تووشبووان بە نەخۆشی دەروونی شوێنێکیان نییە تێیدا داڵدەبدرێن..مافیاکان بۆ سواڵکردن بەکاریان دەهێنن

  • 9-08-2018, 00:00
  • +A -A

    لەگەڕەکی شەعب کە یەکێكە لە گەورەترین گەڕەکەکانی بەغدای پایتەخت، دەیان بازاڕ و سەدان دوکانی تێکەڵاو لەگەڵ خانوەکاندا هەیە، و هەندێك لە هەژاران لەو ناوچەیەدا نیشتەجێن، هاوکات کۆمەڵێك سواڵکەری رێکخراو لەو ناوچەیەدا هەن و بەسەر چوارگۆشەی تایبەتدا دابەشبوون، لەنێو ئەو ململانێیەدا هەندێك لەوانەی کە نەخۆشی دەروونیان هەیە بەهۆی ئەوەی لەلایەن سواڵکەر و هەژارانەوە دەردەکرێن و شوێنەکانیان دەگوازنەوە چونکە لەوبڕوایەدان لەو شوێنانە بێزاریان کردوون.

    بەغدا/ بەشیر خزعەل

    وەرگێرانی/ صباح کوردستان

    لەسەر پەیژەی تونێلی تەحریر بەئاراستەی نهۆمی خوارەوە پیاوێکی تەمەن شەست ساڵانی دیمەن شێواو دانیشتووە، داوا و سواڵ لەکەس ناکات، هەموو ئەوەی دەیکات تێڕامانە لە دەمووچاوەی ئەوانەی کە بەوێدا تێدەپەڕن و وەك کەڕولاڵێك دەردەکەوێت، بەڵام ناوەناوە بەدەنگێکی بەرز هاوار دەکات ((وەرە.. وەرە..) سێ تا چوارجار لەسەریەك دووبارەی دەکاتەوە و دواتر بێدەنگ دەبێتەوە، لەسەر پاشماوەی ئەو خۆراکە دەژی کە جارجارە خاوەن دوکانەکانی دراوسێی پێیدەدەن، هەروەها ئەوانەی کە لەدەوروبەرییەوە دەیناسن جلوبەرگی کۆن یان هی تازەی هەرزانی بۆ دابین دەکەن، هەندێك لە دوکاندارەکان جەختدەکەنەوە کە (حەسسانە شێت) ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە لە ناوچەی بابولشەرقییە، و پێشتریش لە پارێزگای کەرکوك ژیاوە، و زۆربەی جار بەرێكوپێکی قسەدەکات و هەندێك لە رستەکانی وەك پەند و ئامۆژگاری وان کە لەسەردەمی گەنجێتیدا فێربووە و خوێندویەتییەوە.

    لە شەقامەکانی بەغدا و شارەکانی دیکەدا ئەوانەی کە نەخۆشی دەروونیان هەیە هیچ شوێنێکیان نییە تێیدا داڵدەبدرێن، و ناچار لەنزیك دوکان و بازاڕەکاندا رایەخیك بۆخۆیان رادەخەن و شەوان لەسەری دەخەون، لە دەروازە و کۆڵانە تاریکەکاندا، و بەهۆی زۆری حاڵەتەکانی سواڵکردن لەشەقامەکان و نەبوونی پەناگەیەکی تایبەت بەخۆیان، تراژیدیا و مەینەتییەکانیان زیاتربووە، و لەکردەوەی نامرۆییدا بەخراپ بەکاردەهێنرێن و زۆربەی جار دەبێتە هۆی مردنی هەندێکیان.

