پۆلیسی سلێمانی لەبارەی کوژرانی ئامانج بابانی و هاوژین و منداڵەکەی: بە بەڵگەوە خۆکوژییە

ناوخۆ
  • 17-10-2019, 00:00
  • +A -A

     سلێمانى - ا ه ع

     
    پۆلیسی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند، بەڵگەکانی پزیشکی دادوەری دەریدەخات رووداوی کوژرانی ئامانج بابانی و هاوژین و منداڵەکەی خۆکوژی بووە. "ئامانج بابانی تەنها یەک فیشەک بەسەرییەوە بووە کە لە دووری دوو بۆ سێ سانتیم تەقێندراوە و پاشماوەی بارووت بە سەر دەستی و دەمانچەکە و شوێنی برینەکەوە هەیە".
    بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی بەڵگەکانی بە وێنە بۆ رۆژنامه‌نووسان ده‌رخست و رایگەیاند، تەقە لە ئۆتۆمبێلەکەی نەکراوە، هیچ فیشەکێک بەر ئۆتۆمبێلەکە نەکەوتووە.  ئەو فیشەکانەی بە دەمانچەکە تەقێندراون و ئەوانەی تێیدا ماون یەکجۆر بوونە و تەقەکان لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا کراون و قەوانەکانی تێدا ماون. 
    بەپێی ئەو زانیارییانەی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاویکردنەوە "منداڵەکەیان سێ فیشەکی بەرکەوتووە، لانە محەممەدی هاوژینی ئامانج بابانی، دوو فیشەک و خۆیشی یەک فیشەکی بەرکەوتووە". 
    پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، ئەو چەکەی کردەوەکەی پێ ئەنجامدراوە، دەمانچەیەکە رێگەپێدراو نییە
    بە وتەی پۆلیس، ئامانج بابانی و لانە محەممەدی هاوژینی کێشەی خێزانییان هەبووە، لانە محەممەد سکاڵای هەبووە و پێشتر دووجار چوونەتە دادگا، بڕیاریش بووە، 20ـی ئەم مانگە دانیشتنی دادگایان لەبارەی دۆسیەکەیانەوە هەبێت، بەبێ ئەوەی ئاشکرای بکات دۆسییەکەیان چی بووە. 
    پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا هیچ کەس سکاڵای تۆمارنەکردووە، لێکۆڵینەوەکانیش لە رووداوەکە بەردەوامن.
    جێی ئاماژه‌ پێكردنه‌ شەوی رابردوو، ئامانج بابانی و لانە محەممەدی هاوژینی لەگەڵ منداڵەکەیان بەناوی هانۆ کە تەمەنی نزیکەی دوو ساڵ دەبوو، لە نزیک تەرمیناڵی شارەزوور لە سلێمانی لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیان بە کوژراوی دۆزرانەوە.