گەشتێك بۆ کوردستانی عێراق

  • 13-06-2018, 00:00
  • +A -A

    تیم نێڤل رۆژنامەی نیویۆرك تایمز* وەرگێڕانی/ صباح کوردستان گەشتیاران ئەمڕۆکە لە کوردستانی عێراقدا قەڵای دێرین و کەلەپوری و جۆگەلە و روباری وا دەبینێت کە لەچیاکانەوە سەرچاوەیان گرتووە، هەروەها خەڵكی باش و شاری وا دەبینێت رووەو بونیادنان و دروستبوون هەنگاودەنێن. خاکێك دەبینێت جوانییەکی باڵای هەیە تارمایی شەڕەکان دوای کەوتوون. کڵێسای مار مەتی لەسەر شاخێکی سەختە و گەشتیار دەتوانێ لە رۆژدا بەپێ سەردانی بکات، کە رێگەیەکی دوور دەبڕێت تا بەسەر ئەو بەرزاییەی خاکی میزۆپۆتامیا دەکەوێت، لە لانکی شارستانیەتدا کلێسای مار مەتی بەیەکێك لە کۆنترین کلێساکانی کریستیانەکان دادەنرێت لە جیهاندا، هەر کەسیك بیبینێت خەیاڵی بۆ ترسی ساڵانی رابردوو دەڕوات... لە سەدەی نۆیەمدا کە لەلوتکەی گەشانەوەی دابووە ئەم کلێسایە نزیکەی حەوت هەزار راهیبی هەبووە، بەڵام ئەمڕۆ تەنها لە پێنج دانەی هەیە: قەشەیەك و مێردمندالێکی بچووك و خانەوادەکەی، ئەوان کە لە تراژیدیاکانی رێکخراوی "داعش"رزگاریان بووە، دەڵێن "ئێمە لێرەین لەسەر سنوری کوردستانی عێراق، ئەو هەرێمەی کە ئۆتۆنۆمی هەیە و رووبەرەکەی نزیکە لە رووبەری هۆڵەندا، زێدی زیاتر لە پێنج ملیۆن کوردی عیراقە ( لە کۆی زیاتر لە ٣٠ ملیۆن کورد لە جیهاندا)، ئەو گەلەی کە لەناوچە سنوورییەکانی عێراق و سوریا و تورکیا و ئێران نیشتەجێن. لەراستیدا وا دەردەکەوێت ئەم کڵێسایە تا ئێستا بەردەوامە، و تێیدا قەشە و خانەوادەیەکی کریستیان لەخۆدەگرێت، ئەو کارەی کە زیاتر لە موعجیزە دەجێت، موسڵ (دووەم گەورەترین شاری عێراق) لەم کلێسایەوە ٣٢ کیلۆمەتر دوورە بە ئاراستەی باشوری رۆژئاوا. لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ رێکخراوی "داعش" دەستی بەسەرداگرت، و ئەبوبەکر بەغدادی لە مزگەوتی گەورەی نووری خۆی وەك خەلیفەی رژێمێکی تۆقێنەر ناساند. و لە مانگی ئابی هەمان ساڵدا خەریک بوو ئاڵا رەشەکە لەسەر کلێساکە ببینین، سەرۆکی کلێساکە قەشە "یوسف ئیبراهیم" (کە براکەی بەدەستی ئەندامانی داعش کوژراوە) چەندین دۆکیومێنتی کۆن و نوسراو و پارچە شوێنەواری لەدەست تاریکیدا رزگارکردووە، کە دواترین پێکهاتەی کتێبخانە نایابەکەی کلێسا بوو، هەروەها ئێسقانێك بێ رەنگ هەبووە کە وەك باسدەکرێت هی قەشە "ماتیو" بووە، دامەزرێنەری کلێساکە لە ساڵی ٣٦٣ ز. یوسف پێیوابووە کلیساکە لەدەست دەچێت، تا ئەوکاتەی هێزە عێراقییەکان لەرێگەی بۆردومانی ئاسمانییەوە باروودۆخەکەیان لەسەر زەوی گۆڕی..