ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رێكارەكانی هەناردەكردنەوەی نەوت و ئامادەكارییەكانی سەرژمێری گشتی تاوتوێ دەكات

سیاسی
  • 12-06-2024, 20:16
  • +A -A

    هەولێر - INA
    ئــەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتی سەرۆك وەزیرانی هەرێم مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
    نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەدا، ئەنجامی سەردانی ئەم دواییەی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان و نوێنەری كۆمپانیا نەوتییەكان بۆ بەغدا و كۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لە سەر دۆسیەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەلایەن ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم خرایەڕوو.
    سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، باسی لە ڕێكارەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و وردەكاریی گفتوگۆی ئەم دواییەی نێوان هەردوو حكومەت و كۆمپانیا نەوتییەكانی كرد و ئاماژەی دا كە لە كۆبوونەوەكاندا، شاندی حكومەتی هەرێم جەختیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە پێویستە هەرچی زووە ڕێكار و میكانیزمی چارەسەركردنی هەموو ئاستەنگ و بەربەستەكانی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دابنرێت تا لە نزیكترین دەرفەتدا، لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆ دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم بكرێت و داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمیش بخرێتەوە ناو داهاتی گەنجینەی گشتی عێراق بۆ خزمەتی خەرجییەكان، تاكو چیتر زیان بە گەنجینەی گشتیی عێراق و هەرێمیش نەگات، كە ئەمە خواستی هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدڕاڵ و كۆمپانیا نەوتیەكانیشە، هەروەها ئاماژەشی بەوەدا لە كۆبوونەوەكانی بەغدا، ئامادەیی حكومەتی هەرێممان دەربڕی بۆ هەر كارئاسانییەك لەم پێناوەدا بە ڕەچاوكردنی بنەما و دەسەڵاتە دەستووریەكان و بەرژەوەندی گشتی هاوبەش، كۆبونەوەكانیش لەم چوارچێوەیەدا بەردەوام دەبن.
    هاوكات ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ستایشی هەوڵەكانی تیمی دانوستانكاری كرد و جەختیشیكردەوە: كە حكومەتی هەرێم نابێتە بەربەست لە بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و خوازیاری ئەوەیە لە زووترین كاتدا بگەن بە ڕێككەوتنی كۆتایی .
    بڕگەی دووەمی كۆبوونەوە، گفتوگۆكردن بوو لە سەر بڕیارێكی حكومەتی فیدراڵ تایبەت بە دانانی دوو گۆڕەپانی گومرگی لە هەردوو پارێزگای موسڵ و دیالە كە كاریگەریی لە سەر ڕێڕەوی جووڵەی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان كردووە.
    هەروەك ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم، ڕاپۆرتێكی لەبارەی كاریگەری و دەرهاویشتە نەرێنییەكانی ئەم بڕیارە لە سەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی خستەڕوو.
    ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵ لە پەیوەندی بەردەوامدا بن بۆ گفتوگۆ بە ئاراستەی چارەسەركردنی بابەتەكە بەشێوەیەك كە لە بەرژەوەندی گشتی و ئاسانكاریكردن بۆ برەودان بە جووڵەی بازرگانی لە عێراق و هەرێمی كوردستان بێت بە ڕەچاوكردنی دەستوور و یاسا بەركارەكان و نەهێشتنی ڕووتین و بەربەستەكان.
    پاشان لە بڕگەی سێیەمدا، دارا ڕەشید وەزیری پلاندانانی هەرێم، ڕاپۆرتێكی بەرفراوان و پڕ لە زانیاری لە بارەی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان و ئاڤاهییا لە عێراق و هەرێمی كوردستان پێشكەش كرد كە بڕیارە لە مانگی یازدەی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.
    وەزیری پلاندانان، تیشكی خستە سەر ڕێكار و ئامادەكاریی و هەنگاوەكانی وەزارەتەكەی بۆ بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتیی بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی زانستییانە و لە پێناو گەشەپێدانی هەمەلایەنە بێت و دوور بێت لە دەستوەردان و هەر ئامانجێكی سیاسی بە تایبەتی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
    ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان وێڕای دەستخۆشی لە هەوڵەكانی وەزارەتی پلاندانانی هەرێم و هەماهەنگی بەردەوامیان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ و بایەخی سەرژمێریی بۆ مەبەستەكانی بوژاندنەوە و ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان، جەختیكردەوە: لەسەر ئەوەی پێویستە ئەم سەرژمێریە لەسەر بنەمای ڕەچاوكردنی دادپەروەریی و یەكسانی بێت و دوور بێت لە هەر مەبەستێكی سیاسی و نەتەوەیی و پێشێلكاریی لە بنەما دەستووریەكان و ماددەی 140 ی دەستوور، كە پێویستە تەنیا دەستوور چارەنووسی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان یەكلایی بكاتەوە.
    لە كۆتاییدا ، ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی هەرێم ئامادەسازییەكانی وەزارەتی پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەكانی بۆ تاقیكردنەوە گشتییەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی بە هەموو بەشەكانییەوە ، لە سەرتاسەری هەرێم خستەڕوو.
    ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد هاوكاری وەزارەتی پەروەردە بن بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە.