قوباد تاڵەبانی: متمانەی تەواومان بە توانا و لێهاتوویی ژنان هەیە لەناو هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا

سیاسی
  • 25-02-2024, 18:30
  • +A -A

    هەولێر - INA
    قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران سەردانی كۆلێژی سەربازی قەڵاچوالانی كرد و لەگەڵ ئەفسەران و خوێندكارانی ژنی كۆلێژەكە كۆبووەوە.
    لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی یەك شەمە ( 25ی شوباتی 2024) بەڕێوەچوو و راگری كۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان ئامادەی بوو، جێگری سەرۆك وەزیران، رۆڵی سەرۆك مام جەلالی لە كردنەوەی كۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان بەرز نرخاند و وەبیری هێنایەوە كە سەرۆك مام جەلال گرنگی تایبەتی دەدا بە بەشداریكردنی ژنان لە خولەكانی پێگەیاندنی ئەفسەرانی ژن لەناو هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكاندا.

    جێگری سەرۆك وەزیران ستایشی مامۆستایان و ئەفسەرانی كۆلێژی سەربازی قەڵاچوالانی كرد و ئاماژەی بەوەدا كە؛ ژمارەیەكی زۆر ئەفسەری دەرچووی ئەم كۆلێژە لە كوردستان و عێراق لەپێگەی گرنگن و خزمەت دەكەن.
    قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا پێشتر عەقڵییەتێك هەبوو كە كۆسپ بوو لە بەردەم بەشداریكردنی ژنان لەم جۆرە خولانەدا، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە ئێستا ئەو عەقڵییەتە بەرەو كاڵبوون رۆیشتووە و دەبێت بە تەواوەتی نەهێڵرێت. دڵخۆشی خۆی دەربڕی بەوەی كە ساڵ لە دوای ساڵ رێژەی بەشداریكردنی ژنان لە خولەكانی كۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان بەرزتر دەبێتەوە و ئامادە دەبن بۆ ئەوەی شان بە شانی پیاوان بەرگری لە خاكی كوردستان و هاوڵاتییان بكەن.
    وتیشی: متمانەی تەواومان بە توانای ژنان هەیە لە ناو هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی دیكەدا و داواشیكرد ژنان زیاتر خۆیان ماندوو بكەن لە پەرەپێدانی توانا و شارەزایی خۆیان لەناو هێزە ئەمنییەكاندا.
     لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا ئاماژەی بەوەدا ئێمە هێزێكمان دەوێت كە بە شێوەیەكی پیشەیی بەرگری لە خاك و هاوڵاتییانی كوردستان بكات، هێزمان بۆ ئەوە ناوێت كە غەدر لە هیچ كەس و لایەنێك بكات.
    قوباد تاڵەبانی لە كۆتایی وتەكانیدا رۆڵی ژنانی لە قۆناغە جیاوازەكاندا بەرز نرخاند لە بەرگریكردن لە خاكی كوردستان و پاراستنی سەقامگیری وڵاتدا و رایگەیاند، ژنانی كورد بەوە ناسراون كە هەمیشە شانبەشانی پیاوان بەشداربوون لە بەرگریكردن لە خاك و نیشتمان، هەربۆیە پێویستە لەمەودوا زیاتر كاربكرێت بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بەشداری ژنان لەناو هێزە ئەمنییەكاندا.