مەسرور بارزانی: كارمەندانی پۆلیس دەبێ نموونەیەكی جوان و گەشی دەسەڵات بن لای هاووڵاتییان و ڕێز لە مافەكانی مرۆڤ بگرن

سیاسی
  • 19-10-2023, 17:21
  • +A -A

    هەولێر - INA
    مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند: كارمەندانی پۆلیس دەبێ نموونەیەكی جوان و گەشی دەسەڵات بن لای هاووڵاتییان و ڕێز لە مافەكانی مرۆڤ بگرن، هاوكات جەختیكردەوە: كە بەشێكی گرنگی ئەركی كارمەندانی پۆلیس و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، پاراستنی ئاسایش و تەناهی و دابینكردنی ئارامی و سەقامگیریی و نەهێشتنی تاوان و ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانبارانە.
    نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا كە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوتووە، دەڵێت: ئەمڕۆ پێنجشەممە 10/19، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاهەنگی خولی (شەهید سەركەوت ئازاد)ی دەرچووانی پۆلیسی هەولێر تایبەت بە ( هەڵكوتانەسەر و گەمارۆدان و ئازادكردنی بارمتە) بەڕێوە چوو.
    ئاشكراشیكرد: سەرۆكی حكومەت لە ڕێوڕەسمەكەدا گوتارێكی پێشكەش كرد و جەختی لەوە كردەوە كە بەشێكی گرنگی ئەركی كارمەندانی پۆلیس و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، پاراستنی ئاسایش و تەناهی و دابینكردنی ئارامی و سەقامگیریی و نەهێشتنی تاوان و ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانبارانە، لەوەش گرنگتر ئەوەیە كە چۆن بە شێوەیەكی یەكسان و دادپەروەرانە و لە چوارچێوەی یاسا و ڕێزگرتن و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ، مامەڵە و هەڵسوكەوت لەگەڵ هاووڵاتییان بە گشتی دەكەن و چۆن سەرپێچیكاران و تاوانبارانیش ملكەچی بەردەم دادگا دەكەن.
    هەروەها سەرۆكی حكومەتی هەرێم، رایگەیاند: پیرۆزبایی ئاراستەی گشت دەرچووانی ئەم خولە دەكەم. هیوادارم ئەنجامدانی ئەم جۆرە خولانە ببنە هۆی زیاتر پەرەپێدان و بەهێزكردن و پێشخستنی تواناكانی كارمەندانی پۆلیس.
    وتیشی: ڕێز و پێزانینی زۆرم بۆ هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ هەیە و دەستخۆشییان لێ دەكەم بۆ ماندووبوون و شەونخوونی و دڵسۆزیی و كارامەییان لە بەجێگەیاندنی ئەركەكانیان لەپێناو ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان. من خۆم لە نزیكەوە شاهید و ئاگاداری هەوڵ و خزمەتی بەرچاوی پۆلیس و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆم كە زۆر خۆنەویستانە و لە بارودۆخی سەخت و دژواردا، ئەركەكانیان ڕادەپەڕێنن.
    تەئكیدیشیكردەوە: بەشێكی گرنگی ئەركی كارمەندانی پۆلیس و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، پاراستنی ئاسایش و تەناهی و دابینكردنی ئارامی و سەقامگیریی و نەهێشتنی تاوان و ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانبارانە، لەوەش گرنگتر ئەوەیە كە چۆن بە شێوەیەكی یەكسان و دادپەروەرانە و لە چوارچێوەی یاسا و ڕێزگرتن و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ، مامەڵە و هەڵسوكەوت لەگەڵ هاووڵاتییان بە گشتی دەكەن و چۆن سەرپێچیكاران و تاوانبارانیش ملكەچی بەردەم دادگا دەكەن .
    دووپاتیشیكردەوە: كە  كارمەندانی پۆلیس، كە نوێنەرایەتی دەسەڵات و باڵادەستبوون و سەروەری یاسا دەكەن، دەبێ نموونەیەكی جوان و گەشی دەسەڵات بن لای هاووڵاتییان، بەتایبەتی كە ئێوە ڕۆژانە لە نزیكەوە پەیوەندی ڕاستەوخۆتان لەگەڵ خەڵكدا هەیە، پێویستە لە ڕەفتاركردن لەگەڵ خەڵك، خۆتان لە توندوتیژی و ئەزیەتدان و زوڵم و ستەم كردن و هەموو كارێكی نایاسایی بەدوور بگرن، هاونیشتمانییان دەبێ ئێوە بە بەشێك لە خۆیان بزانن و هەردوولا تەواوكەری یەكتر بن لەپێناو ئامانجێكی هاوبەش، كە ئەویش پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی نیشتمان و سەروماڵی هاووڵاتییانە.
    مەسرور بارزانی وتیشی: خۆشبەختانە یەكێك لە هۆكارەكانی ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی لە كوردستان هەیە كە بووەتە دەستكەوت و سیمایەكی گەشی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەو هەماهەنگیی و هاوكاریی و پەیوەندییە بەهێز و توندوتۆڵەی نێوان خەڵكی كوردستان و دەزگا ئەمنییەكان دەگەڕێتەوە.
    رونیشیكردەوە: پۆلیس و هێزەكانی تری ئاسایشی ناوخۆ، نابێ بە هیچ شێوەیەك، هیچ كەمتەرخەمییەك و نەرمییەك بنوێنن لە بەرانبەر تاوانباران و هەموو ئەوانەی دەیانەوێ ئارامی و ئاسایشی وڵاتەكەمان تێك بدەن و ژیانی هاووڵاتییان بخەنە مەترسییەوە .
    باسی لەوەشكرد: كە ئەمڕۆ جیهان لە پێشكەوتنێكی خێرای تەكنەلۆجیادایە، پێویستە پۆلیس و هێزە ئەمنییەكانمان، خۆیان لەگەڵ پێشكەوتنەكان ڕابهێنن و لە ڕاپەڕاندنی ئەركەكانیاندا سوودی باش لە تەكنەلۆجیا وەربگرن كە بە دڵنیاییەوە، ئاسانكارییەكی زۆر بۆ دەزگا پەیوەندیدارەكانی ناوخۆ دەكات و یارمەتیدەرێكی باشە بۆ ئەوەی ئامانجەكانیان لە بەدواداچوونی تاوانباران و سەپاندنی یاسا و دابینكردنی ئاسایش و سەقامگیریدا بەدەست بهێنن.
    وتیشی: لەم چوارچێوەیەدا، ئەنجامدانی خولەكانی مەشقكردن و ڕاهێنان و بەرزكردنەوەی ئاستی هوشیاریی و پیشەیی پۆلیس و سەرجەم هێزەكانی ناوخۆ، كارێكی پێویست و گرنگە و هیوادارم لەسەری بەردەوام بن، بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین و شایستەترین شێوە، ئەركەكانتان بە جێ بگەیەنن و ئارامی و سەقامگیری بپارێزن.