سەرۆک کۆمار: عێراق کار بۆ پێکھێنانی سیستەمێکی بازرگانی ھاوبەش لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا دەکات

  • 14-03-2019, 00:00
  • +A -A

    سەرۆک بەرھەم ساڵح ئاماژەی بەکرانەوەی عێراق لە بواری ئابووری و پەرەپێدانی بازرگانی بەرووی عەرەبستانی سعودیە بە تایبەتی لەبوارەکانی وەبەرھێنان و بازرگانی و پیشەسازی و کشوکاڵدا کرد.

    سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٠١٩/٣/١٤ لە کۆشکی سەلام چاوی کەوت بە وەزیری بازرگانی و وەبەرھێنانی عەرەبستانی سعودی ماجد قەسەبی و شاندی یاوری.

    لە میانی دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم ساڵح ئاماژەی بەگرنگی پەیوەندییە دووقۆڵیەکانی نێوان عێراق و عەرەبستانی سعودی و چۆنیەتی پەرەپێدانیان کرد، ھاوکات تیشکی خستە سەر ھەوڵەکانی عێراق بۆ پێکھێنانی سیستەمێکی بازرگانی ھاوبەش لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە، جەختیشی کردەوەکە ھۆکارێکیش دەبێت بۆ دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنی گەلانی ناوچەکەدا بەگشتی.

    لەلای خۆیەوە وەزیری سعودی ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ فراوانکردنی ئاسۆی ھاریکاری ئابووری و کار ئاسانکردنی پرۆسەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی وئابووری لە ڕێگای کاراکردن وەگەڕخستنی خاڵە سنورییەکان بۆ بەھێزکردنی جوڵەی بازرگانی لە نێوان ھەردو ووڵاتدا.

    شایانی باسە ھەر یەک لە وەزیری بازرگانی عێراق محەمەد ھاشم عانی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی وەزارەت ئامادەی دیدارەکە بوون.