سەرۆک کۆمار پێشوازیکرد لەنێردەی تایبەتی سەرۆکی روسیا

  • 18-06-2019, 00:00
  • +A -A

    سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح، جەخت لە گرنگی بەھێزکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان عێراق و روسیا و پێویستی بەرزکردنەوەی ئاستی ئەو پەیوەندییانە کردەوە، بەجۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان بکات. 

    سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠١٩/٦/١٨ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە نێردەی تایبەتی سەرۆکی روسیا بۆ سوریا ئەلکسەندەر لاڤرینتییڤ و شاندی یاوەری .

    لە میانی دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم ساڵح، ئاماژەی بەگرنگی بەھێزکردنی پەیوەندی دۆستانە و فراوانکردنی ھاریکاری نێوان ھەردوو وڵات کرد لە بواری سیاسی و ئابووریدا، کە خزمەت بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی ھەردوو گەلی دۆست بکات، ھاوکات رۆڵی روسیای لە جەنگی دژ بە تیرۆر و پشتیوانیکردنی لە عێراق بەرزنرخاند.

    ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم ساڵح، جەختی لە کۆتایی ھێنان بە نەھامەتییەکان و یارمەتیدانی  گەلی سوریا کرد بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی، کە بریتی بێت لە بەرەنگاربووەنەوەی تیرۆر و رێزگرتن لە ئیرادەی گەلی سوریا لە پێناو دەستەبەرکردنی ژیانێکی باشتر. 
     
    لەلای خۆیەوە، ئەلکسەندەر لاڤرینتییڤ رێز و سڵاوی ڤلادیمێر بوتین سەرۆکی روسیا گەیاندە سەرۆک بەرھەم ساڵح، ھاوکات دووپاتی پشتیوانی روسیای لە گەلی عێراق  کردەوە وخواستی وڵاتەکەشی دەربڕی بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندی دۆستانەی نێوان ھەردوو وڵات.

    ھەر لە میانی دیدارەکەدا، گفتوگۆکرا سەبارەت بە پێشھاتەکانی ناوچەکە و دووپات لە پێویستی دیالۆگی راستەقینە لە نێوان ھەموو لایەنەکاندا کرایەوە لە پێناوی چارەسەرکردنی قەیرانەکان، کە خواستی گەلانی ناوچەکە لە سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بھێنێتەدی.