    حەنان

    لەگەڕەکی شەعب کە یەکێكە لە گەورەترین گەڕەکەکانی بەغدای پایتەخت، دەیان بازاڕ و سەدان دوکانی تێکەڵاو لەگەڵ خانوەکاندا هەیە، و هەندێك لە هەژاران لەو ناوچەیەدا نیشتەجێن، هاوکات کۆمەڵێك سواڵکەری رێکخراو لەو ناوچەیەدا هەن و بەسەر چوارگۆشەی تایبەتدا دابەشبوون، لەنێو ئەو ململانێیەدا هەندێك لەوانەی کە نەخۆشی دەروونیان هەیە بەهۆی ئەوەی لەلایەن سواڵکەر و هەژارانەوە دەردەکرێن و شوێنەکانیان دەگوازنەوە چونکە لەوبڕوایەدان لەو شوێنانە بێزاریان کردوون.
     حەنان ژنێکی پەنجا سالانە و بەدەست نەخۆشی (شیزۆفرینیا)وە دەناڵێنێت و ناوە راستەقینەکەی خۆی نازانێت، دوکاندارەکان ناویان ناوە (حەنان)، ماڵەکەی خۆی لە پارێزگای سەڵاحەدین جێهێشتووە دوای کوژرانی باوك و براکانی لە شەڕەکانی دژی تیرۆردا، دوکاندارەکان دەلێن ئەو بەر لەم رووداوەش نەخۆشی هەبووە، بەڵام بارودۆخەکەی بەشێوەیەك تێکچووە وایلێهاتووە دەربەدەر بێت، و ئێستا شتی زۆری بیر نەماوە، حەزی لە قسەکردن نەبوو هەروەها نەیدەتوانی لەو پرسیارانە تێبگات کە ئاراستەی دەکران، حاجی ژن (دایکی عەلی) کە لە بازاڕەکەدا دوکانیكی هەیە بەشێکی بچووکی دوکانەیەکی بۆ حەنان تەرخان کردووە شەوان تێیدا بخەوێت، لەراهی خوا خواردن و جلوبەرگی بۆ دابین دەکات و دەلێت "دوو ساڵ پێش ئێستا ئەو ژنەم بینی لە بازاڕدا دەهات و دەچوو، و سەرەتا وامزانی سواڵکەرە، بەڵام دواتر زانیم بەدەست نەخۆشییەکی عەقڵییەوە دەناڵێنێت، و ترسام لەوەی خەڵكی خراپ بەکاری بهێنێت، بۆیە لە دواکانەکەی خۆمدا داڵدەمدا، بەڵام زۆرجار لە لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارییەتییەکەی دەترسم، ئەو ژنە هیچ شتێك دەربارەی کەسوکارەکەی نازانێت، و هەندێکجار کەسوکارەکەی بیر دێتەوە چەند کاتژمێرێك دەگری، (دایکی عەلی) وتیشی حەنان ئازاری پێناگات و دیمەنێکی سادەی خۆی هەیە و عەباش دەپۆشێت، بەڵام ئەگەر بۆ ماوەیەك بەتەنیا بمێنێتەوە لەچك و عەباکەی دادەنێت و لە خەیاڵێکی دووردا دەڕوانێت کە خوا نەبێت کەس نازانێت چۆنە".

    کێشە عەقڵییەکان

    مامۆستای دەروونزانی لە زانکۆی بەغدا دکتۆر عەبدوڵرەحیم سەرای بەپێویستی دەزانێت نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە چارەسەرکردنی نەخۆشییە دەروونی و عەقڵییەکان لە هەر پارێزگایەکدا بکرێتەوە، بەوەی کە روونبووەتەوە دەروونی مرۆڤ بەهۆی رەنگدانەوەکانی رووداو و بارودۆخی ناجێگیری کۆمەڵایەتییەوە تووشی نەخۆشی جۆراوجۆر دەبێت، عەیبە نییە مرۆڤ بەدەست نەخۆشیی عەقڵی و شۆکە دەروونییەکانەوە بناڵێنێت کە ببێتە هۆی گۆڕانی مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەو دەوروبەرەی تێیدا دەژی، بۆیە پێویستە دامەزراوەی تەندروستی هەبێت لەئاستی بەرپرسیارییەتیدا بن و نەخۆشخانەی پسپۆڕیی هەبێت بتوانێ نەخۆشەکان چارەسەربکات و بیانگەڕێنێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگا، لەجیاتی ئەوەی لە شەقامەکاندا فڕێ بدرێن و توشی خراپ بەکارهێنان و دەربەدەری ببن و تێکەڵی جیهانی تاوان و رەزاڵەت بکرێن". وتیشی "هیچ گرفتێك لەوەدا نییە نەخۆشخانە و خانەی تایبەت بە داڵدەدانی نەخۆشە دەروونییەکان لەناو نەخۆشخانەکاندا بکرێتەوە، پسپۆڕی پزیشکی و تەکنیکی هەن، و داڕشتنی یاسایەکی تایبەت بە دامەزراندنی خانەی داڵدەدانی کەسانی توشبوو بە نەخۆشی عەقڵی و دەروونی، پێویستی بە کاتێکی دووردرێژ نابێت، چونکە بابەتێكی مرۆییە و هەولدەدات خزمەتگوزاری و چاودیری بۆ کەسانیك دابینبکرێت کە توانایان نییە وەك خەڵکی تر ئاگاداری خۆیان بن و خۆیان بەخێوبکەن".

