به‌فه‌رمى..ئیبراهیمۆڤیچ لە یۆرۆ بێبەش بوو

وەرزش
  • 15-05-2021, 17:16
  • +A -A

    به‌دواداچوون-اه‌ع

    ڕاهێنەری هەڵبژاردەى سوید و کارگێڕی میلان دووپاتیدەکەنەوە ئیبراهیمۆڤیچ لە یۆرۆ  بێبەش دەبێت.
    یان ئەندرسۆنی ڕاهێنەری هەڵبژاردەى سوید بە نیگەرانیەوە هەواڵی بەشدارینەکردنی ئیبراهیمۆڤیچی لە یارییەکانی یۆرۆ ڕاگەیاند و دووپاتیکردەوە پێکانەکەى ئەژنۆی ئیبرا ناچاری دەکات بۆ ماوەى شەش هەفتە لە ژێر چارەسەری پزیشکیدا بێت و ئەوەش دەریدەخات هێرشبەرەکەیان ناتوانێت هاوکاری هاوڕێکانی لە ڕیزی هەڵبژاردەى سوید بکات لە کێڕکێکردن بۆ بەدەستهێنانی یۆرۆ.
    پێشتریش لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیدا ئی سی میلان بڵاویکردبووەوە ئیبراهیمۆڤیچی هێرشبەریان دوای پێکانی بەرامبەر یۆڤانتۆس لە هەفتەى 36ی خولی ئیتاڵیادا پشکنینی پزیشکی لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە بۆ ئەنجامدراوە و دووپاتیانکردووەتەوە ناتوانێت بەشداری دوو یاری داهاتووی میلان و یۆرۆبکات.
    ئیبراهیمۆڤیچ لە یاری لوتکەى هەفتەى 36ی خولی ئیتاڵیا بەرامبەر یۆڤانتۆس لە ئەژنۆیدا دووچاری پێکان هات و ئەو پێکانەش هاوکات بوو لەگەڵ  نزیکبوونەوەى یارییەکانی یۆرۆ و بەو هۆیەشەوە هێرشبەرە 39 بەهارەکە دوای گەڕانەوەى بۆ پێکهاتەى سوید لە پاش پێنج ساڵ دابڕان جاریکی تر دابڕایەوە و ناتوانێت لە یۆرۆ بەشداریبکات.