و وایلێهات ئەو خەلافەتەی بانگەشەی بۆ دەکرا بەرەوە رووخان رۆیشت. گەشتیاری لە مێژوودا دوای ئازادکردن زۆربەی کەلوپەلەکان بۆ کلێساکە گەڕێندرانەوە، و بۆ یەکەمجارە "هاری شووت Schute Harry"" (ئەفسەری خانەنشینی ئەمریکی کە لە پەنجا ساڵانی تەمەنیدایە) لەو کلێسایە ئامادەبێت و سەردانی بکات لەدوای نزیکبونەوەی رێکخراوی داعش لە ساڵی ٢٠١٤، پێیوایە دەکرێ کوردستان ببێتە باشترین شوێن بۆ گەشتیارانی جیهان، ئەگەر بێتو خەڵك لە تێکەڵکردنی وێنەکەی و شوێەکانی دیکەدا بوەستێت کە لە هەواڵەکاندا گوێبیستی دەبن. لە راستیدا سەرزەمینی کوردستان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق ناچێت، ناوچەیەکی ساردە و روبار و کانیاوی هەیە لە چیاکاندا هەڵدەقووڵێن، و گەشتیاران دەتوانن لە شوێنی گەشتیاریی نوێدا بەلەم و قایەق بەکاربهێنن یان لەقووڵترین دۆڵەکانی رۆژهەلاتی ناوەڕاستدا بۆخۆیان بگەڕێن، دەتوانرێت ئاو لە بۆڕیدا بخورێتەوە، تاقە کێشەیەك بۆ ئەوانەی کە دێنە هەولێری پایتەخت ئەوەیە چۆن بتوانێ داوای لێبوردن لەهەموو ئەوانە بکات کە بۆ خواردنەوەی چا و میوانداری بانگهێشتی دەکەن. لە ماوەی ساڵی رابردوودا شەڕی داعش لەقۆناغەکانی کۆتاییدابوو، بۆمبەکانی هاوپەیمانان لە دوا پێگەکانی رێکخراوەکە لە شێ‌ری موسڵ دەتەقینەوە، دووکەڵێکی زۆر بەسەر شارەکەدا بەرزببووەوە وەك رووەکی قارچك بەسەر ئاسمانەوە دیاربوو، هەموو شوێنێکی ئەو شارە دەلەرزییەوە، بەڵام لە حەوشەی کلێساکە و داروبارەکەیدا لەو خۆرەتاوە بەهارییە دڵگیرەدا، بێجگە لە دەنگی باڵندەکان لەسەر گردەکان هیچ دەنگێکی دیکە نەدەبیسترا، هەروەها بێجگە لە گەڵای گووڵەکان هیچی دیکە پەرشوبڵاو نەدەبوون. هاری شووت لە بنچینەدا لە ئەکادیمیان وێست بۆینتی سەربازیدا مێژووی خوێندووە، و یەکیك بووە لە ئەندامانی هێزە حکمییەکان لە نیوجێرسی، دوای ئەوەی لە نیسانی ساڵی ٢٠٠٣دا بانگهێستکرا بڕواتە عێراق بۆئەوەی ببێت بە فەرماندی کەتیبەی کاروباری مەدەنی لە سوپای یەدەگی ئەمریکادا. و لەمبارەیەوە دەلێت "ئەو هێزە بەرپرسیار بوو لە ئاسانکاریکردن بۆ ئەرکەکانی سوپا، تاکو بتوانێ ئەرکە سەربازییەکەیان جێبەجێ بکەن"، و دواتر زوو ناوبانگی دەرکرد و بوو بە یەکیك لە گەورە ئەفسەرانی ئەمریکا لە کوردستاندا، و تا ئێستایش کوردەکان لەرێگادا رایدەگرن و دویانوەێ بیناسن و وێنەی لەگەڵ دەگرن، کاتێك کە ماوەی خزمەتکردنەکەی لە کۆتایی نزیکبووەتەوە، شووت هەستی بە نیگەرانی کردووە "هەستمدەکرد وەك ئەوەی لەناوەمدا بۆشاییەك دروست دەبێت، و هەستمکرد من لەنیو جەرگەی بەشداریکردنێکدام بۆ بەدیهێنانی پڕۆژەیەكی گرنگ، بۆیە ویستم بەردەوام بم و حەزمکرد بمێنمەوە". لەسەر ئەم بنەمایە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر (٣٦٢ کم باکوری بەغدا) داوی لێکردووە بمێنێەوە، سەبارەت بە کەسێك کە مێژووی خوێندبێت کوردستان خەونە، ئەو گوێی لە زرینگەزرینگی شمشێرەکانی شەڕە کۆنەکانە و قەڵای لەبیرکراو و مەزارگەی ئاڵۆز سەرسامی دەکەن. شووت زمانی کوردی فێربووە و لە ساڵی ٢٠٠٣ دا هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێکی کورد کردووە، لەمیانی کۆڕێکدا دەربارەی وەبەرهێنان لە کوردستاندا چاویکەوتووە بەدۆگڵاس لایتۆن Douglas Layton کە هاوڵاتییەکی ئەمریکییە و ساڵی ١٩٩٢دا هاتۆتە کوردستان، کڵاوێکی قوماش لەسەر دەنێت و چاویلکەیەکی بازنەیی لە چاو دەکات ئەو دووشتە وێنەی جاسوسی چیرۆکەکانی پیدەبەخسێت، و ئەویش چەند جارێك هەڕەشەی لێکراوە و لەسەردەمی سەدامدا لەو هەڕەشانە رزگاریبووە. دوو کەسی ئەمریکی و رێنیشاندەرێکی ناوخۆیی دو پیاو کە هەردووکیان لە دامەزراوەی میریدیانی تایبەتی تەندروستی the Meridian Health Foundation کاردەکەن- درکیان بە سەروەتی رۆشنبیری کوردستان و گەلی دۆستخوازی کورد کردووە، هەوڵەکانیان یەکخست و دواتر "کۆمپانیای گەشتیاری کوردستانیان دامەزراند، کە تاکە دامەزراوەی ناوخۆییە لە کوردستاندا. ئەو بیرۆکە لە کاتی خۆیدا بەبێ بەها وەسفدەکرا، وەك لایتۆن دەڵێت" هەمووان دەیانوت کەس نایەت بۆ عێراق، بەڵام من وتم خەڵك دێتە عێراقێکی دیکەک باوەڕم بەکارەکە هەبوو، ئێستایش باوەڕم وایە گەشتیاری ئایندەیە" هەردووکیان مەشقیان بە کەسێك کرد بەناوی بەڵێن زرار و بەباشی ئامادەیان کرد و بوو بە رێنیشاندەری لۆکاڵیان، ئەو کەسێکی کورد و خاوەن کەسایەتییەکی نایابە و بەردەوام جگەرە دەکێشێت، بەڵێن کاتی خۆی کە لە سەرکێشییەکی ئەفسانەییدا رووی لەهەندەران کردووە و ماوەیەكی لە بەندیخانەیەکی ئیران بەسەربردووە و چەند رۆژێك لەژێرەوەی بارهەڵگرێکدا خۆی حەشارداوە تا گەیشتووەتە شوێنی مەبەست، لەلەندەن بۆ ماوەی حەوت ساڵ چێشتخانەیەکی ئیتاڵی بەڕێوەبردووە، پاشان لە ساڵی ٢٠٠٤ گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان و دەستیکردووە بە کاری کڕێن و فرۆشتنی خانوبەرە، لەکاتی چاوپێکەوتنی لەگەل لایتۆن بۆ دامەزران ئاۆ مێژووی خۆشدەوێت، لەوەڵامدا وتوویەتی من رقم لە مێژووە".. ئەو راشکاوییەی ئەو بووەتە هۆی وەرگیرانی لە کارەکەی، و کەسیش لەو باوەڕەدا نەبووە کە رۆژیك دێت لەو کارەیدا سەرقاڵ دەبیت.. بەڵام لەساڵی ٢٠٠٨ەوە دۆخەکە گۆڕاوە، و کۆمپانیاکە گرێبەستێکی لە کۆمپانیای "دیستانت هۆرایزنس " Distant Horizons" بەدەستهێناوە کە بارەگاکەی لە کالیفۆڕنیایە، لەوێوە گەشتە کەلتورییەکان و هی دیکە بۆ کوردستان دەستیانپێکرد، دواتر قەرەباڵغی زۆربووە و لەماوەی ساڵی ٢٠١١دا "نیویۆرك تایمز" هەرێمی کوردستانی خستۆتە ناو لیستی پێشەوەی گەشتیاری، و بەهەمان شێوە "ناشنال جیۆگرافیك". تەلەفزیۆنی بەریتانی پرۆگرامێکی تایبەت بە ئۆتۆمبێڵی لە کوردستان تۆمارکرد. لەساڵی ٢٠١٢دا رێژەی گەشتیاران بەنزیکەی لەسەدا ٣٠ زیادیکرد. چەندین کۆمپانیای دیکەی گەشتیاری دامەزران کە لاسایی یەکتریان دەکردەوە، و کۆمپانیای هۆتێلەکان کۆمەڵگای دەگمەن و گرانبەهایان دامەزراند.. دواتر رێکخراوی داعش دەرکەوت.. چەکدارەکان