وەزیری كارەبا واژۆكردنی یاداشتێكی لێكتێگەیشتن لەگەڵ كۆمپانیایGE  بۆ بەرزكردنەوەی كارایی 18 وێستگە ڕادەگەیەنێت

ئابوری
  • 18-04-2024, 18:51
  • +A -A

    بەغداد - INA
    ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزیری كارەبا زیاد عەلی فازڵ، واژۆكردنی یاداشتێكی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ كۆمپانیای GE ڕاگەیاند بۆ بەرزكردنەوەی كارایی 18 وێستگە، و هەروەك ئاماژەی بە زیادكردنی 3 هەزار مێگاوات بۆ سیستەمەكە كرد.
    فازڵ لە پۆستێكیدا لە پلاتفۆرمی ئێكس، كە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بەدواداچوونی بۆ كردووە، رایگەیاند: لە سەردانی شاندی عێراقی بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران بۆ ئەمریكا بەرهەمێكی زۆر بەدەست هات، دیارترینیان واژۆكردنی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن بوو لەگەڵ كۆمپانیای (GE)، ئەمەش لە درێژەی ئەو گفتوگۆیانە بوو كە پێشتر ئەنجامدرا لە نێوان وەزارەتی كارەبا و كۆمپانیای ئەمریكیەكە بۆ پاراستن و مۆدێرنكردنی كەرتی كارەبا لە عێراق بۆ ماوەی 5 ساڵ، هەروەها بەرزكردنەوەی كارایی 70 تۆرباین و مۆلیدە لە 18 وێستگەی پارێزگا جیاوازەكانی عێراق لەخۆدەگرێت، بە توانای كۆی گشتی 7500 مێگاوات ، و دابینكردنی 3000 مێگاوات نوێ بۆ تۆڕی نیشتمانی.
    ئاماژەی بەوەشدا: ئەم بەرهەمانە بەبێ پشتیوانی سەرۆك وەزیران بۆ كەرتی وزە و كردنی بە ئەولەویەتی سەرەكی و لە پێشەنگی ئامانجەكانی سەردانەكەدا، بەدەست نەدەهات.
    وتیشی: وەزارەتەكەمان كاردەكات بۆ دەستەبەركردنی سەرچاوە جۆراوجۆرەكانی وزە لەڕێگەی ئەنجامدانی گرێبەستی پەیوەندیی كارەبایی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و كەنداو و گرێبەستی دیكە لە بواری وزەی خۆر و با، ئەمە جگە لە پلانەكانمان لەگەڵ وەزارەتی نەوت بۆ وەبەرهێنان لە ناوخۆدا و دابینكردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەكانی كارەبا.