مەسرور بارزانی: لەگەڵ  سەرۆك وەزیرانی حكومەتی فیدڕاڵ لە گفتوگۆداین بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچە

سیاسی
  • 20-03-2024, 20:27
  • +A -A

    هەولێر - INA
    ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند: لەگەڵ  سەرۆك وەزیرانی حكومەتی فیدڕاڵ لە گفتوگۆداین بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچە.
    نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەكی زۆر لە باڵیۆز و كونسولی گشتی و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی كوردستان، كەڕنەڤاڵی جەژنی نەورۆز لە قەزای ئاكرێ بەڕێوەچوو.
    هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، كە سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە وتەیەكدا، وێڕای پیرۆزبایی بەبۆنەی جەژنی نەورۆز، راگەیاند: پێمان خۆش بوو كە ئەمساڵ بێینە ئێرە، تاوەكوو لە ساڵەكانی داهاتوو، ئاكرێ ببێتە ناوەندی پیرۆزكردنی نەورۆز لەسەر ئاستی كوردستان و جیهان.
    مەسرور بارزانی هەر لە وتارەكەیدا ئاماژەی بەوەشدا: ئەوە چەندین ساڵە گەنج و لاوانی ئاكرێ مەشخەڵ هەڵدەكەن و بەسەر چیا دەكەون و نەورۆز لێرە لە ئاكرێ پیرۆز دەكەن، كە لە هیچ جێیەكی دیكەی دونیادا ئەم بۆنەیە وەك ئاكرێ و بەم شێوەیە پیرۆز نەكراوە. بۆیە ئێمە پێمان خۆش بوو كە ئەمساڵ بێینە ئێرە، تاوەكوو لە ساڵەكانی داهاتوو، ئاكرێ ببێتە ناوەندی پیرۆزكردنی نەورۆز لەسەر ئاستی كوردستان و جیهان.
    پیرۆزبایی لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم، چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوەی كوردستان، پیرۆزبایی لە هەموو ئەو گەل و نەتەوانەش دەكەم كە نەورۆز پیرۆز دەكەن.
    وتیشی: جێی خۆیەتی من لەم دەرفەتەدا سەرەخۆشی لە كەسوكاری ئەو بنەماڵانە بكەم كە دوێنێ بەهۆی باران و لافاو لە دهۆك و زاخۆ گیانیان لەدەست دا، هیوادارم خوای گەورە بە بەهەشتی بەرینیان شاد بكات و سەبر و ئارامیش بە كەسوكاریان ببەخشێت. گەلێك كەسیش ماڵ و موڵكیان زەرەر و زیانی پێكەت، من حەز دەكەم پێیان بڵێم كە ئیشەڵا خوا دەرفەت بدات، ئێمە قەرەبوویان دەكەینەوە و ئەوەی پێمان بكرێت بۆ ئەوەی ئەو زەحمەتی و ئازار و ناخۆشییەی كە پێیانگەیشتووە و باری سەرشانیان سووك بكەین.
    رونیشیكردەوە: جێی خۆیەتی سوپاسی خەڵكی كوردستان بكەم كە بەڕاستی لەم ماوەیەی ڕابردوودا، گەلێك خۆڕاگر بوون بەرانبەر بە ناخۆشی ژیان، بە تایبەتیش نەبوونی مووچە و بودجە و گەلێك ناخۆشی دیكە كە هاتوونەتە پێشەوە. هەرچەندە گرفتی ئێمە بەس مووچە نییە، ئێمە داخوازی و ڕێباز و خاك و ڤیانی ئێمە گەلێك لە مووچە زیاترە، بەڵام ئەوە ژیانی خەڵكی پێوە گرێدراوە، بۆیە ئێمە هەموو هەوڵێكمان داوە تاوەكوو ئەم بابەتە چارەسەر بكرێت. هەرچەندە دەستی زۆر خراپ هەبوون بۆ تێكدانی بابەتی نەناردنی مووچەی خەڵكی كوردستان. جێی خۆیەتی من سوپاسی ئەوانە بكەم و دڵنیایی بدەم كە لەگەڵ بەڕێز سەرۆك وەزیرانی حكومەتی فیدڕاڵ لە گفتوگۆداین تاوەكوو ئەم بابەتە چارەسەر بكەین، وەكوو پێی گوتووین، ئینشائەڵلا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، چارەسەر دەكرێت و هیوادارم ئەم بابەتە چیدی نەبێتە كێشە و گرفت بۆ خەڵكی كوردستان.
    وتیشی: نەورۆز ڕۆژێكی نەتەوەییە، ئێمە لەم ڕۆژەدا جارێكی دیكە پەیمان بە خوای خۆمان و خوێنی شەهیدانی خۆمان و پێشمەرگەی خۆمان و خەڵكی كوردستان دەدەین، كە ئێمە بەرگری لە ماف و دەستكەوتەكانی خەڵكی خۆمان بكەین، لە قەوارەی كوردستان بكەین، ڕووبەڕووی ستەم و بێدادی و نادادپەروەری و گەندەڵی دەبینەوە و لەسەر ئەو پەیمانە بەردەوام دەبین.
    نەورۆز ڕۆژێكی نوێیە، دەستپێكێكی نوێیە، ساڵێكی نوێیە، بەڵام بۆ ئێمە نەورۆز ژیانێكی نوێیە و هیوادارم ئەمڕۆ ببێتە سەرەتایەك بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو ، خۆشی و دەستكەوتی زیاتری بۆ گەلی ئێمە تێدا بێتە دەست.