سەرۆک کۆمار د. بەرهەم ساڵح پێشوازی کرد لە وەفدێکی پارێزگای دیالە

ناوخۆ
  • 19-12-2018, 00:00
  • +A -A

    لە میانەی پێشوازی کردنی وەفدێکی پارێزگای دیالە، سەرۆک کۆمار بایەخی پتەوکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی و پاراستنی پەیوەندی ھاوبەشی برایانەی پێکھاتەکانی دووپات کردەوە.

    سەرۆک کۆمار ئەمڕۆ چوار شەممە ١٩|١٢|٢٠١٨ لە کۆشکی سەلام لە بەغداد پێشوازیکرد لە نوێنەرانی پارێزگاکە کە پێکهاتبوون لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و پارێزگار و سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی دیالە، بەڕێزیان لە دەستپێکی قسەکانی دا گوتی ، دیالە بەو پێیەی ڕەنگدانەوەی سیمایەکی جوانی فرە پێکھاتەی دانیشتوانەکەی نیشان دەدات تایبەتمەندی خۆی ھەیە و دەتوانین بڵێین عێراقێکی بچوک کراوەیە و پێکھاتە و نەژادە جیاجیاکانی لەخۆ دەگرێت ، ھەروەھا سەرۆک کۆمار ڕایگەیاند ، ئەو خەسڵەتەی دیالە ئێمەش و دانیشتوانەکەیشی دەخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتی گەورەتر ئەویش پاراستنی ڕایەڵە و پردی پەیوەندی برایانە و کۆمەڵایەتی ھاوبەشی نێوان ڕۆڵەکانیەتی .

    بەڕێزیان لە بەشێکی تری وتەکانیدا دووپاتیکردەوە ڕۆڵەکانی پارێزگاکە بەرپەرچی ھەڕەشەکانی تیرۆریان دایەوە کە مەرامیان بوو باری ئەمنی بشێوێنن و دووبەرەکی و ململانیە دروست بکەن لە نێوان پێکھاتەکانی شارەکە و کەرت و پەرتیان بکەن و دەست بوەشێنن لە یەکڕیزیی نیشتمانی و دانیشتوانەکەی لەو شـارە.

     بەڕێزیان لە وتەکانیدا ئەوەی بەبیر ھێنایەوە کە دیالە لە ڕوانگەی خەڵکەکەی و تواناکانی و مێژووەکەی و ئایندەکەیەوە پێگەیەکی مەزنی ھەیە لەو بارەیەشەوە ڕایگەیاند کە تێدەکۆشین بۆ ئەوەی بەش خوراویی و ستەمی سەر خەڵکەکەی لا ببەین و داواکارییە ڕەواکانیان جێبەجێ بکەین .

    ھاوکات دوای ئەوەی ئەندامانی وەفدەکە ئەو کێشە و گرفتە ئەمنی و ئابووری و خزمەتگوزاریانەیان خستەروو کە دانیشتوانی شارەکە بەدەستییەوە دەناڵێنن، بەڕێز سەرۆک کۆمار داوای کرد کاری ھاوبەش بکرێت و لیژنەیەکی کارا لە ئەنجومەنی پارێزگا و دانیشتوانی شارەکە پێک بێت و پێکەوە کار بکەن بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەی گونجاو بۆ لابردنی کۆسپەکانی بەردەم پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان.

     ھەروەھا بەڕێزیان دووپاتیکردەوە کە سەرۆکایەتی کۆمار پشتیوانی ھەر ڕێگە چارەیەک دەکات کە دابنرێت بۆ جێبەجێکردنی داوا ڕەواکان و بەدیھێنانی خواست و ویستی دانیشتوانی دیالە لە پێناوی ژیانێکی شایستە و سەربەرزدا.

    ئەندامانی وەفدی میوانیش سوربوون و ئیرادەی پتەوی خۆیان دووپاتکردەوە بۆ پێکەوە ژیانی پێکھاتەکان سەرباری مەرامی نەزۆکی تێرۆریستان، ھەروەھا ڕوونیان کردەووە کە دەست لەناودەستی یەک دەنێین بۆچەسپاندنی ئاشتی و پاراستنی ئارامی شارەکە.

    ئەندامانی وەفدەکە سوپاس و پێزانینی زۆری خۆیان پێشکەشکرد بە سەرۆک کۆمار کرد لەبەرامبەر ئەو پێشوازییە گەرم و بایەخدانەی و ڕێنماییە بەنرخانەی کە بۆ بەرژەوەندی پارێزگاکە پێشکەشی کرد.