سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌گەڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا‌ کۆبووەوە

سیاسی
  • 27-02-2024, 09:22
  • +A -A

    هه‌ولێرـ INA
    دوێنێ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە واشنتن، لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوە.
    نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی ناردووه‌، راگه‌یاندووه‌" لە کۆبوونەوەیەکی دۆستانەدا، گفتوگۆ لەبارەی چەندین تەوەری جێی بایەخی هاوبەش و پەیوەندیدار بە پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرا.
    لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ، ئاماژەی بە پێگەی گرنگیی هەرێمی کوردستان کرد وەک هاوبەشێکی جێی بایەخی ئەمەریکا، جەختیشی لەوە کردەوە کە  هاوبەشیمان لەسەر بنەمای بەهای هاوبەش، بەرژەوەندیی هاوبەش و پێکەوە قوربانیدانی هاوبەش بنیاتنراوە.
    وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، خۆشحاڵی خۆی بەرامبەر سەردانی سەرۆکی حکومەت  و دیدارەکانی لە واشنتن نیشاندا و پشتیوانیی ئەمەریکاشی بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامیی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی فیدرالی لە چوارچێوەی عێراقدا نیشاندا.
    سەرۆکی حکومەت سوپاسیی پشتیوانیی بەردەوامیی ئەمەریکای لە هەرێمی کوردستان کرد و دووپاتی کردەوە کە وەک هاوبەشێکی ئەمەریکا، پێكەوە چەندین قۆناغی سەختمان تێپەڕاندوون و بە هیواین بە یەکەوە ڕووبەڕووی  ئاستەنگ و ئاڵنگارییە نوێیەکان ببینەوە.
    پاراستنی ئاسایشیی هەرێمی کوردستان ، چارەسەرکردنی کێشەکانی بودجە و داببینکردنی شایستە دارایی و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کورستان و ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی و قەوارەی دەستووری هەرێم و پاراستنی مافی پيکهاتەکانی کوردستان و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشیاکان لە دەڤەرەکە، تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە بوون.
    هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە بڕیاڕەکانی دادگای فیدراڵی و هەنگاوەکانی دژی هەرێم و سیستەمی فیدراڵی لە عێراق، مایەی نیگەرانین و پێویستە ڕێز لە قەوارەی دەستووری هەرێم و سیستەمی فیدراڵی و بنەما دیموکراتییەکان لە عێراق بگیرێت.
    هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ، بەشە بودجەی خۆی پێ بگات .