نێچیرڤان بارزانی و سەرۆك كۆماری ئەرمەنستان كۆبوونەوە

سیاسی
  • 29-02-2024, 16:54
  • +A -A

    هەولێر - INA
    نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەولێر لەگەڵ ڤاهاگن خاچاتوریان سەرۆكی ئەرمەنستان كۆبووەوە.
    نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی هەرێم لە راگەیانراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردوووە، دەڵێت: لە كۆبوونەوەكەدا كە جێگرانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وەزیرانی پەیوەندیداری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، پەیوەندییەكانی ئەرمەنستان لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا تاوتوێ كران و دەربارەی دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان و ڕەوشی پێكهاتەكان، بیروڕایان گۆڕییەوە.
    ئاشكراشیكرد: هەردوولا باسیان لە دەرفەتەكانی برەودان بە پەیوەندییەكانی ئەرمەنستان لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان كرد لە بواری بازرگانی، وەبەرهێنان، كەرتی تایبەت، پزیشكی و گەشتیاریدا، لەمبارەیەوە تیشكیان خستە سەر دەرفەتی گەشتی ڕاستەوخۆی ئاسمانیی نێوان ئەرمەنستان و عێراق بە هەرێمی كوردستانەوە.
    رونشیكردەوە: كە  دوایین پێشهاتەكانی دۆخی ناوچەكە بەگشتی، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.
    سەرۆكی ئەرمەنستان دووشەممەی ڕابردوو بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق كۆبووەوە، بەیانیی ئەمڕۆش گەیشتە هەولێر و لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە پێشوازی لێكرا.