    سەرکەوتن

    یەکێك لە پزیشکە دەروونییەکان لە نەخۆشخانەی ئیبن روشد (نەیوست ناوی بڵاوبکرێتەوە) وتی "وەك پزیشکانی دەروونی سەرکەوتوو بووین لە چارەسەرکردنی دەیان نەخۆش لەوانەی کە بەدەست نەخۆشییە دەروونی و عەقڵییەکانەوە دەناڵێنن لەئەنجامی شۆك و دۆخی خراپی دەروونی بەهۆی بارودۆخە جیاجیا کۆمەڵایەتیەکانیانەوە، هەندێکیان گرفت و ناکۆکی قووڵی خیزانیان هەیە، و هەندێکیشیان بەهۆی هەژاری و بێبەشبوونیانەوە، هەروەها کەسانێکیان لەوانەن کە لەناکاو و بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو خۆشەویستانیان لەدەستداوە، هەروەها چەندین بابەتی دیکە بەهۆی کەڵەکەبوونی دەروونی بۆ بارودۆخی گشتی و تایبەتی لە ژیانی خانەوادەی عیراقیدا، هەن دەرچووی زانکۆن و فەرمانبەری دیارن و چەندین ساڵی خزمەتکردنیان بەشێوەیەکی زۆر ئاسایی بەسەربردووە، بەلام توشی نەخۆشی دەروونی بوون و بەو هۆیەشەوە لەناو کۆمەلگادا نامۆ بوون و بەشێویەکی دوژمنکارانە و گۆشەگیرانە و ئاژاوەگێڕانە هەڵسوکەوت دەکەن، ئەمەش پێویستی بەوە دەبیت کەسوکارەکانیان بیانبەن بۆ نەخۆشخانە یان لە شەقامەکاندا بەجێیان بێڵن، و لەبەرئەوەی توانای نەخۆشخانەکان لەلەخۆگرتنی ئەم جۆرە نەخۆشانەدا زۆر سنووردارە، ناتوانن سەرجەم تووشبووان لەخۆبگرن، سەرجەم ئەوانەی کە لە ماڵەوە یان لەسەر شەقامەکان بەدەست مامەلکردنی توندوتیژەوە دەناڵێنن.

    ئەو پزیشکە باس لەوەش دەکات کە " دەکرێ بەهۆی پزیشکی دەروونی و عەقڵییەوە چارەسەری زیاتر لە ٦٠٪ی تووشبووان بکرێت، ئەگەر بێتو نەخۆشخانە هەبێت سەرجەم پێداویستییە تەکنیکی و کارگێڕییە پێویستەکانی ئەو جۆرە نەخۆشانەیان تێدا بێت، هەروەها ئەگەر خانەی لەخۆگرتن و داڵدەدان هەبێت بەسەرپەرشتی پزیشك و چارەسەرکەرە دەروونییەکان، نەخۆشخانە ناتوانێ تا ماوەیەکی دوورودرێژ نەخۆش لەژێر سەرپەرشتی خۆیدا بهێڵێتەوە، لە نەخۆشخانەدا تەنها توانیومانە چارەسەری چەندین حاڵەتی لەو شێوەیە بکرێت و بیانگەڕێنتەوە ناو کۆمەڵگا و بەشێوەیەکی ئاسایی دەست بەژیانی خۆیان بکەنەوە، لەدوای ئەوەی کەسوکار و هاوڕێکانیان تەواو نائومید بوون لە چارەسەرکردنیان، بەڵام بوونی خانەی لەخۆگرتن و داڵدەدانی تووشبووان بە نەخۆشیە دەروونیەکان گرنگە و زۆر پێویستە بۆ ئەو حاڵەتانەی کە پێویستیان بە چارەسەری درێژخایەن هەیە".


    رێوشوێنەکان

    وەزارەتی تەندروستی و ژینگە پێشنیارێکی پێشکەش بە ئەنجومەنی نوێنەران کردووە بۆ دامەزراندنی خانەی تووشبووان بە نەخۆشییە دەروونییە درێژخایەنەکان، بۆ داڵدەدانیان، لەجیاتی ئەوەی لەسەر شەقامەکان یان لە نەخۆشخانەکانی دەروونیدا بمێننەوە، راوێژکاری نیشتیمانی تەندروستی دەروونی لە وەزارەت دکتۆر عیماد عەبدولڕەزاق دەلێت "زۆربەی تووشبووان بە نەخۆشی دەروونی بەتایبەت ئەوانەی کە تووشی نەخۆشییە درێژخایەنەکان بوون و ماوەی چارەسەرکردنیان درێژە دەکیشێت، بەو دەردە دەنالێنن کە کەسوکارەکانیان رایانناگرن و بەخێویان ناکەن و داڵدەیان نادەن، بەمەش ناچاردەبن لە نەخۆشخانە دەروونییەکاندا بمێنەوە". ئاماژەشیدا بەوەی کە " ماددەی ١٩ی یاسای تەندروستی دەروونی هێما بۆئەوە دەکات کە نەخۆشە دەروونییەکان کاتیك زیان بە کۆمەڵگا و ئادابی گشتی دەگەیەنن لەلایەن بەشی پۆلیسەوە رەوانەی لیژنە دادی دەروونی دەکرێت بۆ دەستنیشانکردنی پێداویستییەکانیان و و مانەوەیان لە نەخۆشخانە یان دەرچوونیان، بەڵام ناکرێت هیچ کەسێك ناچاربکرێت ببرێتە نەخۆشخانە، بۆیە باشترە ئالتەرناتیڤەکان فەراهەمبکرێن".
    عەبدوڵرەزاق ئەوەشی وت کە وەزارەت "پێشنیارێکی پێشکەش بە ئەنجومەنی نوێنەران کردووە پڕۆژەیەك دابنێت بۆ دامەزراندنی خانەیەك ٢٥ تا ٥٠ کەس لەخۆوەبگرێت لەوانەی کە نەخۆشییە دەروونییە درێژخایەنەکانیان هەیە، لەگەڵ دەستەبەرکردنی تیمێكی یاریدەدر لە چێشتلێنەران و پاککردنەوە و کردەوە پیشەییەکان و کاتبەسەربردنەکان، لەگەل تیمێکی پزیشکی بۆ سەرپەرشتیکردنی بارودۆخی پزیشکی و تەندروستییان هەروەها دابینکردنی داو و دەرمانی پێویست. لە پیشنیارەکەدا پرسی پەیوەندی ئەو خانانە بە ئەنجومەنەکانی پارێزگاکان هاتووە کە دەبێ ئەنجومەنەکان پێداویستییەکان و دەرماڵەی داراییان بۆ دابین بکەن، هەروەها سەرپەرشتیکردنی هاوبەش لەگەل هەردوو وەزارەتی تەندروستی و ژینگە و کاردا لەپێناو بەردەوامیدانی لۆجیستی بۆ پێداویستییەکانی خانەکان و چارەسەر و ئامادەکردنی نەخۆشەکان و رەوانەکردنی سوودمەندبووان بۆ خانەکان یان گەڕاندنەوەیان بۆ ماڵ و کەسوکارەکانیان.

    راوێژکاری نیشتیمانی تەندروستی دەروونی باس لەوەش دەکات کە "ئەم بابەتە پێویستی بە یاسای پاراستنی مافی نەخۆشییە عەقڵییەکانیش دەبێت لەو خانانەدا، هۆشداریشیدا لە تێکەڵکردنی نێوان سواڵکەران و نەخۆشە دەروونییەکان، چونکە کەسانێکی سواڵکەر هەن شەقام و شۆستەکانیان کردووە بە شوێنی بژێوی خۆیان".

    تیشکیشی خستە سەر ئەوەی "زۆربەی توێژی ناوبراو ئەوانەن کە شوێنی نیشتەجێبوونیان لەدەستداوە و کەس نییە بەخێویان بکات و پەناگەیەکیشیان دەستناکەوێت، بەمەش ئەوان بەدەست نەخۆشی دەروونییەوە ناناڵێنن، بەڵکو پێویستیان بە چاودێری کۆمەڵایەتی یان پزیشکی دەبێت، هاوکات ئەوان لە نەخۆشخانە دەروونییەکاندا رایان نەکردووە، پێویستیان بە خانەیەك هەیە داڵدەیان بدات ئەمەشیان دەکەوێتە ئەستۆی وەزارەتی کار، چونکە نەخۆشخانە دەروونییەکان خزمەتگوزاری لەخۆگرتن و پەنادانی نەخۆشەکانیان نییە، تەنها رۆڵیان چارەسەرکردنی دەروونییە بۆ حاڵەتە زۆر توندەکان و رێگرتن لە دووبارەبوونەوە و پێشکەشکردنی ئامادەکردنی پزیشکی بۆ گەڕاندنەوەی نەخۆش بۆ ناو کۆمەڵگا، ئەم بابەتەش لەگەڵ سیاسەتە مەدەنییەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانیدا دەگونجێت سەبارەت بە مافەکانی نەخۆشی عەقڵی لەبەدەستهێنانی خزمەتگوزاری گونجاو، لەجیاتی پەراویزخستن و رەتکردنەوەی کۆمەڵایەتییان".