عێراق ئیدانەی كۆمەڵكوژی هێزی داگیركەری زایۆنی لە نابولسی غەززە دەكات

سیاسی
  • 29-02-2024, 21:59
  • +A -A

    بەغداد - INA
    ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی دەرەوە، ئیدانەی ئەو كۆمەڵكوژییەی كرد كە لەلایەن هێزەكانی داگیركەری زایۆنییەوە لە دووڕیانی نابولسی لە غەزە ئەنجامدرا.
    وەزارەتی دەرەوە لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئیدانەی ئەو كۆمەڵكوژییە دەكەین كە لەلایەن دەسەڵاتی داگیركەرەوە بەرامبەر ئەو هاووڵاتییانە ئەنجامدراوە كە چاوەڕێی هاتنی بارهەڵگرەكانی یارمەتی بوون لە دووڕیانی نابولسی نزیك شەقامی ڕەشید لە شاری غەززە، كە ژمارەیەكی زۆر لە شەهید و برینداری لێكەوتەوە.
    جارێكی تر داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد، كە هەموو ڕێگاكان بەكاربهێنن بۆ پاراستنی خەڵكی فەڵەستین كە لە قەیرانێكی مرۆیی گەورەدان.
    بەیاننامەكە ئاشكراشیكرد: كە پەنابردنی دەسەڵاتی داگیركەر بۆ سیاسەتی جینۆساید و پێداگری لەسەر درێژەدان بە ئۆپەراسیۆنەكانی كوشتن و ئاوارەیی ئاماژەیە بۆ پشتگوێخستنی یاسا نێودەوڵەتییەكان و میساقی نەتەوە یەكگرتووەكان كە پێویستی بە هەڵوێستێكی جددی هەیە بۆ پاراستنی گەلی فەلەستین.