فوئاد مەعسوم: خوازیارین شارەزایی ژاپۆن بەشداری بەرفراوانی لە عێراقیدا هەبێت

  • 8-05-2018, 00:00
  • +A -A

    بەغداد – ا ه ع د.فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عیراق لە كۆشكی سەلام لە بەغدا، پێشوازیكرد لە فۆمیۆ ئیوای باڵیۆزی ژاپۆن لە عیراق و تاوتوێی گەشەپێدانی پەیوەندییە ئابوری، سیاسی و كلتورییەكانی نێوان هەردوو وڵات لە دوای قۆناغی هەڵبژارنەكانی داهاتووی عیراق. فوئاد مەعسوم پەیوەندی مێژوویی نێوان عیراق و ژاپۆن و هاریكاری دوولای بەرز نرخاند، ستایشی پشتیوانی ژاپۆنی بۆ عیراق كرد لە هەموو ئاستەكاندا. هاوكات پێویستی بەشداریكردنی ژاپۆنی لە پلانەكانی ئاوەدانكردنەوەی عیراق دووپاتكردەوە بەتایبەتی لە قۆناغی داهاتوودا، پەرۆشی عیراقیشی خستەڕوو لەبارەی سوود وەرگرتن لە شارەزایی ژاپۆن لەهەموو بوارەكانی گەشەپێدان و پەرەپێدانی ئابوری عیراق بەتایبەتی لەبواری پیشەسازی و كشتوكاڵ و خوێندندا. لای خۆیەوە باڵیۆزی ژاپۆن پشتیوانی وڵاتەكەی نوێكردەوە بۆ سەقامگیری عیراق، لەگەڵ دووپاتكردنەوەی پابەندبوون بە پشتگیری لە عیراق و پەرۆشی حكومەتەكەشی دووپاتكردەوە بۆ سەرخستنی ئەزموونە دیموكراسییەكەی بەوجۆرەی خواست و ویستی عیراقییەكان بەدیدەهێنێت.