لیژنەی دارایی: یاسای پشتگیری فریاگوزاری كەمكردنەوەی هەژاری لەخۆدەگرێت

سیاسی
  • 31-05-2022, 21:57
  • +A -A

    بەغداد  - INA
    لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە، دووپاتیكردەوە: پێشنیار پێشكەشكراوە كە یاسای پشتیوانی فریاگوزاری وانەبێژان بگرێتەوە، وتیشی: یاساكە تەنها تەرخانكردن بۆ ئاسایشی خۆراك ناگرێتەوە، بەڵكو پەرەپێدان و كەمكردنەوەی هەژاریش دەگرێتەوە.
    سەجاد سەلیم ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی عێراقیەی هەواڵی، كە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بینیوێتی، رایگەیاند: ئەنجومەنی نوێنەران لەدانیشتنی ئەمڕۆدا گوێبیستی بۆچوونی ئەندامان بوو لەسەر پێشنیاری یاسای پشتگیری فریاگوازاری بۆ ئاسایشی خۆراك.
    رونیكردەوە: كە تەرخانكردنی پارە لە ڕێگەی یاسای پشتیوانی فریاگوزاری یان بودجە بۆ كڕینی گەنم و دانەوێڵە و كەرەستە سەرەتاییەكانی تر زۆر گرنگە و هەروەها دابینكردنی پێداویستی جوتیاران و ئاسایشی خۆراك لە مەترسیدایە و دەبێت دەرماڵە بۆ پاراستنی پێویستی وڵات دابینبكرێت.
    ئاشكراشیكرد: یاسای پشتگیری فریاگوزاری تەنها تایبەت نیە بە ئاسایشی خۆراك بەڵكو بەندەكانی گەشەپێدان و كەمكردنەوەی هەژاری و چاودێری داراییش دەگرێتەوە و هەروەها ئەو بابەتانەی كە كاریگەریان لەسەر دۆخی هەژاری هەیە كە بریتین لە وانەبێژان و هەڵگرانی بڕوانامە بەرزەكان.
    تەئكیدیكردەوە: كە هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران پێشنیاریانكردووە بۆ زیادكردنی پارە بۆ وانەبێژەكان لە یاسای پشتگیری فریاگوزاری چونكە كەیسەكەیان كاریگەری لەسەر زیاتر لە 200 هەزار كەس هەیە و دەبێت دۆسیەكەیان چارەسەر بكرێت چونكە هیچ كەسێك لە وڵاتدا بەبێ پارە كار ناكات.
    هەر ئەمڕۆ سێشەممە، فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران لەبەیاننامەیەكدا كەدەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوتووە، رایگەیاند: ئەنجومەنی نوێنەران لە دانیشتنی دەیەمینی خۆیدا كە بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەن و ئامادەبوونی 250 ئەندام بەڕێوەچوو، پێشنیازی یاسای پشتیوانی فریاگوزاری بۆ ئاسایشی خۆراك و گەشەپێدانی تاوتوێكرد.
    ئاشكراشیكرد: ئەنجومەنی نوێنەران لەكارنامەی خۆیدا خوێندنەوەی ڕاپۆرت و گفتوگۆكردن لەبارەی پێشنیازی یاسای پشتگیری فریاگوزاری بۆ ئاسایشی خۆراك و گەشەپێدان كە لەلایەن لیژنەی داراییەوە پێشكەشكرا تەواوكرد.
    راشیگەیاند: ئەندامانی پەرلەمان بە بەشداریكردنیان  تیشكیان خستەسەر داواكردنی دیدێكی ئابووری ڕوون و دروستكردنی پێشكەوتنێك بۆ باشتركردنی واقیعی وڵات لەبوارەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ بۆ كەمكردنەوەی گەندەڵی و داواكردنی كەمكردنەوەی بڕی تەرخانكراو بۆ یاسای ئاسایشی خۆراك جگە لەهەڵپەسەندنی دادپەروەری لەدابەشكردنی تەرخانكردنی دارایی نێوان پارێزگاكان بەپێی پێداویستییەكانیان.
    هەر لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، كە گفتوگۆكان داوای تەرخانكردنی پشتگیری بۆ پرۆژە ڕاگیراوەكان و بەتایبەتی خزمەتگوزاری ئاو و ئاوەڕۆ و پشتگیری لە توێژی جوتیاران و وانەبێژان و پێداویستیەكانی بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی خۆماڵی و بە جدی كاركردن لە پێناو بەدیهێنانی پێداویستییەكانی خەڵكی ناوچە ئازادكراوەكان و جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان بۆ قەرەبووكردنەوە و كۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئاوارەكان، لەگەڵا داوای ئاشكراكردنی خشتەی قەرزی دەرەكی و ناوخۆیی لەلایەن وەزارەتی دارایی و كۆنترۆڵكردنی دواتر لەسەر جێبەجێكردنی بڕگەكانی یاساكە.
    لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا كە بەسەرۆكایەتی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەن حاكم زاملی بەڕێوەچوو باس لە داواكارییەكان و كردنەوەی دەرگای كێبڕكێی ئەو كۆمپانیایانە كرا كە ئامادەن سەبەتی خۆراك ئامادە بكەن.
    هەروەك داواكرا ئەو بەشەی هەرێمی كوردستان كە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە دانراوە بخرێتە ناو یاساكەوە و هەروەها پێویستە دیاری بكرێت كە چ پڕۆژەیەكی پەرەپێدان پێشنیاركراوە بۆ چارەسەركردنی بێكاری و پشتیوانیكردن لە پیشەسازی خۆراك و دەرمانسازی و پێداویستییە پزیشكییەكان.
    هەروەك زاملی رایگەیاند: كە ئەنجومەنی نوێنەران بە پەرۆشە بۆ دابینكردنی بەرگی یاسایی بۆ حكومەت بۆ ئەوەی بتوانن مافەكانی هاوڵاتیان بە تایبەتی ئاسایشی خۆراك و موچەی چاودێری كۆمەڵایەتی و تەرخانكردنی وەزارەتەكانی خزمەتگوزاری دابین بكات.
    وتیشی: ئەنجومەن ڕێگە بە هیچ گومانێكی گەندەڵی نادات كە لەوانەیە یاسای ئاسایشی خۆراك دروستی بكات.
    لە كۆتایی بەیاننامەكەدا هاتووە، كە بەشداریكردنی ئەندامانی پەرلەمان  لە دانیشتنەكەدا كە بە سەرۆكایەتی شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆكی ئەنجومەنەكە بەڕێوەچوو، داوای تەرخانكردنی بڕێك پارە بۆ جێبەجێكردنی یاسای ڕزگاربوانی ئێزدی و قەرەبووكردنەوەی قەزای شەنگال كرا، و هەروەها بۆ دڵنیابوون لەبوونی غاز بۆ بەردەوامبوونی وزەی  كارەباو چارەسەركردنی قەیرانی ئاو لەپارێزگاكان و گرنگیدان بە تەندروستی ڤێتێرنەری و پاراستنی ئاژەڵ.