا حكومەت بەرپرسیارە لەوەی كە چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەكات. بەڵام دەبینین لە هەمانكاتدا زۆر لەو یاسایانەی لە رژێمی پێشووتر دەرچوون و لە خزمەتی حكومڕانییەكی مەركەزیدان، ئێستاش پابەندن پێیانەوە و ئەو یاسایانەیان نەگۆڕیوە و ئێستاش حكومەت لەسەر ئەو یاسایانە كار دەكات. چۆن دەكرێ لە لایەكەوە پابەندی یاسا بن، بەڵام لە لایەكی ترەوە بەرپرسیار نەبن بەرامبەر بەو تاوانانەی دەرهەق بە خەڵكی ستەمدیدەی كوردستان كراوە؟ یان دەبێت بە یەكجاری خۆیانی بێبەری بكەن لە هەموو یاسایەك كە لە رژێمی پێشووتر دەركراوە، یانیش دەبێ تەحەمولی بەرپرسیارێتی بكەن و ئێستا دان بەوەدا بنێن كە غەدرێكی زۆر لە خەڵكی كوردستان كراوە و پێویستە قەرەبوو بكرێنەوە.
    لە كۆتاییدا سڵاو و ڕێز و پێزانینی زۆرم بۆ خۆڕاگری خەڵكی هەڵەبجە هەیە. دڵنیابن ئێمە هەمیشە دڵمان لەگەڵ ئێوەیە و پشتیوانی داوا ڕەواكانتانین و هەموو هەوڵێك دەخەینەگەڕ لە پێناو زیاتر خزمەتكردنی ئێوەی خۆشەویست.
    ئێمە پێش ئەوەی بێینە ئێرە، كۆبوونەوەیەكمان لەگەڵ بەرپرسانی ئیداریی پارێزگای هەڵەبجە هەبووە، داواكارییەكانیان لەگەڵ ئێمە باسكردووە، ئێمەش بەپێی توانا و ئەگەر بە شێوەیەكی تایبەتیش بێت، گوتوومانە كە ئەوەی لە دەست و توانای حكومەتی هەرێمدا بێت، بەپیر داواكارییەكانتان دێین و ئەوەی پێمان بكرێ بۆتان جێبەجێ دەكەین. دەزانین كە هەڵەبجە پێداویستیی زۆرە و هەموومان قەرزاری هەڵەبجەین، بۆیە هیوادارم بتوانین لە ماوەی داهاتوو قەرەبووی ئەو كەمتەرخەمییانەش بكەینەوە یان ئەو خزمەتگوزارییانەی كە پێویست بوون زووتر بكرێن.
    سەرۆكی حكومەتی هەرێی كوردستان هەر لە میانەی سەردانەكەیدا بۆ پارێزگەی هەڵەبجە، سەردانی كۆمەڵگەی خۆراكیی ڕاسانی لە سەر ڕێگەی سەرەكی سیروان-هەڵەبجە كرد و كارگەی ڕۆنی زەیتوونی ڕاسان و بەشەكانی دیكەی كۆمەڵگەكەی بەسەركردەوە.