بەئاراستەی دیجلە هاتن و گەیشتنە گوندەکانی کوردستان، و لە دەروازەکانی هەولێر نزیکبوونەوە تا گەیشتووەتە ئەوەی شووت هەستی بەنیگەرانی کردووە، کۆمپانیاکانی گەشتیاری دەرگاکانیان داخستووە، و نزیکەی حەفتا هۆتێلیش بەهەمان شێوە و گەشتە ئاسمانییەکان وەستاون، لایتۆن دەڵێت "ئێمە دواهەمین کەس بووین لە ناوجەکەدا مابووین". بەڵام هەندێك(لەماوەی ئەو ساڵە نەگریسانەدا) مانەوە و لەپشتی پەردەوە کاریان دەکرد، و لەگەڵ یاسادانەراندا قسەیان کرد و گایدێکی جوانی گەشتیاریان لەسەر هەرێم چاپ کرد و زانیان کە گەشتیاران راستەوخۆ لەدوای نەمانی داعشدا دەگەڕێنەوە. لەژێر گردەکاندا لەو گەشتانەی کە کۆمپانیاکە رێکیان دەخات سەردانی چەندین شوێن دەکرێت، کە لە هەولێر کۆتایی پێدێت، لەم گەشتەدا نووسەری ئەم بەدواداچوونە و (پێنج کەسی ئەمریکی و کەنەدی) لەخۆگرتبووە، تێیدا سەردانی هەردوو شاری دهۆك و سلێمانی کرا، هەروەها بەسەر چیای زاگرۆسدا سەرکەوتین و لە دەریاچەی دوکان سواری بەلەم بووین و سەردانی چەندین شوێنی دیکەمان کرد. هاری شوت گەورە راوێژکاری ئەمنی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە، و لەگەڵ پێشمەرگەدا مامەڵە دەکات، ئەو هێزەی کە لەگەمارۆدانی چەکدارانی داعش لەناو شاری موسڵی کۆندا هاوکاری هێزە چەکدارەکانی عێراق بووە، هەماهەنگی ئەم هەوڵەش لە بارەگایەکی تایبەتی پێشمەرگە لە دەرەوەی شاری هەولێر بەڕێوەدەچوو، سەردانی نووسەری ئەم بابەتە (بەهەماهەنگی لەگەڵ شوت) بوو، ئەوەی جێی سەرنج بوو ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێڵە سەربازییە پەککەوتووەکانی داعش کەوتبوون، زۆربەیان ئۆتۆمبێڵی سۆڤیەتی جاران بوون، رێکخراوی داعش چوارچێوەی ئاسنینی بۆ دروستکردبوون لەگەڵ دانانی تۆڕی ئاسنین بۆ ئەوەی تەقینەوە و موشەکەکان کاریان تێنەکات، هەندێك لە ئامێرەکانی هەڵکەندن تابلۆی کانزایی قوورسیان بۆ دانرابوو بۆ هەڵکوتانە سەر خاڵەکانی پشکنین. گەشتەکەمان بەسەردانکردنی قەڵای مێژووی هەولێر (کە دەگەڕێتەوە بۆ ٦٠٠٠ ساڵ پ ز) بەردەوام بوو، هەروەها بۆ بازاڕە کۆنەکەی، پاشان بەرەو کەنارەکانی زێی گەورە و هێڵی سەوز، ئەو هێڵەی کە لە شەڕی ساڵی ١٩٩١ قەدەغەکرا فڕۆکە بەسەریدا بفڕێت. لە هەرێمی کوردستاندا گردی زۆر هەن و لەماوەی هەزاران ساڵدا خانوو لەسەر خانووی دیکە دروستکراون، تا لەسەریاندا چیمەن سەوزبووە. هاشم حەمەد عەبدووڵلا بەڕێوبەری مۆزەخانەی سلێمانی دەڵێت "هەڵکەندن لەبەشێکی کەمی شوێنەوارەکاندا کراوە، لەئێستادا جیاوازییەکی شوێنەواریی دەرکەوتووە، لەلایەکی دیکە کوردستان بودجەیەکی راستەقینەی نییە بۆ دروستکردنی پڕۆژەی گەشتیاری، ئەمەش واتا تابلۆی روونکردنەوە و رێنمایی لە زۆربەی شوێنەکاندا نەبوو. هەروەك شووت بۆی روونکردینەوە لەیەکێك لە کانەکانی نێوان دهۆك و موسڵدا