پارێزگاری هەولێر: لێکۆڵینەوە لەبارەی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی لەنگە دەستیپێکردووە

ناوخۆ
  • 8-04-2024, 11:22
  • +A -A

    هه‌ولێرـ INA
    بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە، بەپێی بەرگریی شارستانیی هەولێر زیانی لە دووکانەکانی نزیکەی پێنج فەرعی بازاڕەکە داوە.
    ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن راگه‌یاند" لێکۆڵینەوەکان لەبارەی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی لەنگە دەستیپێکردووە، تاوەکو ئێستا بەدیاریکراوی 41 دووکان سووتاوە، گوتیشی، بابەتی بنەڕەتییەکانی ئەو ڕووداوانە ئیهمالی و سەرپێچییەکانی خەڵکە. بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ دیار نییە دەستی ئەنقەستە یان هۆکاری کارەبایە.
    له‌لای خۆیه‌وه‌ کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر وتی" ئاگرەکەی ئەمڕۆی بازاڕی لەنگە بە دوو قۆناخ کەوتووەتەوە له‌کاژێر 6:45ی بەیانی پەیوەندی بە ژووری کۆنترۆڵی ئێمەوە کراوە. تیمەکانمان هاتوون و ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە و گەڕاونەتەوە، بەڵام دوای کاژێرێک و 4 خولەک واتە لە 7:47 پەیوەندی کراوەتەوە کە لە هەمان بازاڕ ئاگرێکی گەورە هەیە و لە کۆنترۆڵ دەرچووە."
     جێگای ئاماژه‌پێكردنه‌ كه‌کەوتنەوەی ئەو ئاگرە لەکاتێکدایە، پێش 41 رۆژ ئاگرێکی دیکەی گەورە لە هەمان بازاڕ و نزیک هەمان شوێنی ئەمڕۆ کەوتەوە، کە بووە هۆی سووتانی نزیکەی 200 دووکانی بازاڕەکە.هه‌روه‌ها تائێستا هۆکاری دروستبوون و قەبارەی زیانەکانی ئاگرەکەی ئەمڕۆ نەزانراوە.