لە ئاکامی بەریەککەوتنی دوو شەمەندەفەر لة میسر ٣٢ کەس گیانیان لەدەستدا و ٦٦ی دیکەیش برینداربوون

جیهانی
  • 26-03-2021, 14:26
  • +A -A

    چاودێرى-اه‌ع

    لە ئاکامی بەریەککەوتنی دوو شەمەندەفەر لە پارێزگای سوھاج باشووری میسر، ٣٢ کەس گیانیان لەدەستدا و ٦٦ی دیکەیش برینداربوون.
    وەزارەتی تەندروستیی میسر لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە کە دوو شەمەندەفەر لە ناوەندی شاری تەهتا سەربە پارێزگای سوھاج باشووری میسر بەریەککەوتوون.
    بەپێی راگەیەنراوەکە لە ئاکامی رووداوەکەدا، ٣٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٦٦ی دیکەیش برینداربوون و ھاتووە:
    "بە ٣٦ ئامبوڵانس، قوربانییانی رووداوەکە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە گشتییەکانی سوھاج، سوھاج-ی فێرکاری، تەھتا و مەراغە".
    رۆژنامەی "ئەخبار ئەلیوم"ی فەرمی لە سەرچاوەیەک کە ناوی ئاشکرانەکردووە بڵاویکردووەتەوە کە سێ فارگۆنی شەندەفەرەی ژمارە ١٥٧ لە رێرەوی خۆیان دەرچوون و دواتر بە شەمەندەفەری ئیسپانی ژمارە ٢٠١١ بەریەککەوتوون.
    لای خۆیەوە دەستەی ھێڵی ئاسنینی میسر لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوداوە کە لیژنەیەکی تایبەت بە ئامانجی لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری رووداوەکە، پێکھێنراوە.