نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆكی بولگاریا كۆبووەوە

سیاسی
  • 2-03-2024, 13:22
  • +A -A

    هەولێر - INA
    لە دووەم ڕۆژی بەشداریكردنی لە كۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئانتالیادا، بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 2024/3/2 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ڕومێن ڕادێڤ سەركۆماری بولگاریا كۆبووەوە.
    لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لە برەودان بە پەیوەندییەكانی بولگاریا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان كرایەوە لە بوارەكانی ئابووری، بازرگانی، كولتووری، وەرزشی، گەشتیاری و كشتوكاڵیدا، هەروەها باس لە دەرفەتی هاركاریی زیاتری دوولایەنەی‌ بواری خوێندنی زانكۆیی و خوێندنی باڵا و گەشتی ڕاستەوخۆی ئاسمانیی ‌نێوان بولگاریا و عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە كرا.
    نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان بە بایەخەوە دەڕوانێتە پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی دۆست لە ئەورووپا. لەمبارەیەوە ئاماژەی بە خواستی هەرێمی كوردستان كرد بۆ فراوانكردنی بوارەكانی هاریكاریی هاوبەش لەگەڵ بولگاریا وەك وڵاتێكی دۆست و ئەندامی یەكێتیی ئەورووپا، بۆیە داوای كرد بولگاریا ئاستی نوێنەرایەتیی خۆی لە هەرێمی كوردستان بەرز بكاتەوە.