ئەنجومەنی سەرۆکایەتی کڵێسای کریستیانەکان سه‌ردانی سەرۆک کۆماریان کرد

ناوخۆ
  • 12-03-2019, 00:00
  • +A -A

    سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح ئەمڕۆ سێشەممە ١٢|٣|٢٠١٩ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا چاوی بە ئەنجومەنی ئوسقوفەکانی کریستیان (ئەنجومەنی سەرۆکایەتی کڵێسای کریستیانەکان) و ئەندامانی فراکسیۆنی کریستیانەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران کەوت.

    لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم ساڵح ئاماژەی بەوە کرد کە بە یەکریزی رۆڵەکانی پێکھاتە و نەتەوەکانی عێراق سەرکەوتنێکی گەورە بە سەر گروپە تیرۆریستیەکاندا بەدەستھات، ھاوکات جەختیشی لە پێویستی بونیادنانی کۆمەڵگە لەسەر بنەمایەکی لێبوردەیی و دادپەروەری و یەکسانی کردەوە.

    ھەروەھا بەڕێزیان ئاماژەی بەنەھامەتییەکانی پێکھاتەی کریستیانەکان لە سەرکوت و ئاوارەکردنی زۆرەملێ لەلایەن گروپە تیرۆریستیەکانەوە کرد و جەختشی لە پێویستی دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام و گێڕانەوەی خێزانە ئاوارەکان بۆ زێدی باوباپیرانیان کردەوە.

    لەھەمان کاتدا سەرۆک بەرھەم ساڵح جەختیکردەوە کە لەڕێگای یەکریزی و بڕوابوون بە پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و ڕێزگرتن لە بیروڕا جیاوازەکان، دەتوانین بە گژی ھزری تەکفیریدا بچینەوە کە گروپە تیرۆریستیەکان بانگەشەی بۆ دەکەن، ھەروەھا بەرگری کریستیانەکانی لە روبەڕووبونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش و پابەندبونیان بە نیشتمانەوە بەرزنرخاند.

    لەلای خۆیانەوە شاندی میوان رۆڵی سەرۆک بەرھەم ساڵحیان لە زامنکردنی یەکریزی نیشتمانی لە نێوان پێکھاتەکانی کۆمەڵگەی عێراقی بەرزنرخاند، ھاوکات سوپاسی بەڕێزیان کرد بۆ تێگەیشتن و پشتگیری بەردەوامی لە داخوازیەکانی گەلی عێراق لە ھەموو ساتەوەختێکدا.