شەڕی "گۆگمیلا" لە ساڵی ٣٣١ ی پ ز روویداوە. لەنێوان ئەسکەندەری مەکدۆنی و شا داریوشی سێیەمی فارسی، کە لە مێژوودا بەیەکێك لە گرنگترین سەرکەوتنە سەربازییەکان دادەنرێت، دوای شکستهێنانی داریوش (لەگەڵ ئەوەی ژمارەی هێزەکەی زۆرتربوو) رێگا لەبەردەم ئیمپراتۆر ئەسکەندەردا کرایەوە لە یۆنانەوە تا پاکستان، لە رێگا بەرەو دهۆکدا (ئەو شارە سەقامگیرەی کە دەکەوێتە نێوان هەردوو شاخی شندۆخا و گرێ سپی) گەشتیار بەپاشماوەی پەیکەرە ئاشوورییەکاندا تێدەپەڕێت. هاوکات چەندین گوندی ئێزیدی نشین هەن و مەزارگە سەرەکییەکەیان لە گوندی "لالش"ە (نزیکەی ٦٠ کم باشوری خۆرهەڵاتی دهۆك)، گەشتەکەمان بەرەو ئامێدی بەردەوام بوو، پاشان بەرەوە تاڤگەی گەلی عەلی بەگ و لەوێشەوە بەرەو شاری هەڵەبجە. دەرچوون لە بۆچوونی باو گەشتیار لەهەموو شوێنێکدا هەست بە نائارامی ناکات، بەڵام زراری رێنیشاندەر دەڵێت "نازانین لەداهاتوودا چی روودەدات و کارێکی حەکیمانەش نییە گەشبین بین، هەرچەندە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەو هەستە هەیە کە شتێك بەقووڵی روودەدات، تائێستایش سەرکیشییەکانی گەشتیاری پێگەیەکی گرنگیان هەیە، پێشبڕکێیەی بەدەوری ئەردەندا هەیە، و فەڵەستینی و میسرییەکان فیری سەرکەوتن بەسەر تاوێرەکان دەبن، و لە عومانیش ماراسۆن هەیە. دێڤید لاندیزی ئەمریکی David Landis کە هاوکاربووە لە دامەزراندنی "ئاراستەی ئیبراهیمی Abraham Path دەڵێت (ئەو ئاراستە رۆشنبیرییەی کە لەسەر رێبازی پێغەمبەر ئیبراهیم سەلامی خوای لێبێت دەڕوات لە نێوان میسر و ئێراندا، کە بەپێگە مێژووییەکاندا تێدەپەڕێت، لەساڵی ٢٠٠٧ ەوە دامەزراوەی قازانج نەخوازی "دەستپێشخەری ئاراستەی ئیبراهیم" لە کامبریجی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا دەستی پێکرد) "خەڵكە ئەمە بە دەرچوون لە بۆچوونی باو دادەنێت، و هەنگاو بەرەوپێشەوە دەنێت وەك جۆرێك لە تواناسازی". رێکان رەسوڵ (٢٥ ساڵ) یانەیەکی کردووتەوە بۆ سواربوونی بەلەم و چوونە سەر شاخ و رۆیشتن لەسەر چیاکانی هەرێمی کوردستان، کاتێك لە ساڵی ٢٠١٠ ەوە دەستیپێکرد گروپەکەی "ئێسقانت بجوڵێنە" ژمارەیەك بەشداربووی لەخۆوەگرت، بەڵام ئەمڕۆکە زیاتر لە شەش هەزار ئەندامی هەیە، رێکان هیوادارە دەستپێشخەرییەکانی رۆیشتن تەواوی کوردستان و شاخەکانی بگرێتەوە، و تێیدا ژمارەیەکی زۆری ژنان لەچاڵاکییەکاندا بەشداربن، ئەو پێیوایە(هەروەك شووت و لایتونیش وایدەبینن) ئەگەر بڵاوکراوە هەواڵییەکان نەبوونایە شتەکانی کوردستان جوانتر دەردەکەوتن و "ئەگەر شەڕ نەبووایە، کوردستان دەبوو بە باشترین شوێن". *ئەو بابەتە لە رۆژنامەی نیویۆرکێ ئەمریکیدا بڵاوکراوەتەوە و دواتر لەلایەن مەی ئیسماعیلەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی عەرەبی و لە رۆژنامەی "صباح" بڵاوکراوەتەوە.