قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق کۆبووەوە

سیاسی
  • 13-06-2023, 19:50
  • +A -A

    هەولێر/ INA 
    ئەمڕۆ سێشەممە جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی. لەگەڵ باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق کۆبووەوە

    نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیانامەیێک دا کە کۆپیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە تێیدا هاتووە،قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازی کرد لە پێدرۆ مارتینێز باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئیسپانیا لە بوارەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزاردا تاوتوێ کران.
    لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی 13ی حوزەیرانی 2023 بەڕێوەچوو و تیایدا هەردوو پەرلەمانتار دیلان غەفور و غەریب ئەحمەد ئامادەی بوون، گفتوگۆ کرا لەبارەی پڕۆژەیەک کە تایبەت بوو بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و ئیسپانیا لە بوارەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە لە هەردوو کەرتەکەدا لە کوردستان. پێشتر هەردوو پەرلەمانتار لەمبارەیەوە لەگەڵ باڵیۆزخانەی ئیسپانیا و وەزارەتی کشتوکاڵ و دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم کاریان لەسەر چۆنییەتی جێبەجێ کردنی پڕۆژەکە کردوە. 
    لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆک وەزیران پشتگیری خۆی بۆ پڕۆژەکە دەربڕی و رایگەیاند حکومەتی هەرێم ئامادەیە هەموو جۆرە کارئاسانییەک بکات بۆ کۆمپانیاکانی ئیسپانیا کە دەیانەوێت لە هەردوو بواری کشتوکاڵ و گەشتوگوزاردا لە کوردستان وەبەرهێنان بکەن. 
    هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا ئیسپانیا راوێژکاری تایبەت بە بواری گەشتوگوزار بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دابین بکات تا لە نزیکەوە هاوکاری حکومەتی هەرێم بکەن بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار بە تایبەتیش کە لە ئێستادا چەندین پڕۆژەی گەشتیاری لە قۆناغی لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندندان و بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا بکەونە بواری جێبەجێ کردنەوە.