سەرۆكی هەرێم و پارێزگاری بانكی ناوەندی تەئكید لە گرنگی هەماهەنگی بانكەكان لە عێراق و هەرێم لەگەڵ بانكی ناوەندی عێراق دەكەنەوە

سیاسی
  • 19-10-2023, 20:03
  • +A -A

    هەولێر - INA
    نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و عەلی موحسین عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، تەئكیدیانكردەوە، لەسەر گرنگیی هاریكاری و هەماهەنگیی بانكەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ بانكی ناوەندیی عێراق.
    نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە راگەیەنراوێكدا كە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوتووە، دەڵێت: ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2023/10/19 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دیدارێكدا لەگەڵ عەلی موحسین عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق، دەربارەی دۆخی داراییی عێراق، بەهای دیناری عێراقی، هەوڵەكانی بانكی ناوەندی بۆ سەقامگیریی دارایی و ئابووری و دەرفەتەكانی وەبەرهێنان لە عێراق، بیروڕایان گۆڕییەوە.
    ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: نێچیرڤان بارزانی پێزانینی خۆی بۆ هەوڵەكانی بانكی ناوەندیی عێراق دەربڕی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكان و ڕاگرتنی بەهای دینار، هەروەها ئاماژەی بە كارە لەپێشینەكانی بانكی ناوەندی كرد بۆ چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ ئاڵنگارییەكاندا و چارەسەركردنی كێشەكانی نەختینە و دارایی.
    هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە: كە هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هاریكاری و هەماهەنگیی بانكەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ بانكی ناوەندیی عێراق كردەوە و چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەشیان تاوتوێ كرد.