قوباد تاڵەبانی و ژەنەراڵ جۆوڵ ڤاوڵ پەیوەندی نێوان هێزەكانی هاوپەیمانان و هێزەكانی پێشمەرگە تاوتوێ دەكەن

سیاسی
  • 12-06-2024, 21:05
  • +A -A

    هەولێر - INA
    قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و ژەنەراڵ جۆوڵ ڤاوڵ فەرماندەی گشتی هێزەكانی هاوپەیمان لە عێراق و سوریا، دۆخی ئەمنی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندیی نێوان هێزەكانی هاوپەیمانان و هێزەكانی پێشمەرگەیان تاوتوێكرد.
    نوسینگەی راگەیاندنی قوباد تاڵەبانی لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم پێشوازیكرد لە ژەنەراڵ جۆوڵ ڤاوڵ، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمان لە عێراق و سوریا و وەفدی یاوەری و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا دۆخی ئەمنی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندیی نێوان هێزەكانی هاوپەیمانان و هێزەكانی پێشمەرگە تاوتوێ كران.
    ئاشكراشیكرد: لە كۆبوونەوەكەدا كە ئەمڕۆ چوارشەمە، لە شاری هەولێر بەئامادەبوونی وەزیری پێشمەرگەو ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم سوپاسی هاوپەیمانانی كرد كە بەردەوامن لە هاوكاریكردنی هێزەكانی پێشمەرگە، بە تایبەتیش لەڕووی راهێنان و پەرەپێدان بە توانا سەربازییەكان.
    لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا قسە لەسەر مەترسییەكانی تیرۆر كرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بەوەی كە هێشتا تیرۆر مەترسییەكی گەورەیە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق و هەرێمی كوردستان، رایگەیاند: پێویستە هەماهەنگییەكان لەنێوان لایەنە ئەمنییەكان بەردەوام بن چونكە هێشتا تیرور مەترسییەیەكە كە نابێ بێئاگا بین لێی.
    لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە ریفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگەدا كراو هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی بەردەوامبوون لەسەر چاكسازییەكان بەو شێوەیەی كە پلانی بۆ دانراوە.